خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- بەرلەوەی لیژنەی پشكنینی سەربە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان دابمەزرێت بەشێك لە وێستگەكانی بەنزین بەنزینی كوالێتی نزم و خراپیان بە شوفێران دەفرۆشت و كەس نەیدەزانی لەكامە وێستگە بەنزین لە ئوتومبێلەكەی بكات و ئەو وێستگانەی كە بەنزینی كوالێتی باشیان دەفرۆشت ژمارەیان زۆر كەم بوو، ئەو بەنزینە كوالێتی نزم وخراپانەش دەبوونە هۆكاری تێكچوونی زۆربەی ئوتومبێلەكان و كاریگەری خراپیشی بۆ سەر بزووێنەری ئوتومبێلەكان هەبوو، جگە لەوەش ژینگەی شاریشی پیس كردبوو، بەڵام لەوەتەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان لیژنەیەكی كارایان داناوە ڕێژەی ئەو وێستگانەی بەنزینی خراپ دەفرۆشن بەڕێژەیەكی بەرچاو ڕووی لە كەمبوونەوە كردووە. دەربارەی وردەكاری زیاتری كارەكانی لیژنەی پشكنینی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان سەردانی ئەو لیژنەیەمان كردو لەوێدا سالار محەمەد ڕەمەزان لێپرسراوی پشكنین لەبەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر بۆ ڕۆژنامەی خەبات ڕوونیكردەوە:
ڕۆژانە 30سامپڵی بەنزینی وێستگەكان وەردەگرین
دەربارەی چۆنیەتی وەرگرتنی سامپڵی بەنزین و كارەكانی لیژنەی پشكنین سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێرمانكردو سالار محەمەد ڕەمەزان لێپرسراوی پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزكانی هەولێر ڕوونیكردەوە: ئیش وكاری ڕۆژانەی ئێمە وەكوو لیژنەی پشكنینی سەربەبەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزكانی هەولێر سەرپەرشتیكردنی ئەو بەنزینە حكومیەیە كەبەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت و ڕۆژانەیش سامپڵی ئەو بەنزینانەیە كە لە بەنزینخانەكانی حكوومی و ئەهلیەكان دابەش دەكرێت دیارە دابەشكردنی بەنزینی حكومی بەگوێرەی ئەو بڕە یە كەلەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دابین دەكرێت و دابەشی سەر بەنزینخانەكان دەكرێت و لەئێستاشدا ڕۆژانە 19 یاخود 20 تانكەر دابەشی سەر بەنزینخانەكان دەكرێت و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هەوڵی كارای داوە تا ڕێژەی ئەو بەشە بەنزینە بۆ 30 تانكەر زیاد بكات بگرە زیاتریش تا نرخی بەنزین بەرز نەبێتەوەو هاووڵاتیانی زیاتر سوود لەو بەنزینە حكوومیە وەربگرن هەرچەندەی بەنزینی پاڵپشتیكراو زیاتر بێت ئەوا كاریگەری ئەرێنی بۆ سەر بازاڕ دەبێت و نرخی بەنزین بەرز نابێتەوە ئەو لیژنەیەی ئیچمە كە ژمارەیان سێ لیژنەیە ڕۆژانە بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی هەموو وێستگەكانی بەنزینی حكوومی و بەنزینخانەكانی ئەهلیش دەكەن لەسنوری شاری هەولێر نزیكەی 352 بەنزینخانە هەیەو لیژنەكانمان سەردانی هەموو وێستگەكانی بەنزین دەكەن و نموونە و سامپڵی هەموو بەنزینخانەكان وەردەگرن و پشكنینی بۆ دەكەن و وێستگەكانی بەنزین پێویستە بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كاربكەن بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە بەرلە ساڵی 2018 ڕێنمایی هەبوو كە لەچەند لایەنێكی پەیوەندیدار پێكهاتبوو هەریەكە لە فەرمانگەكانی كارەباو بەرگری شارستانی و شوێنەوار پشكنینی بۆ ئەو وێستگەیە دەكرد تا لە نزیكەوە بزانێت، كە ئەو شوێنە چەند گونجاوە بكرێتە بەنزینخانەو ڕەزامەندی ئەو لایەنانەی هەموو دەویست، ئینجا ڕێگەی پێ دەدرا بكرێتە وێستگەی بەنزین بەس لە ساڵی 2018ـەوە بەپێی فەرمانێكی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێگەپێدانی مۆڵەت بە وێستگەی بەنزین وەستاوە تا ئێستا ئەوەی كە ئێستا دەشكرێت تەنیا ئەوانەن كە لەڕێگەی شارەوانییەوە دەكرێت ئەوانیش ئەوانەن كە قەرەبوویان هەیە واتا ئەوانە شوێنەكەی بە بەرشەقام كەوتووە یاخود بەبەر باڵەخانەیەكی حكوومی كەوتووە، حكوومەت لەلایەكی دیكە زەوی پێ دەدات بۆ ئەوەی بەنزینخانەكانی لەسەر دروست بكات.
