
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی لە کوردستان، لە رێگەی هێڵی بۆڕی عێراق و تورکیا.
کۆمپانیا نەرویجییەکە لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە بە پەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەڵام بەمەرجی دڵنیایی پێدانی قەرزەکانی رابردوو بە کۆمپانیاکان و پرۆسەی هەناردەکردن لە داهاتوودا، بە پشتبەستن بە رێکارە یاسایی، ئابووری و بازرگانییەکان و هەروەها ئەو گرێبەستانەی کۆمپانیاکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی.
بێژەن موسەوەر رەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە دەڵێن، “پێگەی DNO جیاوازە لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا. گرنگ ئەوەیە، وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر، قەرزەکانی ئێمە کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، زۆر گەورەترە لە قەرزەکانی زۆربەی کۆمپانیاکانی دیکە.”
هەروەها ئەو بەرپرسەی دی ئێن ئۆ گوتیشی “ئەمە بەو مانایەیە کە مەترسیی وەرگرتنی پارەی داهاتوو بۆ ئێمە زۆر زیاترە لە هەر کۆمپانیایەکی دیکە.”
دی ئێن ئۆ ئاماژەی بەوەش کردووە پلانی وەبەرهێنانی زیاتریان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ لێدانی هەشت بیر لە کێڵگەی تاوکێ تا ساڵی 2026 بە ئامانجی ئەوەی بەرهەمی رۆژانەی بگاتە 100,000 بەرمیل.