خەبات: عامر فەرحان:- بەمەبەستی پشتگیریکردنی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەو ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە ماوەی سێ هەفتەیە ڕۆژانی هەینی لەڕێگەی کردنەوەی هەفتەبازاڕێکەوە جووتیاران و خاوەن باخەکانی سنوورەکە بەرهەمەکانیان لەم هەفتە بازاڕەدا ساغ دەکەنەوە، کردنەوەی ئەم هەفتەبازاڕە ڕۆژانی هەینی لەکاتژمێر 4ـی ئێوارەوە تا کاتژمێر 11شەو جگە لەوەی سوودێکی زۆری بۆ جووتیاران و خاوەن باخەکانی سنووری پارێزگا هەڵەبجە هەیە بووە بە هۆکارێکی سەرەکیش بۆ ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی شارەکان تری هەرێمی کور دستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

نەسرین مستەفا خاتوونێکی بەشداربووی هەفتەبازاڕەکەیە و بەرهەمی سرووشتی دەفرۆشێت لە لێدوانێکدا بەخەباتی گوت: بوونی ئەم جۆرە چالاکی و هەفتەبازاڕە بۆ جووتیاران و خاوەن باخەکان زۆر گرنگە، چونکە دەتوانین بەرهەمەکانمان بەشێوەیەکی یەک دەست بفرۆشینەوەو سوودی ئابووری بۆ ئێمەش دەبێت هاووڵاتیانیش بەنرخێکی کەم دەستیان بەبەرهەمەکان دەگات، گوتیشی: من لەم هەفتە بازاڕەدا بەرهەمی باخی خۆمان دەفرۆشم وەک توو و مێوژ و شەربەتی مێوژ و ڕوبەهەنار، کە ئەم هەفتەبازاڕە دەرفەتێکی زۆر باشە تا بتوانین كڕیاری بەردەوام بۆ بەرهەمەکانمان بدۆزینەوە.

ئەوەشی بە خەبات گوت: ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە هاووڵاتیان بەشێوەیەکی فراوان سەردانی هەفتەبازاڕەکە دەکەن و بەهۆی گونجاوی نرخی بەرهەمەکان پێداویستییەکانیان دەکڕن، گوتیشی: من وەک خۆم لەکەپرەکەمدا زیاتر ئەو گەشتیارانە سەردانم دەکەن کە لەشارەکانیترەوە سەردانی هەفتەبازاڕەکەیان کردووە، خواستان زۆر لەسەر بەرهەمە سرووشتیەکان، بۆیە داواکارین ئەم هەفتەبازاڕە لەهەفتەکانیتریشدا بەردەوامبێت تا بتوانین زۆرترین ڕێژەی بەرهەمەکانمان لەم بازاڕەدا ساغ بکەینەوە.

ئەرسەلان قادر جووتیارێکی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە لەبارەی گرنگی کردنەوەی ئەم هەفتە بازاڕەوە لە لێدوانێکدا بەخەباتی ڕاگەیاند: بوونی ئەم جۆرە چالاکی و هەفتەبازاڕانە زۆر گرنگە بۆ جووتیاران و لەڕووی ئابووریەوە زۆر سوودبەخشە، چونکە من وەکو جووتیارێک بەرهەمەکانم لە کێڵگەکەم ئامادە دەکەم و ڕاستەوخۆ دەیفرۆشم، نایبەمە عەلوە و پارەی عمولە نادەم، بۆیە بەنرخێک کەمتر دەیفرۆشمەوەو هاووڵاتیانیش سوودمەند دەبن و بەرهەمەکان بەنرخێکی کەم دەکڕن.

