جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازیی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.

 یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر رەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ سێباستیان کلینک، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیدارەکەدا، بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی سەربازی و راوێژکاریی سوپای ئەڵمانیا، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرایەوە.

جێگری سەرۆکی ئەرکان ئامادەیی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ هاوپەیمانان، بەتایبەتی راوێژکارانی ئەڵمانیا نیشان دا، بە ئامانجی پێشخستنی تواناکانی وەزارەتەکە.