دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی لاهور شێخ جەنگی و بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان لە شاری سلێمانی کرد.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە: “ئەمڕۆ سێشەمه 26ی ئاب شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەڕاسپاردەی سەرۆکی دەستە د.مونا یاقۆ سەردانی شاری سلێمانیان کرد، شاندەکە لە گرتووخانەی کانی گۆمە چاویان کەوت بە لاهوور شێخ جەنگی لەنزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرد دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و ڕێکارەکان پرسیاریان لێ کرد.”
ئاماژەی بەوە کرد: “تەندروستی باشە و لە ژوورێکی تایبەت دانراوە و تەواوی پێداویستییەکانی بۆ دابین کراوە، هەروەها بەڤیدیۆ لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە وەهەروەها داوای پەرتوکی کردبوو لەئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، وە ئاماژەی بەوەش کرد لەوکاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبۆتەوە.”
ئەوەش خراوەتە روو: “دواتر لاهوور شێخ جەنگی داوای کردووە کە دۆسیەکەی بە ڕێکاری یاسایی ڕوات و دەستەش چاودێری بکات.”
روونیش کراوەتەوە: “هەر لەسەر ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە گوتی زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکاو بەریتانیاوفەرەنسا و حکومەتی هەرێمی لێ ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن.”
جەختیش کراوەتەوە: “دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەدا مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەکانی بدرێ سەردانی بکەن و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەکان.”
هەروەها ئەوەش خراوەتە روو: “کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیەکی بەرامبەر نەکراوەو هیچ دان پێدانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە هەروەها لەوەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیو کردن لەکاتی لێکۆڵینەوە گوتی هیچ کامیرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکولینەوە.”
ئەوەش راگەیاندراوە کە: “دواتر تیمەکەی دەستە چاویان بەبەشێک لەدەستگیراوەکان کەوت کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی ناسراون و بەپێی بەدواداچوونی شاندەکەی دەستە ژمارەیان 162 کەسن وە ئاسایش گوتی ژمارەی کوژراوەکانی هەردوولا پێنج کەسن هەروەها ئاماژەیان پێکرد کە ڕۆژانە ڕێگە بە بەشێک لە کەسوکاریان دراوە سەردانیان بکەن و ئاماژەیان بەوە کردووە ئێستا شوێنیان باشە لەو کاتەی هێنراونەتە ئاسایش، ڕووبەڕووی هیچ تووندوتیژییەک نەبوونەتەوە.”
هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە: “هەر کەسێکی نادیار و بێ سەروشوێنە لەو ڕووداوە دەتوانێ سەردانی نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بکات بۆ سۆراخ کردنی کەسەکانیان.”
جێی باسە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەکەم دامەزراوەی فەرمییە دوای ڕووداوەکانی سلێمانی سەردانی دەستگیرکراوانی کردبێت.