خه‌بات: پەری محەمەد:- ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە بەغدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، لە پەرلەمانی عێراق یاسایەک دەرچووە بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیاری ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو، لەسەر داگیرکردنی زەوی و زاری جوتیارانی کورد بۆ گێڕانەوەی زه‌ویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. دەشڵێت، ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیكه‌ لە هەوڵی بەردەوامین بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و گێڕانەوەی زەوییەکان بۆ جوتیارانی کورد.

دژوار فایەق ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی140، تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند: بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی بەناو (ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە) لە عێراق لەسەر داگیرکردنی زەویوزاری جوتیارانی کورد، لە پەرلەمانی عێراق یاسایەک دەرچووە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارانەی ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچووی عێراق (هەرچەندە هەندێکیان لەبەرژەوەندیی كورد نین) و گێڕانەوەی زەوی بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لیژنەیەک دانراوە کە لە ماوەی 6 مانگ کۆتایی بە کارەکانی بهێنێت تا بڕیارەکە جێبەجێ بكرێت.

دژوار فایەق ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد: هەرەوەها کۆمەڵێک زەویوزاری جوتیارانی کورد هەیە، کە بەبڕیارەکانی (لیژنەی کاروباری باکوری) لە عێراق زەوت کراون، هەرچەندە ئەو بڕیارانە ڕەتکراونەتەوە بەڵام تا ئێستا زەوییەکان نەگەڕاونەتەوە بۆ جوتیارە کوردەکان، چونکە لیژنەیەک درووست بووە بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکات بۆ وەرگرتنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان کە کوردن و پێدانی زەوی بە جوتیارانی عەرەب لە شارەکانی خۆیان. ئەم لیژنەیەش تا ئێستا کارەکانی خۆی تەواو نەکردووە.

ئەو ڕاوێژکاره‌ ئەوەشی خستە ڕوو: هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەم بڕیارانە ئەوەیە، کە حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە و یاری بە کات دەکات، بەتایبەتیش ئێستا کە کاتی هەڵبژاردنە نایەوێ ئەو زەوییانە بۆ کورد بگەڕێتەوە نەوه‌کوو کاریگه‌ریی لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق هه‌بێت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق زەرەرمەند بن.

هەروەها بەشێکی زۆری سیاسییەکان لە عێراق کار لەسەر تەرازووی هێز دەکەن، واته‌ چەنده‌ تەرازووی هێز لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت بە ئاسانی ماددەی 140 و ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناکەن، دژوار فایەق ڕاشیگەیاند: بە عەرەب کردن، لەو ناوچانە بە شێوازێک لە شێوازەکان بەردەوامە، بەتایبەتی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر و دوای شەڕی داعش ئاوارەیەکی زۆر ڕژانە ناوچەکە و بەتایبەت شاری کەرکووک و نەگەڕاندنەوەی بەشێکیان بۆ شوێنەکانی خۆیان و مانەوەی بەشێک لە عەرەبی هاوردە کە ماددەی 140 ده‌یانگرێته‌وه‌، ئەمە جگە لە گۆڕینی زۆرێک لە بەڕێوەبەرانی کورد لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 و ڕێژەی کەمیی فەرمانبەرانی کورد لە دامودەزگاکانی حکوومەت، دامەزراندن و بەخشینی زەوی بە غەیری کورد لەو ناوچانە. ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیكه‌ لە هەوڵی بەردەوامین بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و گێڕانەوەی زەوییەکان بۆ جوتیارە کوردەکان و بەردەوامیش ڕێگری دەکەین لە پێشێلکردنی بڕگه‌كانی ماددەی 140 هه‌ر لە دامەزراندن و بەخشینی زەوی بە وانەی ناویان لە تۆماری ساڵی ١٩٥٧ نییە.