خەبات ـ هەولێر
هۆکارەكانی پیسبوون و تێکچوونی سیستەمی ژینگەیی زۆرن و رێگەچارەكانیش جیوازن، بەڵام ژینگە تەنیا بە بڵاوبوونەوەی مادە زیانبەخشەكان و زۆربوونی پاشماوە مرۆیی و كیمیاییەكان پیس نابێت، بەڵكو هۆكاری دیكەش هەن. هەر شار و شوێنێك كە ژینگەیەكی پاك و سیمایەكی جوانی هەبێت، هێمای زیادبوونی ڕووبەری سەوزاییە، چونكە بە هەبوونی سەوزایی ژینگەیەكی دروست بۆ دانیشتووانەكەی دابین دەكرێت و هەوا پاك دەكاتەوە لە هەموو مادە ژەهراوییەكان كە لەناو بەرگەهەوای زەویدا هەن، بەهۆی پیسبوونی ژینگە بە دووكەڵی ئۆتۆمبێل و مۆلیدە و كارگەكان و ئەو هەوایەی لە ئامێرەكان دەردەچن و زۆربوونی ناسرووشتی ئۆتۆمبێل و بەكارهێنانی بەنزینی كوالیتی نزم و هەبوونی كارگەی پترۆكیمیایی بە ڕێژەیەكی زۆر، هەموویان بەیەكەوە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە زیاد دەكەن و ئەوەش ئەنجامی باشی لێ ناكەوێتەوە و ژینگەیەكی لەبارە بۆ ژیانی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیكە دروست ناكات.
پیسبوونی ژینگەی كەشوهەوا
لەبارەی ئەو ماددە ترسناکانەی کە لە ئەنجامی پاشماوەی پاڵاوگە و ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان دەردەچن، پزیشك و پسپۆرانی ژینگە پێیانوایە، هەندێک ماددە هەیە لە لەش دەمێننەوە، هەموو ئەو ماددانەی کە پێویست بێت بۆ لەش بە ئاسانی هەرس دەبێت و دەچێتە ناو کرداری هەرسکردنەوە، بەڵام هەندێک ماددە هەن وەکو کانزاکان و ترشەکان و زەرنیخ و کاربۆناتەکان، کە ئەمانە لە ئەنجامی تەواو نەسووتانییان، وا دەکات بەشێک لەو گازانە دەربدات و کاتێک دەچێتە ناو لەشمان، لەش ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات و دەچێتە سەر جگەر و کۆدەبێتەوە و ڕێگە لە زیندەچالاکییەکان دەگرێت، ئەمەش وا دەکات نەخۆشییەکان یەک بەدوای یەک بەرۆکی مرۆڤ بگرن، هەروەها کاتێک ئەم پیسییە لە ئەنجامی نیشتن جارێکی دیکە تێکەڵ بەخاک دەبێتەوە، پێکهاتەی خاکەکە دەگۆڕێت».
لەلایەكی دیكەوە بەشێك لە شارەزایانی كەشوهەواو ژینگەپارێزان باس لەوە دەكەن، كە هەوایەکی پاک، بەپێی ئەو داتایانەی کە لە مانگە دەستکردەکانەوە وەریدەگرن، تێبینییان لەسەر ئەوە هەیە، رێژەی ئۆكسجین بە بڕێكی كەمتر لە گازەكانی دیكەی وەك نایترۆجین لە هەوادا هەیە، بۆیەش کەشوهەوای تۆز و خۆڵ و ئەگەر هەوریش لە ئاسمان هەبێت وەک پیسبوونی ژینگە دەردەكەوێت، ئەمەش کێشەیەكی دیكە بۆ سیستەمی ژینگەیی بەگشتی دروست دەكات، بۆیە باشترین شت دانانی ئامێری پێوانەكردنی كەشوهەوایە لە چەند گۆشەیەکی هەر شارێك بۆ ئەوەی ڕادەی پیسیی هەوای شارەکە بزانرێت و چارەسەری پێویستی بۆ دیاری بكرێت.
