خەبات: جەوهەر شێخانی:- رۆژی پێنجشەممە 11ی ئەیلوولی 2025، 64 ساڵ بەسەر گەورەترین شۆڕشی كورد لەسەر دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر تێپەڕی، ئەو شۆڕشەی، كە لە 11ی ئەیلوولی 1961 هەڵگیرسا و بۆ ماوەی 14 ساڵ شۆڕش بەرەنگاری هەوڵە داگیركارییەكانی حكوومەتەكانی ئەو كاتی عێراق بووەوە، تا كار گەیشتە ئەوەی دەوڵەتی عێراق بە ناچاری دان بە مافی گەلی كورددا بنێت و ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 ئیمزا بكات.
هەر بۆیە، وەكوو هوموو ساڵێك، لە سەرتاپای شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە چەندین چالاكیی جۆراوجۆر یادی 64 ساڵەی هەڵگیرسانی ئەو شۆڕشە كرایەوە.

لە دەڤەری باڵەكایەتی، رۆژی پێنجشەممە 11ی ئەیلوولی 2025 بەڕێز مەلامستەفا بارزانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی شەست و چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كرد، كە لەلایەن لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێكخرابوو، لە ڕێوڕەسمەكەدا شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی 26ی گوڵان، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەڵگرانی مەدالیای بارزانی و ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی و پێشمەرگەكانی ئەیلوول و گوڵان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و بەرپرسانی حزبی و ئیداری و هاووڵاتیانی دەڤەرەكە، وتارێكی پێشكەش كرد.

هەروەها لە ڕێوڕەسمەكەدا مامۆستای زانكۆ د. ئەحمەد سەیدە لە ڕووی مێژووی و سیاسی و گەورەیی باسی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی كرد بۆ ئامادەبووان، هەروەها لەلایەن پێشمەرگەی ئەیلوول و گوڵان و هەڵگری مەدالیای بارزانی ئەنوەر سەعید ئاغا باسی چەند بەسەرهات و ژیانی ئەوكاتی سەردەمی پێشمەرگایەتی و گەورەیی بارزانیی نەمری كرد.

لە كۆتاییدا ئاهەنگێك سازكرا و چەند سروودێكی نیشتیمانی و هۆنراوە لەلایەن هونەرمەندانی دەڤەری باڵەكایەتی پێشكەش كران، هەر بە هەمان بۆنەوە، شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی 26ی گوڵان بە یاوەریی بەرپرسی لێژنەی ناوچەی حاجی ئۆمەران و سمیلان، لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی سەردانی ماڵی هەریەك لە پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن حاجی قادر وسوو لە حاجی ئۆمەران، مام ئەحمەد برایم ڕوستایی لە گوندی ڕوستێی سەر بەناحیەی سمیلان كرد.

بەرپرسی لق ڕێزو سڵاوی بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی گەیاندە ئەو دوو پێشمەرگە قارەمانە و ئامادەیی بۆ هەموو داواكارییەكیانی دەربڕی، لەلای خۆیانەوە هەردوو بەڕێز سڵاو ڕێزو وەفاداری زۆریان بۆ هەڵگری ناوی پیرۆز مەلا مستەفا بارزانی هەبوو دووپاتیان كردەوە كە تا مردن لەسەر ڕێبازی بارزان بەردەوام دەبن، لە دهۆكیش، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 11/9/2025 بەبۆنەی 64 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، لقی یەك بە ئامادەبوونی بەرپرسی لقی یەك و ژمارەیەك بەرپرسی حزبی و حكوومی لە ناوچەی بابلۆی نزیك شاری دهۆك خێوەتگەی 11ی ئەیلوول بۆ ڕۆشنبیری و پێگەیاندن كردەوە، كە 1200 گەنجی سنووری دهۆك لە هەردوو رەگەز بۆ ماوەی سێ رۆژ لە چوارچێوەی خێوەتگەی 11ی ئەیلوول چەندین چالاكی تایبەت بە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بەڕێوە دەبەن.

