خەبات: ساسان دەروێش:- فەرەنسا، جارێکی تر بە ئەمەک بوو لەگەڵ کوردستان و سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە، فەرەنسا جگە لە هاوهەڵوێستی و پشتگیریی کورد و کوردستان و هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ پێشمەرگە، خاکیشی بە ناوی کوردستان و پێشمەرگە بەخشی، ئەمەش گرنگیدان بوو بە سەرۆک بارزانی و خەباتەکەی بۆ گەلێکی ستەمدیدە و داواکردنی ماف و پاراستنی گەل و نیشتمان چەندین ساڵ پێشمەرگە بووە، بۆیە بۆ هەمیشە خۆی بە پێشمەرگەی گەلی کوردستان دادەنێت و ناوی پێشمەرگەشی لە شەقامی نێو پارکێکی دڵی پاریسدا کردەوە، ناوی پێشمەرگە لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بۆ ئازایەتی و بەرگریکردن گەیشتە لووتکە.
سەلاح بەدرەدین، سیاسەتمەداری دیاری ڕۆژئاوای کوردستان و نووسەر دەڵێت: ئەوەی ڕوویدا لە پاریس نەمرکردنی پێشمەرگە بوو بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی نەتەوەیی کورد، ناوی پێشمەرکە پەیوەستە بە تێکۆشەرانی کورد بۆ ئازادی کە ژیانی خۆیان بەخت دەکەن لەپێناو بەختەوەریی گەلەکەیاندا، هەروەها هەمیشە بەشداربوون لە پێکهاتە سەربازییە جەماوەرییە ڕێکخراوەکان کە هەمیشە هێزێکی بەرگریکاربوون بۆ پێکهاتە سیاسییەکان، هەموو شۆڕشەکانی کورد شاهیدی پێکهاتە جیاوازەکانی پێشمەرگەن لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەروەها کۆماری مەهاباد بوو بە نازناوی لێنانی ناوی پێشمەرگە، بەڵام لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە کوردستانی عێراقدا ئازایەتی و مەردایەتی ناوی پێشمەرگە گەیشتە نەمری و لووتکە بۆ بەرگریکردنی کوردستان. لە شاخەوە بۆ حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، ناوی پێشمەرگە گۆڕا بۆ سوپایەکی ئاسایی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له عێراق، بە سەرپەرشتیی وەزارەتێک بە ناوی خۆیەوە (وەزارەتی پێشمەرگه) ناوێک کە لەلایەن کورد و دۆستەکانیانەوە ڕێزی لێ دەگیرێت بەوپێیەی پەیوەستە بە بەرگریکردن لە کورد و دیموکراسی و شەڕی تیرۆر و بەتایبەت داعش، بە ئامادەبوونی سهرۆك مەسعود بارزانی، یەکێک لە شەقامە گشتییەکانی ناو گەورەترین پارک لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا- بازنەی 15- لەلایەن سەرۆکی شارەوانیی پایتەخت و ئامادەبوونی فەرمی، وەک دەربڕینی شەرەفی فەرەنسا بۆ خەباتی کورد لەپێناو ئازادیدا، بە شەقامێک پێشمەرکە ناوزەد کرا. سەرچاوەی دیموکراسی و بیری شۆڕشگێڕانە و هاوپشتی لەگەڵ گەلاندا.
