
خەبات: داهێن سابیر:- هونه‌رمه‌ند (هونه‌ر ئەحمەد) سه‌ره‌تای هاتنی بۆ ناو دونیای هونه‌ری گۆرانی گوتن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (2007)، ئه‌و كات به‌شداری له به‌رنامه‌ی ستۆدیۆی ئه‌ستێران ده‌كات به پله‌ی چواره‌م ده‌رچووە، بۆیە تا ئێستاش به‌رده‌وامه له كاری هونه‌ری، وەک سروشتی حەزی خۆیشی زیاتر به‌رهه‌مه فۆلكلۆرییه‌كان ده‌ڵێته‌وه. لە لاپه‌ره‌ی هونەریی رۆژنامەی خەبات بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە….
– تۆ به هه‌ردوو ڕێتمی خێرا‌و سۆڵۆ گۆرانی ده‌ڵێت، زیاتر خۆت له كامیان ده‌بینیه‌وه؟
-زیاتر حه‌زم له ڕێتمی خێرایه، حه‌ز ناكه‌م گۆرانیی غه‌مباری بڵێم.
– له هه‌ڵبژاردنی شیعره‌كانت پشت به كامه شاعیر ده‌به‌ستی؟
-ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه كردوومه بڵاو بۆته‌وه گۆرانیه‌كان زیاتر فۆلكلۆربوون، به‌ڵام دوو كاری نوێم هه‌یه یه‌كێكیان ڕێتمی خاوه، ئه‌وه‌ی تریان ڕێتمی خێرایه، واتا هه‌ڵپه‌ڕكێیه یه‌كێكیان هۆنراوه‌ی ڕێبین محه‌مه‌ده‌و گۆرانی هه‌ڵپه‌ركێیه‌كه تێكستی هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست ئارام شه‌یدایه و ئاوازی مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیره.
– حه‌زت له گۆرانیی تاكه یان به شێوه‌ی سیدی؟
-من حه‌زم له كاری كورت و پوخته به كوالێتیه‌كی باش، پێم وایه ساڵانه دوو گۆرانیی جوان بكه‌ی نه‌ك كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێك نه‌توانی به‌پێی پێویست حه‌قی گوێگرانی ده‌نگت بده‌ی.
– بۆچی زیاتر به‌رهه‌مه فۆلكلۆرییه‌كان ده‌ڵێیته‌وه؟
– حه‌زم زیاتر له گۆرانیه فۆلكلۆرییه‌كانه به مه‌رجێك ده‌ستكاری میلۆدی و تێكستی گۆرانیه‌كه نه‌كرێت به شێوه‌ی جوان و سه‌رده‌میانه بیڵێیته‌وه، زیاتر خۆم له هونه‌ری فۆلكلۆر ده‌بینمه‌وه.
– ئێوه وه‌كو خه‌ڵكی ڕواندز كه به شاری گۆرانی و مۆسیقا ناسراوه تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره هه‌ر له‌و شاره‌یه له‌لایه‌ن ئه‌و تیپه‌وه پشتگیری و هاوكاری له رووی گۆرانی گوتن كراوی؟
-من سه‌ره‌تا شانازی به شاری رواندز ده‌كه‌م،كه ئه‌م هه‌موو هونه‌رمه‌ند و مۆزیكژه‌نانه‌ی لێ هه‌ڵكه‌وتووه،به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه یارمه‌تی گه‌نج و به‌هره‌مه‌ندانی بواری مۆسیقا و گۆرانی ده‌دات ته‌نها مامۆستا سه‌ید ئەحمەد رواندزی به هه‌موو شێوازێك بێ به‌رامبه‌ر یارمه‌تی منی داوه، ئه‌وه‌ی ته‌نها خۆمی به قه‌رز بار ده‌زانم ته‌نها مامۆستا هه‌ڵكه‌وت زاهیرە، چونكه كاره‌كانمان هه‌مووی به هه‌وڵ و ماندووبوونی ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌یه.
– سپۆنسه‌ر تا چه‌ند گرینگه بۆ هونه‌رمه‌ند بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر په‌ره به هونه‌ره‌كه‌یان بده‌ن؟
-بێگومان سپۆنسه‌ر بناغە و كۆڵه‌كه‌ی كاره‌كانمانه ، چونكه له كوردستان هونه‌ر نه‌بۆته پیشه، تاكو بتوانی هه‌م به هونه‌ره‌كه‌ی بژیت و كاری نوێ بكات، به‌ڵام من سوپاس بۆ خوا چه‌ند كه‌سانێكی ئه‌زیز و خۆشه‌ویست سپۆنسه‌ری كاره‌كانم ده‌كه‌ن وه‌كو سه‌ید مه‌جید رواندزی ، سه‌ید هێمن رواندزی ، رابه‌ر شوپ، هیوا و هه‌ڤاڵ و چه‌ند هاوڕێیه‌كی دیكه‌ش، به‌ڵام حه‌ز ناكه‌ن ناوه‌كانیان بهێنم سوپاسی برای به‌ڕێزم دلێر دلاوه‌ر ده‌رهێنه‌ری به‌توانا ده‌كه‌م كلیپه‌كانی بێ به‌رامبه‌ر بۆ كردوومه…