قوتابخانەی ناحكومی و ئاستی چوار

279

ڕۆشنا عەلی
چەند ساڵێك لەمەوبەر وەزارەتی پەروەردە بە مەبەستی بە نموونەییكردنی هەندێك قوتابخانە چەند پێوەرێکی دانابوو. هەربەم پێوەرانە چەند قوتابخانەیەكی ئامادەیی نازناوی نموونەییان وەرگرت. پڕۆژەكە ئەوەندە تەمەنی كورت بوو بەتەواوی فریای هەموو قوتابخانە بنەڕەتییەكان نەكەوت، ئەو كات ڕاپۆرتیكم لەسەر ئەو بابەتە كردو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێرم كرد، کە مامۆستا ئیبراهیم چۆمانی بەرپرسی ئەو بەشە بوو. لێم پرسی ئەم پڕۆسەیە قوتابخانە ناحكومییەكانیش دەگرێتەوە؟ لە وەڵامدا پێكەنی و گوتی:جا ئەگەر قوتابخانەی ئەهلی هەر خۆی نموونەیی نەبێت چۆن ڕێگای پێدەدەن بكرێتەوە.

ئەم خەڵات بەخشینەوەیەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەری وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەو قوتابخانانەی ئاستی چواریان هێنابوو ئەم بابەتەی بیری من هێنایەوە، كە بینیم بەشێكی زۆری ئەو 389 قوتابخانەیەی ئاستی چواریان وەرگرتووەو ڕێزو سوپاسیان پێدرا، قوتابخانە ناحكومییەكان بوون، ئێستا كە پێوەرو پێودانگەكان لە پڕۆژەی بنیادنانی تواناكان هەموو قوتابخانەیەك بگرێتەوە، كەواتە جیاوازی قوتابخانەیەكی حكومی و ناحكومی چییە؟ ئەگەر قوتابخانە ناحكومییەكان لە لوتكەی باشی و كوالێتی نەبن، چۆن دەكرێت مۆڵەتی كردنەوەیان پێبدەیت؟ بە هەمان ئەو پێوەرانەی قوتابخانەی گوندیكی پێ هەڵئەسەنگێنی، قوتابخانەیەكی ناحكومی كە كرێی خوێندنی ساڵانەی قوتابییەكی لەنێوان ملیۆنێک تا شەش ملیۆن دینار دایە، بیخەیتە ناوتای تەرازووی مەرجەكانتەوە.

من جگە لەوەی باوەڕم بە پێوەری هەڵسەنگاندنی قوتابخانەكان و بەم پڕۆژەیە نییە، هاوكات باوەڕم بە ئەنجامەكانیشی نییە، لەبەر ئەوەی زۆر ئاشكرایە چ خاترو خاترانەیەكی تێدایەو هەر سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرێك بە جۆرێك لێی تێگەشتوون، بەڕێوەبەرێك بۆی گێڕامەوە كە بۆ پرسیاریك لەجێبەجێكردنی ستانداردێكی ئەم پڕۆژەیە پرسیاری لە سێ سەرپەرشتیار كردووە، وەڵامی هەرسێكیان جیاواز بووە، بۆیە كەسیان لە كەسیان ناگەن، هاوكات بەم پێوەرانە دەگمەنە قوتابخانەی گوندێك بگاتە ئاستی چوار، بۆیە ئەوەی تێبینی دەكرێت لەم پڕۆژەیە بینایەكی جوان و بوونی كۆمەڵێك منداڵی بەرپرسان، كە قوتابخانەكە لەڕێگای ئەوانەوە دەستی ڕابگات بە جێبەجێكردنی هەندێك لەو پێوەرانە، بەڵام ئەی ئەوانی دیكە؟ جگە لەمەش ئاستی چوار لە دووتوێی پڕۆژەكەدا بۆ ئەو قوتابخانەیەیە، كە داهێنانی لە گەیاندنی زانست و پەروەردەو كارگێڕی و دروستكردنی قوتابی بەهرەمەند و تەنانەت لە پەیوەندییەكانیشدا كردبێت، لە كاتێكدا دەگمەنە لە دوو تا سێ قوتابخانە تەواوی ئەم مەرجانەیان تێدا بێت، چ بگات بە 389 قوتابخانە..!

ئەوەی لەمەش زیاتر جێگای تێبینییە لە نێو خودی قوتابخانە حكومییەكانیشدا جیاوازی زەق و نادادی گەورە هەیە، كە پێماندەڵێت ئەمە بەهیچ جۆرێك نابێتە پێوەری هەڵسەنگاندنی جیاكردنەوەی قوتابخانەیەكی باش لە قوتابخانەیەكی خراپ، بۆ نموونە قوتابخانەیەك یەك ساڵ بێت كرابێتەوە بە دەیان سكیورتی و ئەسیوپی و سووپایەك لە مامۆستا و گرێبەستكردنی دەیانی تری بۆ كرابێت. ئایا دەكرێت هەمان پێوەرەكانی قوتابخانەیەك بێت، كە 1000 قوتابی هەیە و دوو كارگوزاری نییە!؟ بۆیە لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم بەدوای پێوەر و پێودانگی باشتردا بگەڕێن و ئەم پڕۆژەیە لەسەرەتاوە ئیفلیج بووە.