دانپێدانانی فەرمی یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی ئەورووپا بە ڕۆڵی پێشمەرگە
ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: سەرۆک بارزانی ڕەمزی شکۆو و ئیرادەی گەلی کوردستانە. کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس ئەم ناساندنە هەڵگری هێمایەکی گەورەیە. تەنیا ناونانی شەقامێک یان پارکێک نییە، بەڵکوو دانپێدانانی فەرمی یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی ئەورووپا و جیهانە بە ڕۆڵی پێشمەرگە وەک هێزێک کە نوێنەرایەتیی جیهانی کرد لە وەستانەوە دژی تاریکی داعش و مرۆڤایەتی لە دڕندەییەکانی پاراست. ئەم بۆنەیە، بۆنەیەکی گرنگ و مێژوویی بوو لە دڵی پاریسدا کە بەهاکانی ئازادی و بەرخودان تێیدا بەرجەستە کراوە و ناوی پێشمەرگە بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە هێمایەکی جیهانی قوربانیدان و خۆڕاگری. پەیامێکە بۆ گەلی کوردستان کە قوربانیدانەکانیان تەنیا لە جوگرافیایەکی لۆکاڵیدا سنووردار نەبووە، بەڵکوو دەنگی دایەوە بۆ ڕزگارکردنی هەموو جیهان. سەرۆک بارزانی لە چاوی زلهێزەکانی دونیادا نوێنەر و گوزارشتی ڕاستەقینەیە لە سەرکردە و ڕێبەری ماندوونەناسی میللەتێک کە مێژووێکی دوورودرێژە بێ حەسانەوە لەپێناو گەلەکەیدا ڕێگا دەبڕێت و لەژێر سایە و حیکمەتی ئەم سەرۆکەدا بەسەر سەختی و ناڕەحەتی و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی میللەتەکەمان خۆڕاگر و پێشمەرگانە ڕاوەستاوە. تەواجود و حزوری جوانییان لەو شوێنانەی کە ناوی پێشمەرگەی لێ دەبرێت ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە جەنابی سهرۆك هەمیشە دەڵێت: باشترین پلە و پۆست کە منی پێ بناسێنن ئەوەیە پێم بڵێن تەنیا پێشمەرگەیەکە.
ناوی پێشمەرگە لە گوێچکەی ئازادیخوازانی جیهاندا دەزرنگێنێتەوە
زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: سەرۆک بارزانی، جارێکی تر ناوی پێشمەرگەی بە گوێی جیهاندا دایەوە و هەروەها قارەمانێتی و گیانفیدایی پێشمەرگە لە بەرگری لە دیموکراتی و تێکشکاندنی داعش، بەیادی هەمووان دێنێتەوە و مەدالیای پێشمەرگە بە بەرۆکی پاریسدا دەکات. پەیوەندی سەرۆک بارزانی و گەلی کورد لەگەڵ وڵات و گەلی فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییە کە لەدوای ڕاپەڕین کەوتە قۆناغێکی نوێ و ناوی خاتوو دانیال میتەران لەم پەیوەندییەدا هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوه، لە سایەی حیکمەت و سیاسەتە ڕوون و ئاشتیخوازەکانی سەرۆک بارزانی و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەخوازییەکانی، لەناو جەرگەی پاریسی دڵی ئەورووپا، جارێکی تر ناوی پێشمەرگە لە گوێچکەی ئازادیخوازانی جیهان دەزرنگێنێتەوە و سروودی خەبات و بەرگری بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد دەڵێتەوە.
عومەر زاوێتەیی پێشمەرگەی دێرین و کارگێڕی لقی 6ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: بەشداربوونمان وەک پێشمەرگە دێرینەکان لەو ڕێوڕەسمەی بۆ ناوی پێشمەرگە بەڕێوەچوو ڕابەری گەلی کورد سەرۆک بارزانی خۆی پێشمەرگەیە و شانازی بەو ناوەوه دەکات، جەنابی سەرۆک بارزانی لە پاریس ڕێڕەوی پێشمەرگەی کردەوە وەکو سیمبولێک بۆ ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تاریکپەرستانی داعش و ڕزگارکردنی جیهان لە مەترسی و هەڕەشەکانی تێرۆر. ئەوەی ڕۆژێک پێشمەرگە بووبێت یان کوردستانی نیشتمانی خۆشبووێت هەست بە شانازییەکی گەورە دەکات. بەو ڕێوڕەسمە گەورەیەی کە بۆ ناوی پێشمەرگە ساز کرا لە وڵاتێکی گەورەی وەک فەرەنسا کە یەکێکە لە زلهێزەکانی جیهان ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو دۆستایەتییە قووڵەی نێوانی کورد و فەرەنسا کە هەموو ڕۆژگارەکانی پێکەوەبەست و دۆستایەتیان بەهێزتر بوو لەگەڵ نەتەوەی کورد.