خەبات: ساسان دەروێش:- 16ی ئاب و ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی دوو بۆنەی ئاوێتەبووی مێژوون کە هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنن لە هزر و بیری سەرکردەکان و نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد کە یادیان بکەنەوە، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوێنی شۆڕشگێڕی بۆ درێژەدان بەخەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی و سەرفرازیی کورد کردە فەلسەفەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و هاوکات خۆرێک لە مەهاباد هەڵهات بە لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی و بووە هێمای درەوشاوەی نەتەوەکەی بۆ بەردەوامی خەبات و تێکۆشان وەک پێشمەرگەیەکی ناو سەنگەرەکان کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی لێهاتە دی لەو دیدگایەوە سەرکردە و ڕۆشنبیرانی کورد بیروبۆچوون و پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی ئەم دوو بۆنە پیرۆزە دەکەن.
محەمەد ئیسماعیل سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا، لهبارهی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی بۆ خەبات گوتی: بە بۆنەی 79 هەمین ساڵەی پارتی و ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزباییمان ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد. تیایدا ستایشی سەرکردایەتی ژیرانەی سەرۆک بارزانی و ڕۆڵی بەرچاوی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە پشتیوانیکردنی دۆزی کورد کرد. باسمان لهوهش كرد كه بە بۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی حزبە تێکۆشەرەکەتان پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی قوربانیدان و شەهیدە سەربەرزەکان، خۆشحاڵین گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی بەڕێزتان سەرۆک بارزانی بکەین، پێزانینی قووڵی خۆمان بۆ سەرکردایەتی ژیرانەتان دەردەبڕین. ئەم بۆنە مەزنە نوێنەرایەتی بڕگەیەکی مێژوویی گەشاوە لە خەباتی گەلەکەمان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە قوربانیی گەورەی داوە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و بەدیهێنانی هیوا وخواستەکانیان. لە ڕێگەی ئێوەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی لایەنگرانی حزب وپێشمەرگە قارەمانەکەی دەکەین، هەروەها لە کەسوکاری شەهیدان، کە مایەی شانازی بۆ هەموومان بوون و بەردەوامن .هەروەها جەخت لە ڕۆڵی بەرچاوتان دەکەینەوە کە حزبی تێکۆشەری ئێوە لە پاڵپشتیکردنی دۆزی کوردیدا گێڕاوە، ڕۆڵێک کە گوزارشت لە خۆبەخشین و پابەندبوون بە بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری دەکات و هاوکارە لە بەهێزکردنی یەکڕیزی کورد لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
ههروهها كاوه مەحموود حەفیدزادە کەسایەتیی دیاری شاری سلێمانی و نەوەی شێخ مەحموودی حەفید بەبۆنەی هەردوو یادەوەری 16ی ئاب و ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی بۆ خەبات گوتی: بەبۆنەی 79 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی بەڕێزتان و بەڕێزان جێگرانی سەرۆک و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم، هیوادارم ئەم یادە پڕشکۆیە ببێتە وەرچەرخانێکی نوێی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بەدوای خۆیدا بهێنێت و کۆتایی بە گشت نەهامەتی و قەیرانەکان بێت کەساڵانێکی زۆرە گەلەکەمان پێوەی دەناڵێنێت لە ئێستاشدا بۆ شکستپێهێنانی قەیران و گشت پیلانگێڕییەکان، لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی نێوان گشت هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە، جێگەی خۆشحاڵیمانە کە لەپێناوی ئەو ئامانجە پیرۆزەدا لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لە هەوڵ و کۆششی بەردەوامدان.
ههروهها د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بۆ یادی 16ی ئاب و ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی گوتی: لە مێژووی گەلاندا، هێماگەلێک هەن کە لە قووڵایی ناخیانەوە هەڵدەقوڵێن، هێماگەلێک کە تەنیا بەرد و دار و وێنە نین، بەڵکوو ڕۆحی زیندووی نەتەوەکەن. بۆ ئێمەی کورد، «پارتی» ئەو چنارە کۆن و بەڕەگەیە، ئەو درەختە شکۆمەندەیە کە لە ڕۆژێکی وەک سبەیدا، لەناو وشکەساڵیی نائومێدیدا، لەسەر دەستی پیرۆزی بارزانیی باوک، یەکەم نەمامی نێژرا، ڕەگەکانی ئەم چنارە، هەروا لەسەر ڕووی زەوی دانەکوتراون. ڕەگەکانی، ئەو ڕێبازە پیرۆزەیە کە بە خوێنی شەهیدان ئاو دراوە و لەناو دڵی هەموو گوند و شار و کوێستانێکی کوردستاندا چەقیوە، هەر بۆیە کاتێک زریانەکانی پیلانگێڕی هەڵدەکەن، ئەم چنارە نالەرزێت، چونکە ڕەگەکانی لە خۆشەویستیی خەڵکەکەیدا قایمە، قەدەکەی، داستانێکی 79 ساڵەی خۆڕاگرییە. هەر چینێک لە توێکڵی ئەم قەدە، یادەوەریی شۆڕشێک، برینی شەڕێک، و ئارامیی ئاشتییەکی تێدا هەڵگرتووە. قەدێکە کە تەوەری دوژمنان نەیتوانیوە بیبڕێت و گەردەلوولی خیانەت نەیتوانیوە بیچەمێنێتەوە، ئەو قەدەیە کە بووەتە پشتی پێشمەرگە و پەنای لێقەوماوان، لق و پۆپەکانی، باوەشی گەرمی نیشتمانە بۆ هەموو ڕۆڵەکانی، بە هەموو ڕەنگ و دەنگ و ئاینە جیاوازەکانەوە.