لە خێوەتگەی 11ی ئەیلوول ڕۆژانە چەند چالاكییەك بەبۆنەی شۆڕشی ئەیلوول بەڕێوە دەچن، تێیدا پێشمەرگەكانی شۆڕش بۆ گەنجان باس لە قۆناغەكانی شۆڕش و ئامانج و پەیامی شۆڕش دەكەن، هەروەها چەندین چالاكیی ڕۆشنبیری و وەرزشی ئەنجام دەدرێن، هەر بە هەمان بۆنەوە، رۆژی هەینی 12/ئەیلوولی/2025، بەرێز مەلا مستەفا بارزانی سەردانی خێوەتگەی 11 ئەیلوولی لە كۆمەڵگەی بابلوی گەشتیاری لە زاویتە كرد و لە لایەن د.عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك و ئەندامی كومیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان و د.نەوزاد عبدالله بەرپرسی لقی یەك و سەرپەرشتیاری لیژنەكانی بەشداربوو پێشوازیی لێكرا.

پاشان گەڕانێكیان لەناو بەشەكانی خێوەتگەكە كرد و لە نزیكەوە لە رەوشی گەنج و لاوە بەشداربووەكانی پرسی، هەروەها لە لقی یەك، ئامینە زكری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سیمینارێكی بە ناونیشانی (شۆڕشی ئەیلوول و رۆڵی گەنجان لە پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان) پێشكەش كرد، كە تیایدا باسی لە رۆَڵی بەرچاوی گەنجانی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بۆ ئامادەبووان روونكردەوە، كە چۆن فاكتەرێكی گرینگ بوون لەو شۆڕشەدا و بە سەدان گەنجیش خۆیان كردە قوربانیی كوردستان لە ژێر دروشمی (كوردستان یان نەمان).

لە هەولێریش، لە لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 11ـ9ـ2025، بە بەشداریی 64 پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و بە ئامادەبوونی زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ئەحمەد كانی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندن و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و كادیرانی پێشكەوتووی سنووری لقی دوو و جەماوەرێكی زۆر، مەراسیمێكی شایستە بۆ یادی شكۆداری شۆڕشی ئەیلوول بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەكەدا وێڕای پێشكەشكردنی چەندین وتار و بەڵگەنامەی دیكۆمێنتاری دەربارەی خەباتی شۆڕشگێڕی ئازایانەی بارزانی و پێشمەرگەكانی، ئاماژە بە گیانفیدایی دەستكەوتەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كرا، كە دیارترینیان بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 بوو، كە بە دەستكەوت و سەروەریەكی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول پەسند دەكرێت.

لە مەراسیمێكدا گەنجانی ئەمڕۆ وەفاو حورمەتیان بەرامبەر بە پێشمەرگەكانی ئەیلوول نواند و گوڵی ڕێزیان پێشكەش كردن و پەیامی پێشمەرگەكانیان وەرگرت بۆ ئێستاو ئاییندەی كوردستان، هەر لە بۆنەكەدا، بەرپرسی لقی دوو لە وتارێكدا گوتی: بەشانازییەوە یادی شۆڕشێكی مەزن دەكەینەوە شۆڕشێك كە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر هەموو كوردستانیانی كۆكردەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، ئەو شۆڕشە ئەمانەتێكی گەورەی بۆ ئێمە بەجێهێشت كە پاراستنی ئەو ئەمانەتە ئەركی هەموومانە كە ئەویش كوردستان و گەلەكەیەتی.

گوتیشی: دەستكەوتەكانی ئەمڕۆ و سەروەریەكانمان بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول و خەبات و قوربانیدانی پێسمەرگەو شۆڕشگێڕانە، ئەودەستكەوتانە لەدەستێكی ئەمیندان كەدەستی جەنابی سەرۆك بارزانیە، بەرزڕاگرتنی ناوی پێشمەرگە لە پایتەختی زلهێزێكی كاریگەری وەك فەرەنسا بە ئامادەبونی سەرۆك بارزانی، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ كە كوردستان لەژێر سەركردایەتیی حەكیمانەی سەرۆكدا رۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێشتر دەچێت.

دوای نمایشكردنی دیكۆمێنتاریەك دەربارەی شۆڕش قەڵغانی ڕێزلێنانی لقی دوو پێشكەشی مام سەعدی گەورە بەرپرسی دەزگای ئەیلول و گوڵانی هەولێر كرا.
دواتر چەند برگەیەكی هونەری پێشكەشكران، هەر لە یادی 64 ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، بەشداریی كۆڕێكی سیاسیی كرد، كە فەرماندەیی هێزەكانی خەبات بەم بۆنە پیرۆزەوە لە هەولێری پایتەخت سازیان كردبوو.