ڕۆژانە سێ لیژنە سەردانی وێستگەكانی بەنزین دەكەن
دواتر سالار محەمەد لێپرسراوی پشكنینی سەربە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر دەربارەی كاروباری ئەو لیژنانە بۆ خەبات ڕوونیكردەوە: ڕۆژانە لەڕێگەی 3 لیژنەكەی خۆمان، كە دەردەچن و دابەشی سەر شوێنە جوگرافیاكان دەبن و سەردانی وێستگەكانی بەنزین دەكەن بە مەبەستی وەرگرتنی سامپڵی بەنزین و ڕۆژانە ئەو لیژنانە زیاتر لە 30 سامپڵی بەنزین وەردەگرن و هەندێ جار یش ڕێژەی سامپڵەكان دەگاتە 50 سامپڵی بەنزین واتا سەردانی 50 بەنزینخانە دەكەن بەتێكڕا لیژنەكان نزیكەی 30 سامپڵی بەنزین وەردەگرن جاران بەرلەدامەزراندنی ئەو لیژنەیە چاودێری توند نەبوو لەسەر بەنزینخانەكان، بەڵام ئێستا لیژنەكان بەشێوازێكی توندوتۆڵ كار دەكەن و چاوپۆشی لە هیچ بەنزینخانەیەك ناكرێت و كاروباری لیژنەكان بە شێوازێكی مۆدێرن كاردەكەن و لەسەرەتای كاركردنی لیژنەكان بەڕێژەیەكی یەكجار زۆر بەنزینخانەكان لە پشكنین دەرنەدەچوون لەبەر خراپی كوالێتی بەنزینەكانیان.
بەنزینخانەكان كوالێتی بەنزینەكەیان باش بووە
گوتیشی: ئێستا دوای دامەزراندنی ئەو لیژنانە ژمارەی ئەو وێستگانەی كە سامپڵیان لێ وەردەگیرێت 90%ـی بەنزینخانەكان كوالێتی بەنزینەكانیان باش بووەو بەپێی مواسەفاتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەنزینەكان لە پشكنین دەردەچن و ئەو بەشانەی كە كە لەپشكنین دەرناچن بەپێی ڕینماییەكانی ژمارە (2109) لە ڕۆژی 5/27 كە لەوەزارەت دەرچووە ئێمە بەپێی ئەو بڕیارە سزایان دەدەین و هەر بەپێی ئەو بڕیارەی، كە دەرچووە هەر بەنزینخانەیەك زیاتر لەسێ جار سەرپێچی بكات ئەوا سزاكەی توندتر دەبێت هەر جارەو سەرپێچی بكات جۆرە سزایەكەو لەجاری سێم و چوارەم ئەوا سزاكەی توندتر دەبێت تا دەگاتە ئەوەی كە لە جاری چوارەم بەنزینخانەكەی بۆ ماوەی سێ مانگ دادەخرێت و لەسەر بەنزینخانەكەشی لافیتەیەك لێ بدات كەلەبەر پابەند نەبوونی بە خەسڵەتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ڕوون بكاتەوە كە لەسەر ئەو بڕیارە داخراوە سزاكنیش بۆ بەنزینخانەكان لە250هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا دەگاتەزیاتر لە دوو ملیۆن دینار سزا بەنزینخانە هەبووە نەیهێشتووە سامپڵی بەنزینی لێ وەرگرین ئەوا سزامان داوە.
