بە هۆكارێكی نادیار ئاگر لە سنووری قەزای پێنجوێن كەوتووەتەوە و تاوەكوو ئێستاش تیمەكانی ئاگركوژێنەوە سەرقاڵی كۆنتڕۆلكردنی ئاگرەكەن، بەڵام لە تەشەنەكردن دایە.
بەپێی زانیارییەكان بە هۆكارێكی نادیار، ئاگر لە پووش و پاوان و دارستانی گوندەكانی هەڵاڵاوا و مەسۆ لە سنووری قەزای پێنجوێن كەوتووەتەوە و سەرەڕای هەوڵی تیمەكانی بەرگریی شارستانیی پێنجوێن بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە، بەڵام لە تەشەنەكردندایە و لەمبارەیەوەش داوای بەهاناوەچوون دەكرێت، چونكە لە تا دێ ئاگرەكە لە گوند و شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتوان نزیک دەبێتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، جگە لە سووتانی هەزار دۆنم لە پووش، پاوان و دارستان، دوو كەس بەهۆی ئاگرەكەوە سووتاون و ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی كراون، كە تەندروستی یەكێكان ناجێگیرە.