هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پچڕانی هەموو پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکە ئیسرائیلییەکاندا ڕاگەیاند. هاوکات هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنقەرەی لەگەڵ دەوحە و قاهیرە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ پرسی فەلەستین دووپات کردەوە.
هاکان فیدان، هۆکاری ئەو بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ “بەردەوامیی کۆمەڵکوژیی بەکۆمەڵ لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە، هەروەها سیاسەتە شەڕانگێزەکانی لە کەرتی غەززە کە درێژبووەتەوە بۆ قودس و کەناری ڕۆژئاوای فەلەستین، سووریا، ئێران و لوبنانی گرتووەتەوە”
فیدان وتیشی, هەوڵەکانی ئیسرائیل بەردەوامە بۆ نوقوم کردنی هەموو وڵاتانی ناوچەکە بۆ ناو ئاژاوەگێڕی، عەقڵیەتی ئیسرائیل دان بە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا نانێت و سەرپێچی دەکات.