مەترسی لەسەر ژینگە ئاوییەكانیش هەیە
دیارە پیسبوونی ژینگە تەنیا لە هەوادا نییە، بەڵكو ژینگەی ئاویی سەرجەم پێکهاتە جیۆلۆجییەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی دەگرێتەوە و بەشێكی هەرە گرنگی ژینگەیە، كە ڕووبار و زەریا و دەریاكان ژینگەیەكی تایبەت و بەرفراوانن بۆ ژیانی زیندەوەران و گیاندارە ئاوییەكان، ڕووەك و بەكتریا و سەدان ملیۆن لە زیندەوەری بینراو و نەبینراو، كە بە هەموویانەوە ژینگەیەكی جیاوازیان پێكهێناوە و هەریەك لەم ڕووەك و زیندەوەرانەش تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، كە كاریگەرییان بەسەر ژینگە ئاوییەكەوە هەیە و هەر ئەم ژینگەیەش یاریدەدەرێكی باشە بۆ خۆگونجاندنی مرۆڤ و گیانلەبەرانی دیكە، كە بەكۆی گشتی دەبنە تەواوكەری سیستەمی ژینگەیی سەر زەوی و فاكتەرەكانی پیسبوونی ژینگەی ئاوییش یەكجار زۆرن، كە هەندێكیان دەبنە هۆكاری تێكچوونی هاوسەنگیی لە ژینگە ئاوییەكەدا.
نموونەی زیندوو لەسەر تێكچوونی ژینگەی ئاویی زێدەڕۆیی لە ڕاوكردنی ماسی و نەهەنگ و گوێچكەماسی و گیاندارە ئاوییەكانی دیكە، لە سەرەكیترین ئەو هۆكارانە هەژمار كراون، كە ژینگەكە پیس دەكەن و هاوسەنگیی لە پێكهاتەی ژینگەیی ئەو شوێنە دروست دەكەن، بە هەمانشێوەش فڕێدانی پاشماوەی كارگە پترۆكیمیاییەكان و بەكارهێنانی مادە قڕكەرەكان بە مەترسیدارترین فاكتەری تێكچوونی ژینگە ئاوییەكە و پیسبوونی دادەنرێت، چونكە بەكارهێنانەوەی ئەو ژینگەیە و گەڕانەوەی بۆ سرووشتی خۆی زێتر لە دەیان ساڵی دەوێت و ئەوەیش ئاسان نییە. لە ناوەراستی سەدەی رابردوو و دوای دروستبوونی سەدان كارگەی وەبەرهێنەری ئاویی، كە ڕاوكردنی ماسی و نەهەنگ بەچڕی لە قوڵایی زەریا و دەریاكان دەستی پێكرد، وێرانكارییەكی مەترسیدار لە ژینگە ئاوییەكان هاتە كایەوە، چونكە هەموو ئەو كارگانە پابەندی ڕێنوێنییە ژینگەییەكان نەبوون و لە پێناو داهاتی زیاتر و دەستكەوت و وەبەرهێنانی زۆرتر، دەستیان بۆ قوڵایی زەریا و دەریاكان برد و لە هیچ شتێك سڵیان نەكردەوە.
ژینگە ئاوییەكان بە دوو جۆری سەرەكی پیس دەبن و كەڵكی ئەوەیان نامێنێت ماسی و گیاندارە ئاوییەكان تیایاندا بژین، یەکەمیان پیسبوونی سرووشتییە، کە لەئەنجام گۆڕانی پلەی گەرمی ئاوەكە روو دەدات، یاخود بەهۆی زیادبوونیڕێژەی خوێ و سوێری ئاوەكە، جۆرەکەی تریش بریتییە لە پیسبوونی کیمیایی و هۆكارەكانی ئەمجۆرە پیسبوونەش بریتین تێكەڵبوونی ئاوەكە بە نەوت و مادە كیمیاییەكان، بەكارهێنانی مادە قڕكەرە كشتوكاڵییەكان و ڕاوكردن بە تەزووی كارەبا، كە ئەمجۆرە ڕاوكردنە لە سەرانسەری ولاتانی جیهان قەدەغەكراوە و سزای توندی بۆ دیاریكراوە.
