وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە سیستمی “زانکۆلاین” بۆ دەرچووانی پۆلی 12 کارا دەکرێت و ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمساڵ نزیکەی 58 هەزار دەرچوو دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە و 400 کورسی خوێندنیشیان لە زانکۆکانی عێراق بۆ دابینکراوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستی پێ کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتەکە، لە ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆوە، وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ کارا دەبێت، واتە تاوەکو ڕۆژی 30ـی ئەیلوول.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، ئەمساڵ 57 هەزار و 980 دەرچووی بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتن پێشکەش بکەن. دەرچووان دەتوانن داواکاری بۆ 680 بەشی جیاواز لە 16 زانکۆی حکوومی لە ڕێگەی سیستمەکانی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران)ـەوە پێشکەش بکەن.