سەرۆکی حکوومەت پەیامێكی پیرۆزبایی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایان ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و زانایانی ئایینی بە گشتی دەڕوانین.
ئەمڕۆ یەكشەممە 21/9/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێكی ڕاگەیاند و گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و گشت ئەندامانی یەکێتیی زانایان كرد.
لە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتدا هاتووە: بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و زانایانی ئایینی بە گشتی دەڕوانین لە قووڵکردنەوە بنەما و بەها بەرز و مرۆییەکانی ئایینی ئیسلام و بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆیی و بەهێزترکردنی میانەڕەوی و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان.