بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكانی كوردستان ڕێك دەكەون لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ئەیلوولی 2025 باسم خزەیر، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیاندراوێكدا  ئاماژەی بەوە داوە كە وەزارەتەكەیان ئامادەیە بۆ هەناردەكردنی نەوتی كوردستان.

باسیشی لەوە كردووە كە دۆسیەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت، چونكە لە لایەن هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتەوە واژۆ كراوە.

بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئەوان ئاسانكاری و رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا هەناردەكردنی نەوتی كوردستان دەست پێبكاتەوە، “لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان و هەرێمی كوردستان دەگەینە ڕێككەوتن.”

ئەوەشی نەشاردووەتەوە كە كۆمپانیاكانی بواری نەوت داواكاریی زۆریان هەیە و پابەندیشیان لە ئەستۆیە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ چوارشەممە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”هه‌رێمی كوردستان له‌ پرسی نه‌وت وه‌ك هه‌موو پرسه‌كانی دیكه‌ هیچی نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ حكوومه‌تی فیدراڵی، هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ نه‌نادرنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچەخۆرانی كوردستان. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماده‌یی رادەستكردنی نەوتەكەی بە نووسراوی رەسمی بۆ حكوومەتی فیدراڵیی عێراق دەربڕیوە تاوەكوو پرسی مووچەش‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌ و بەغداش مووچە بنێرێت. دوێنێ نووسراو كراوه‌، ئێمه‌ ئاماده‌ین نه‌وته‌كه‌ رادەست بكه‌ین، ئێستا ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئێمه‌ 233 هه‌زار به‌رمیله‌، له‌و بڕە، 50 هه‌زار به‌رمیلی بۆ پێداویستیی ناوخۆیه‌ و لایده‌ده‌ین، ئه‌وی دیكه‌ به‌شی كۆمپانیاكان و حكوومه‌تی فیدراڵی دەبێت، چاوەڕێی وەڵامی ئه‌و نووسراوه‌ ده‌كه‌ین.“

ڕوونیشی كردەوە: “له ‌بابه‌تی كۆمپانیاكان، ئه‌وان پێشووتر داوای گه‌ره‌نتییان ده‌كرد له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق وه‌ك یاسایەك له ‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌ڵام ئێستا بۆچوونیان گۆڕاوە، ئاساییه‌ به ‌یاسای عێراق مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت. ئه‌م پێشهاته‌ گرێیه‌ك بوو نه‌ده‌كرایه‌وه‌ لەنێوان كۆمپانیاكان و حكوومه‌تی فیدراڵی، عێراقیش رازی بووه‌ به‌پێی یاساكانی خۆی مامەڵەیان له‌گه‌ڵ بكات، له ‌لای ئێمه‌وه‌ نووسراو كراوه‌ بۆ راده‌ستكردنی نه‌وت، چاوەڕوانی وەڵامین و چاوەڕێشین له ‌به‌رانبه‌ردا ئه‌وانیش مووچەی مانگی حەوت و مانگەكانی تریش بنێرن.“