ژینگە وەك پرسێكی جیهانیی گشتگیر
پرسی ژینگە بۆتە پرسێكی جیهانیی و زۆر كۆڕبەند و كۆبوونەوەی نێودەوڵەتیش لەبارەی مەترسییەكانی سەر ژینگە دەكرێت، زۆرینەی ئەو كەسانەی لە بواری ژینگە كار دەكەن، پێیانوایە بۆ ئەو وڵاتانەی هێشتا لە دەستوورەكانیان بەو گرنگییەوە باسی ژینگەیان نەكردووە، یەکەمین قۆناغ بۆ پاراستنی ژینگە قوتابخانەیە، چونكە پەروەردەكردنی قوتابیان لە قوتابخانە و ڕاهێنانیان لەسەر پاراستنی ژینگە، تەنیا زانست نییە، بەڵكو دواجار دەبێتە كلتوور.
ئامارەكان باس لەوە دەكەن كە ساڵانە زیاتر لە 40 ملیۆن ئۆتۆمبێل دروست دەکرێت، هەریەکێک لەوانە لە باشترین حاڵەت و مەرجی تەندروستیدا رێژەیەکی گەورەی گازی ژەهراوی دەکەنە نێو ژینگەوە، بەتایبەت لە سووتانی ئەو بەنزینەی کە قورقوشمی تیادایە، كە یەکێکە لە هەرە گەورەترین هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەو هەوا، چونکە بەنزین و بەتایبەت ئەو جۆرەی ئێستا لە بازاڕەكان بەدەستە، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدی نایترۆجین و ئۆزۆنی زەمینی دروست دەکات و ئەم گازانەش وردە وردە دەبنە هۆی دروستکردنی هەندێ نەخۆشی وەک شێرپەنجە و تەنگەنەفەسی و رەبوو و هەستیاریی پێست و گەلێك نەخۆشیی دیکەش.
هەروەهاش رۆژانە لە سەرتاسەری جیهان بە نزیکەی (90) ملیۆن بەرمیل نەوت دەسووتێندرێت، لە سووتانی هەر بڕێکیشدا رێژەیەكی زۆر لە گازە ژەهراوییەکان دەچنە بەرگەهەوای زەوی و دواتر کاریگەری خۆیان لە سەر ژینگە بە خراپی جێدەهێڵن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی فلتەر بۆ ئەو دووکەڵەی کە کارگەکان دەیخەنە بەرگە هەواوە. له‌ به‌دواداچونێكی ساڵی رابردووی رێكخراوی هەناسەی سرووشت لەبارەی ئەوەی چۆن ڕێگری بکەین لە پیسبوونەکانی ژینگە، بە نموونەیش زۆربوونی ئۆتۆمبیل و پیسبوونی هەوا؟ دەركەوتووە تا پڕۆژەی هەڵسەنگاندن و چارەسەری گونجاو بۆ کوالیتی هەوای ژینگە بە تەواوی جێبەجێ نەکرێت، نازاندرێت ڕێژەی پیسبوونەکە چەند و چۆنە، چونکە تا وێستگەکە و ئامێرەکان دانەمەزرێن ناتوانین کاریان لەسەر بکەین بیپشکنین.
ئاژانسی چاودێری ژینگەی جیهانی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان، كە گرنگی بە ژینگە و كەشوهەوا دەدات، دەڵێت: بەكارهێنانی نوێبوونەوە و وەبەرهێنان لە سەرچاوە نوێیەكان، بارودۆخێكی نموونەیی دروست دەكات، كە جیاوازی زۆر روودەدات لە بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی هەوا. هەروەهاش لێكۆڵینەوەیەكی زانستی لە ئاستێكی بەرزدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە پەیوەندی نێوان هەواو هەستكردنی زانستییانە لە بەركەوتن بەهەوای پیس بۆ ماوەیەكی زۆر كارەكان لەلایەن خەڵكەوە پەكدەخات، بەتایبەت بۆ بە تەمەنەكان.
ئەوەی جێگەی سەرنج و ئومێدە، بەشێك لە كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت و كۆمپانیا پیشەسازییە گەورەكانی جیهان، لە هەوڵی گەڵاڵەكردنی پرۆتۆكۆلێكی جیهانین، كە بەشێك لە داهاتەكانیان بۆ پاككردنەوەی ژینگە تەرخان بكەن و لەسەرووی هەمووشیانەوە هانی میدیاكان بدرێت كە هۆشیاریی ژینگەیی بڵاوبكەنەوەو مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگە وردتر بخەنەڕوو، لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و گونجاودا.