ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ڕێککەوتنی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. ئەگەرچی لە کارنامەی کۆبوونەوەکە و پاشکۆی کارنامەکە هیچ یەکێک لە تەوەرەکان تایبەت نەبوو بە هەرێمی کوردستان، بەڵام دواجار لە ئەنجامی ئەو لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکان هەبوو، گەیشتن بەو بڕیارەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێککەوتنەکە پەسەند بکرێت.
لە کۆبوونەوەکە دوو بڕیار لەبارەی میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو دراون:
بڕیارەکان:
یەکەم: کرێی دەرهێنانی نەوت کە بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی نەوت دیاریکراوە، لەبری ئەوەی بە پارەی کاش بە کۆمپانیاکان بدرێت، لە بەرانبەردا نەوتی خاویان پێدەدرێت و کۆمپانیاکان خۆیان نەوتەکە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکەنەوە.
دووەم: ڕێککەوتنەکە بۆ لیژنەی ڕاوێژکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بەرز دەکرێتەوە و لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، لیژنەکە ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دەدات و دوای ئەوەی ڕێککەوتنەکە دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە.