ئارامی، لەناوچەیەكی پڕ لە شەڕ

161

محەمەد زەنگەنە
لەوەتەی هەیە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە لە گێژاوی شەڕ و كوشتار و دابەشبوون و ناكۆكی بووە و مێژوو زۆر بە كەمی باسی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچەیەدا دەكات، هاوكات هەڵكەوتەی جوگرافیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەمەندیی خاكەكەی و هەبوونی سامانێكی مەزنی مرۆیی بە نەبوونی عەقڵێكی سەركەوتووی حوكمڕانی و سیاسەتێكی سەركەوتووی بەڕێوەبردن، وای كردووە ببێتە چەقی داڕشتنی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی كۆڵۆنیاڵە مەزنەكانی جیهان، كە هیچ درێغییان لە ئازاردانی خەڵك و گۆڕینی دیموگرافیا و دابەشكردنی خاكی چەندین نەتەوە و گەلی ئەم شوێنە نەكرد، كوردیش، وەكو گەورەترین نەتەوەی بەش بەش كراو، یەكێك بوو لەو گەلانەی تاوەكو ئێستا بەو مافە رەوایانەی نەگەیشتووە، كە رێككەوتن و میساق و پەیماننامەی خودی ئەو دەوڵەتە گەورانەی ناوچەكەیان داگیر كردبوو، جەختی لەسەر دەكاتەوە.
بەڵام، لە یەكەمین دەرفەت، بەیەكبوونی هەڵوێست و یەكخستنی هەوڵی سیاسی و سەربازی و یەكگرتوویی گوتاری جەماوەر، هەرێمی كوردستانی عێڕاق توانی ئەزموونێكی سەركەوتووی سیاسی و ئەمنی بونیاد بنێت، كە ببێتە نموونەی سەقامگیری لە ناوچەكە، بەڵكو بەبێ ئەوەی وڵاتێكی سەربەخۆ بێت، یەكەمین بنكەی راوێژی و وەرگرتنی چارەسەرییە بۆ كێشەی كورد لە وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتیش لە توركیا و سووریا.
گرنگیدانی وڵاتانی جیهان به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ تاوتوكردن و چارەسەریی كێشەكانی ناوچەكە، باشترین بەڵگەی سەركەوتنی ئەزموونی هەرێمن. هەڵوێستی ئەم وڵاتانەش، كە هەمیشە بەدوای چارەسەریی (مۆدێرن و دوور بوون لە كلاسیكییەت) دەگەڕێن، بەڵگەیەكی دیكەی داننانە بە سەركەوتنی ئەم ئەزموونە، سەرەڕای هەموو كۆسپ و تەگەرە و كەم و كوڕییەكان.
بۆیە زۆر گرنگە بۆ ئەو كەسانەی نایانەوێ (دان بەو ئەزموونە بنێن و بە كلاسیكی ناو دەبەن)، بیر لەوە بكەنەوە: ئایا خۆیان چییان پێشكەش بەپرسی ئەم گەل و نەتەوەیە كردووە؟ چییان بۆ پێشخستنی ئەزموونی خۆیان و ئێمەش هەیە، لە سۆنگەی لاری نەبوون بۆ وەرگرتنی ئامۆژگاری بۆ دەوڵەمەند كردنی ئەم ئەزموونە؟ ئایا پێشكەوتن و مۆدێرن بوون لای ئەوان، حوكم و هەژموونی ئەنجوومەنی سەربازییە بەسەر ئەنجوومەنێكی كارتۆنیی سیاسی، هاوشێوەی بەعس و هاوئاوازەكانی؟ جا ئەگەر ئەوە بێت مۆدێرن بوونیان، بەڕاستی جێی پرسیار و تێڕامانە.
ئەزموونی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و بەرخودانی ئەم گەلە و قارەمانیی پێشمەرگەیە، بۆیە زۆر گرنگە بەر لەوەی باس لەو بابەتە بكرێت، خاوەنی باس خۆی و پێگەی سیاسیی خۆی و قەباره‌ی لەسەر ئاستی ناوچەكە هەڵبسەنگێنێت، دواتر بڕیار لەسەر ئەم پرسە بدات و خۆی بكات بە داڕێژەری سیاسەت، ئەوە ئەگەر خۆی متمانەی بە خودی خۆی و ئەزموون و پێگەی خۆی هەبێت.