بەنزینە حكومییەكە لەڕێگەی GPSـەوە چاودێری دەكرێن
پاشان دەربارەی ئەو تانكەرانەی بەنزینی جكومی دەگوزانەوە نێو ئەو وێستگانەی كە بەنزینی جكومی دابەش دەكەن سالار محەمەد ڕەمەزان لێپرسراوی پشكنین ڕوونیكردەوە: بەنزینە حكومیەكە هەمووی لەڕێگەی Gpsەوە چاودێری دەكرێت تا ئەو تانكەرانە دەگەنە ناو بەنزینخانەكان وبۆ ماوەی 5 خولهك لە ڕێگە لابدات ئەوا لەو حاڵەتەدا Gps پیشان دەدات جگەلەوەش لەهەموو مەسفایەكان كە سەرچاوەی دابینكردنی بەنزینی حكومی 750 دیناریە نوێنەری خۆمان هەیەو تانكەرەكان هەمووی سیل دەكرێن سیل چییە؟ قوفڵەكە وەكو سەعاتی كارەبا مۆرەو یەك جار كە ئەو سیلە بەسترا ناكرێتەوە ئیلا دەبێ بیپسێنی ئەو كاتەی كە تەنكەرەكە چووە نێو بەنزینخانەكە كە هەر سیلەك پچڕابێت ئەوا نوێنەرەكەی ئێمە ئاگادارمان دەكاتەوە و پێمان دەڵێن كە لەو بەنزینخانەیە سیلەك پچڕاوە تا ئاگاداربین كەس بۆی نییە كە ئەو سیلە بشكێنێ و هەر تانكەرەو مەنەفێستی خۆی هەیەو ژمارەی ئەو قوفڵانەی لێ نوسراوەو تانكەر هەیە8قوڵی لێدراوەو هەیە 6قوفڵی لێ دەدرێتو هەیە 5 قوفڵی لێدەدرێت ئەگەر هاتوو هەریەكێك لەو قوفڵانە دەستكاری كرابێت ئاگادار دەكرێینەوەوبەدواداچوون دەكەین تا ئێستا هیچ كەس نەیتوانیوە ئەو سیلە بشكێنێ بەڵام پێش ئەوەی ئێمە كارە وەربگرین قوفڵ نەدەدرا هەركە ئێمە هاتین ئەو مەرجەمان دانا بۆئەوەی دەستكاری بەنزینی حكومی نەكرێت بۆیە ئەو مەرجە وای كرد كە ئەو بەنزینە حكومیەی كە دابەش دەكرێت بە باشترین بەنزین بژمێردرێت.
بوونی لیژنەیەكی دیكە بۆ چاودێریكردن و بەدواداچوونی بەنزینخانەكان
دواتر دەربارەی بوونی لیژنەیەكی دیكە بۆ چاودێریكردن و بەدواداچوونی بەنزینخانەكان سالار محەمەد لێپرسراوی پشكنین لەبەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر گوتی: جگەلەوسێ لیژنەیەی كەڕۆژانە بەشێوەیەكی بەردەوام سامپڵی بەنزین وەردەگرێت لیژنەیەكی دیكەمان هەیە بەردەوام لەسەر بەنزینخانەكان دەگەڕێن بۆ بەدواداچوونی سكاڵای هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بەو لیژنەیەوە بكەن كە ژمارەی تەلەفۆنمان لە پەیجی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بڵاو كراوەتەوە ئەگەر هەر هاووڵاتیەك ئەگەر سكاڵای لەسەر بەنزینخانەكان هەبوو ئەوا دەتوانێ پەیوەندیمان پێوە بكات و سكاڵای لەسەر كوالیتی بەنزین و ڕێژەی كەمو زیادی بەنزین هەبێت ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین لەلایەن لیژنەكەی خۆمانەوە لێرەوە بە بەنزینخانەكان ڕادەگەیەنین كە هەر بەنزینخانەیەك پەمپەكەی كەم بدات بەپێی ئەو یاسایەی كە هەیە سزا دەدرێت پێویستە هاووڵاتییان بەجوانی سەیری تێكردنی بەنزینەكەیان بكەن و دڵنیا بن لەتێكردنی بەنزین بەتەواوی ئێمە لەڕێگەی ئەو لیژنەیەوە سزای ئەو بەنزینخانانە بدەین كە فێڵ لە هاووڵاتییان دەكەن وداواش لە هاووڵاتییان دەكەین ئەگەر هاتوو هەر كێشەیەكیان لەگەل بەنزینخانەیەك هەیە دەتوانێ پەیوەندیمان پێوە بكات دەمودەست لیژنەكە دەگەنە بەنزینخانەكەو بەدواداچوون بۆ كێشەكەی دەكرێت.