ئەوەشی گوت: لەم هەفتە بازاڕەدا هەموو جۆرە سەوزەو میوەیەکی سرشتی دەست دەکەوێت هاووڵاتیان وڕای ئەوەی پێداویستیەکانیان دەکڕن کاتێکی خۆشیش بەسەر دەبەن، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە هاووڵاتی لەشارەکانیتری کوردستانەوە سەردانی هەفتە بازاڕەکە دەکەن، گوتیشی: من وەک جووتیارێک زۆر سوودی ئابووریم لەم هەفتە بازاڕەکردووە پێم باشە لەهەفتەیەکدا دوو ڕۆژ ئەم هەفتە بازاڕە هەبێت لەجیاتی یەک ڕۆژ پێشنیاریش دەکەم لەو ڕۆژانەی پشوی فەرمی بەردەوامی هەبێت، تا زۆرترین بەرهەمان بفرۆشین.

لای خۆیەوە ستار مەحمود بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی کشتووکاڵی هەڵەبجە بەخەباتی ڕاگەیاند: بەبازارکردنی بەرهەمی جووتیاران بابەتێکی گرنکە بەڵای بەڕێو بەرایەتییەکەمانەوە کاری جدی لەسەر دەکەین، ئامانجیشمانە جووتیاران بەرهەمەکانیان بەباشترین شێوە بخەنە بازارەوە، جووتیارانیش زۆر گلەیی ئەوەیان هەبوو کە بەرهەمەکانیان ساغ نابێتەوە، بۆیە ئەم هەفتە بازارە دەرفەتێکی شایستەیە بۆ جووتیاران، چونکە ڕاستەوخۆ بەرهەمەکەی دەگەینێتە کڕیار بەبێ ئەوەی پێویستی بەعەلوە و بەقاڵ هەبێت، هەروەها دەرفەتێکە بۆ جووتیاران مشتەر هەمیشەی بۆ بەرهەمەکانیان بدۆزنەوە بۆ ئایندەش.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئەمە سێیەمین هەفتەیە لەسەر یەک هەموو ڕۆژانێکی هەینی لەکاتژمێر 4ـی ئێوارەوە تا کاتژمێر 11شەو بەڕووی جووتیاران و سەردانیکەراندا کراوەیە، بەپێی ئەو پێشوازیە زۆرەی لەلایەن هاووڵاتیانی سنوورەکەو هاتنی گەشتیاران بۆمان دەردەکەوێت هەفتە بازاڕەکە ئامانجی خۆی پێکاوە، گوتیشی: لەکاتی بونیادنانی شوێنی ئەم هەفتە بازاڕە تموحمان وابوو دوو هێندەی ئێستا فراوان بێت، بەڵام ئیمکانیاتی مادی پێویستە، ئەگەرنا لەڕووی ڕووبەری زەویەوە هیچ گرفتێکمان نییە، ئەگەر ئیمکانیاتی مادیمان لەبەردەستبێت دەتوانین زۆر فراوانتری بکەین و کەپری زیاتر بۆ جووتیاران دابین بکەین.

ستار مەحموود بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوکاڵی هەڵەبجە ئەوەشی بە خەبات گوت: لەم هەفتە بازاڕەدا جگە لەبەرهەمی جووتیاران، کۆمەڵێک کاسبکار هەن کە بەرهەمی سرووشتی خۆیان هەیە، یان خواردنە کوردەوارییەکان ئامادە دەکەن و دەیفرۆشنەوە، ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هەتا بتوانین و بە هەموو توانایەکمانەوە دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنین تا ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆیان، دەشڵێت: بۆ پێدانی کەپر لەناو هەفتە بازاڕەکەدا وەک بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هیچ مەرجێکمان نییە، تەنیا دەبێت جووتیار بەرهەمەکانی هی خۆی بێت، نابێت بەرهەمەکانی هاوردە و دەرەکی بێت، بە بەردەوامیش لیژنەکان چاودێری هەفتە بازاڕەکە دەکەن هەر بەرهەمێکی هاوردە یان دەرەکی ببینن جووتیارەکە ئاگاداردەکەنەوە، چونکە ئامانجی ئێمە لەکردنەوەی ئەم هەفتە بازاڕە دروستکردنی بازاڕێکی گونجاوە بۆ بەرهەمی جووتیارانی پارێزگای هەڵەبجە.