وەزیری پەروەردەی هەرێم رای گەیاند، لە سەرەتای كابینەی نۆیەمدا كە دەستمان پێ كرد، 139 قوتابخانە سێ دەوامی هەبوو، ئێستە تەنیا 11 قوتابخانە لە هەموو كوردستاندا سێ دەوامییە.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەم 30 ئەیلوول رای گەیاند، 69.8%ی قوتابخانەكانی هەرێم یەك دەوامین، ئەوەی تر كە دەمێنێتەوە دوو دەوامین.

گوتیشی لە كابینەی نۆدا 230 قوتابخانە دروست كراون، لەم چوار ساڵەدا شوێن بۆ 110 هەزار قوتابی دابین كراوە، دوو هەزار قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە و 127 قوتابخانەش كراونەتە وزەی خۆر.

ئالان حەمەسەعید باسی لەوەش كرد، هێشتا كەموكوڕی ماوە و پێداویستی زۆرمان هەیە، بۆ ئەوەش دووجار چوومەتە لای سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە بڕیارە حەوت هەزار قوتابخانە لە عێراق درووست بكرێت، دەبوو لەو رێژەیە 140 قوتابخانە دروست بكرایە، بەڵام تائێستە یەك قوتابخانەشیان دروست نەكردووە.

ئەوەشی گوت، 192 هەزار قوتابیی عەرەب لە كوردستان دەخوێنن و 140 باڵەخانەی قوتابخانەكانی كوردستان بەكار دێنن، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی فیدراڵ هیچ هاوكارییەكی هەرێمی لە بواری پەروەردە نەكردووە، تەنانەت لەو رێژەیەی بڕیار بوو بۆ هەرێم قوتابخانە دروست بكرێت، سوودانی نووسراوێكی كردووە، بەڵام تا ئێستە لە نووسینگەكەی دەرنەچووە و بەهەندیان وەرنەگرتووە.