كە تیایدا گوتی: شۆڕشی مەزنی ئەیلول بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، پڕ بایەخترین شۆڕشە لە مێژووی گەلەكەمان چونكە، تەنها شۆڕشی سەرانسەری كوردستانی بووە هەم لە رووی جوگرافی و بەشداری سەرجەم پێكهاتە و چین و توێژە جیاجیاكان و هەم لە ئاستی سیاسی و پێشمەرگایەتی و سەربازی و كۆمەڵایەتی و فكری و دیپلۆماسیدا، بە مانای وشە شۆڕش بووە.

تا ریككەوتنی یانزەی ئازاری 1970 كە یەك لەدەستكەوتە مەزنەكانی شۆڕشی ئەیلوولە، هیچ جوڵانەوە و راپەڕین و شۆڕشێكی دیكەی گەلەكەمان نەیتوانیبوو دانپێدانانی دەوڵەت بە بوون و مافی گەلی كورد وەربگرێت و ئۆتۆنۆمی بەدەستبێنیت، هەر بە هەمان بۆنەوە، رۆژی پێنجشەممە 11ی ئەیلوول لە سنووری دەوروبەری هەولێر بە ئامادەبوونی ئاری نانەكەلی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 16 ی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان و كارگێڕانی لق و بەرپرسی لێژنە ناوچەكان و ژمارەیەكی زۆر لە هاونیشتمانیان چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەرێوەچوو.

لەمیانەیدا، بەرپرسی لقی 16 ی هەولێر ئاماژەی بەگرنگی شۆڕشی مەزنی ئەیلول كرد كە 64 ساڵ لەمەوبەرو لەكاتێكدا نائومێدی باڵی بەسەر كوردستان و گەلەكەماندا كێشابوو داگیركەران و دوژمنانی گەل و نیشتمانەكەمان لە هەموو لایەكەوە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی ئێمەیان دەدا، وەك تەحەدایەك لە 11ی ئەیلولی ساڵی 1961 شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەرێبەرایەتیی باوكی رۆحیی نەتەوەكەمان بارزانیی نەمر هەڵگیرساو ئومێدی هەڵسانەوەی یەكجارەكی و بەدیهێنانی ماف و داخوازییە رەواكانی گەلەكەمانی كردە مەشخەڵی خەبات و تێكۆشان و هەر زوو هەزاران لە رۆڵەكانی گەلەكەمان لە هەموو چین و توێژەكان پەیوەندییان پێوەكرد.

هەر لەمیانی مەراسیمەكاندا لە تەواوی لێژنە ناوچەكانی سنووری لقی 16 ی هەولێر رێز لە ژمارەیەكی زۆر لەپێشمەرگە قارەمانەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول گیراو سەردانی ژمارەیەكی زۆریشیان كرا، هەر بەم بۆنەیەوە لەبارەگای لق خولێكی رۆشنبیری بەرێوەچوو، هەر هەمان رۆژ، بەبۆنەی 64 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر لە ڕێوڕەسمێكدا ڕێز لە ژمارەیەك پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن نرا و ڕۆڵی پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلوول بەرز نرخێندرا و تیشك خرایە سەر قۆناغی هەڵگیرسانی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی حكوومەتی ئەوكاتی عێراق، هەروەها جەخت لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان كرایەوە.

هەر بە بۆنەی( 64)ەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 12سەردانی دەزگای ئەیلوول و گولانی هەڵەبجەی كرد، دوابەدوای ئەوە لە مەراسیمێكی شایستەدا بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول لە لقی 12ی هەڵەبجە كۆڕێك بە دەستپێكی وتارێكی بەرپرسی لق و باسێكی د. ماجد خەلیل لەژێر ناونیشانی (ئیتك و ئەخلاقی پێشمەرگایەتی لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا) سازكرا و جەماوەرێكی باش ئامادە ببوون، هەر هەمان رۆژ لە سنووری قەزاكانی پێنجوێن و سەید سادق و شارەزور مەراسیمی شایستەی جەماوەریی بەڕێوەچوو.