ئاماری ئەو بەنزینخانانەی سزا دراون لەلایەن لیژنەكانەوە
لەكۆتاییدا سالار محەمەد لێپرسراوی پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت وكانزاكانی هەولێر دەربارەی ئاماری كارەكانیان لەوەتەی كە دەست بەكاربوون چەندە ڕوونیكردەوە: لەوەتەی كە لیژنەكانمان دەست بەكاربوون لە ساڵی 2024ەوە تا ئێستا نزیكەی 580 بەنزینخانە سزا دراون بەپارە نزیكەی 990ملیۆن دینار سزامان لێوەرگرتوون ئەوانە سەرپێچیان كردووە ولەساڵی 2025 یش تا ئێستا نزیكەی 360 بەنزینخانە سەرپێچیان كردووەو ڕێژەكەی لەچاو پار ساڵ كەمتر بووهتەوەو ڕۆژانەیش بەدواداچوون بۆ سەر بەنزینخانەكان زۆرتربووە لەوحاڵەتەدا بەنزینخانەكان بواری ئەوەیان نابێ فێڵ لە بەنزینەكەی بكات و چاوپۆشی لە هیچ بەنزینخانەیەك ناكەین لەبەر زیادبوونی سەردانیكردنی لیژنەكانمان بۆ بەنزینخانەكان لە90% بەنزینخانەكان بەرەو باش بوون هەنگاویان ناوەو پابەندی ڕێنماییەكان بووین لێرەوە بەهاووڵاتیانی ڕادەگەیەنین كە پێویستە بزانن ئوتومبیلەكانیان چ جۆرە بەنزینێك وچ جۆرە ئۆكتانێكی هەیە ئێستا بەنزینی حكومی 750 دیناریەكە بەنزینەكە نۆڕماڵەو ئۆكتانەكەی لەنێوان 89و نیو تاوەكو 91 پۆینت 6یە لەوانەیە ئوتومبێل هەبێت پێویستی بە بەنزینی بە ئۆكتان 94 هەبێ یاخود 95بێت ئەو ئوتومبێلانەی ئێستا بۆ نموونە ئوتومبێلی چینی ئەوا ئۆكتانەكەی لەسەرووی 95 بێت ئێمە نموونەی ئەو سامپڵانەی كە وەریدەگرین دەیبەینە بەڕێوەبەرایەتی تاقیگەی ناوەندی وەزارەت واتا ڕۆژانە سەرووی 30 سمپڵی بەنزین دەبەینە ئەو تاقیگەیە ئەوان لەوێ بە ئامێری زۆر پێشكەوتوو نموونەی ئەو بەنزینانە پشكنینی بۆ دەكەن بەباشترین شێواز پشكنینی سامپڵی بەنزین دەكەن هەر بەنزینخانەیەك بەنزینەكەی كوالێتیەكەی خراپ بوو لە پشكنین دەرنەچوو ئەوا بەنزینەكەی پێ لادەدەین و بەنزینی باش بهێنێت و دووبارە نموونەی بەنزینەكەی لێ وەردەگرینەوە ئەگەر لەپشكنین دەرچوو ئەو كاتە پێویستە بەنزین بە هاووڵاتییان بفرۆشێت سەبارەت بە بەنزینی موحەسەنیش دەبێ ئۆكتانی لە 92 تا 94 بێت هەندێ ئوتومبێل هەیە بەو جۆرە بەنزینەكار دەكات جۆرێكی دیكەی بەنزین هەیە ئەویش بەنزینی بەنزینی سوپەرە ئۆكتانەكەی لە 95 تاوەكو 98بەپێی ستانداردی جیهانی بەنزینی سوپەر وەكو ناو نییە بەس بەتەنها ئۆكاتانەكەی بە مادەی ئێم تی بی ئەوەش لەڕێژەی خۆی زۆر زیاد تێ بكرێت زەرەر دروست دەكات.