گەڵاکانی، ئەو ملیۆنان ئەندام و لایەنگرەن کە لە بەهاردا سەوز دەبن و چرۆ دەکەن، و تەنانەت لە پاییزیشدا کاتێک هەڵدەوەرن، دەبنە خۆراک بۆ نەوەیەکی نوێ تا بەهێزتر بڕوێنەوە. لەژێرسێبەری ئەم چنارەدا، نەوە لە دوای نەوە حەساونەتەوە، منداڵانمان فێری یەکەم وشەی «کوردستان» بوون و پیرەکانمان چیرۆکی قارەمانێتیان بۆ گێڕاوینەتەوە، ئەم سێبەرە، سێبەری ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە. ئەمڕۆ، سەرۆک بارزانی، ئەو باخەوانە دڵسۆز و میراتگرە بە ئەمەکەیە کە بە خوێنی دڵ ئاودێریی ئەم درەختەی کردووە، ئەو باش دەزانێت کام چڵی وشک بووە پێویستە لێ بکرێتەوە و چۆن پارێزگاری لە ڕەگەکان بکات تا کرمێی دووبەرەکی لێی نەدات، ئەو بە حیکمەتی خۆی، ئەم چنارەی لە هەموو کڕێوە و بەفرێکی قورس پاراستووە و وای لێکردووە کە ساڵ لە دوای ساڵ، باڵاتر و سەوزتر و شکۆمەندتر دەربکەوێت. 16ی ئاب تەنیا ساڵیاد نییە، بەڵکوو نوێبوونەوەی ئەو پەیمانەیە کە ئێمە، وەکو گەڵاکانی ئەم درەختە، هەمیشە دڵسۆزی ڕەگ و قەدەکەمان بین. ئەم چنارە، چارەنووسی ئێمەیە و ئێمەش، ژیانی ئەوین. تا ئەم چنارە هەبێت، کوردستان هەناسە دەدات.
سەلاح بەدرەدین، سیاسەتوانی دیاری ڕۆژئاوای کوردستان و سەرۆکی پێشووی پارتی هەڤگرتنی گەلی کورد لە سووریا ڕایگهیاندووه: لە ساڵیادی لەدایکبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرکردەی کۆچکردوو مستەفا بارزانی دامەزرێنەر و سەرۆکی یەکەمی ئەو حزبە بوو، بە ئەرکی خۆم دەزانم گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانی و لە ڕێگەی ئەوەوە ئاراستەی سەرجەم ئەندامان بکەم. ئەم حزبە لە ژیانی سیاسی کوردستانی عێراقدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە و بەردەوامیشی هەیە. سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوولی کرد کە لە ساڵی 1970 بە جاڕنامەی ئۆتۆنۆمی مانگی ئازار گەیشتە لووتکە و بەشدارییەکی بەرچاوی لە شۆڕشی گوڵاندا کرد. هەروەها سەرکردایەتی ئەو ڕاپەڕینەی کرد کە یەکەم پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستانی لە ساڵی 1992 بەدەستهێنا کە لە ئەنجامدا فیدراڵیزم پەسەندکرا. هەروەها پرەنسیپی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی چارەنووسی خۆنووسینی لەساڵی2017 دا پەسەند کرد، هیوادارم ئەم حزبە ببێتە نموونەیەک لە نوێکردنەوەی خۆی و پێشەنگ بێت لە بەهێزکردنی لە ڕیزەکاندا. بۆ زیاتر لە پەنجا ساڵە، بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵوێستەکانی ئەم حزبە، لە دیدارەکەم لەگەڵ ڕێبەری گەورەی کۆچکردوو بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی خوالێخۆشبوو لە مانگی ئایاری 1967، تا قۆناغی ئێستا، و لە سەختترین هەلومەرجدا، لە خزمەتی دۆزی خۆمدا بووم بۆ پاراستنی گرنگترین ئەزموونی کورد مێژووی ئێمە شایەتحاڵی ئەوەیە کە من هیچ پەشیمان نیم لە خزمەتکردنی کورد و کوردستان.
د. ئیسماعیل کامیل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕهوهندی كوردستانی پەیامێک ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دهڵێت: بە ناوی سەرجەم ئەندامانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، پیرۆزبایی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاڕاستەی سەرۆک (مەسعود بارزانی) و ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەگە قارەماناکان و کادیرە خەمخۆرەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و سەرجەم لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەختترین کاتدا دامەزرا، کە زەروورەتێکی مێژوویی بوو بۆ برەودان بەخەباتی تێکۆشان بۆ نەتەوەکەمان لەپێناو سەروەریی کورد و ئازادی بۆ مافەکان و سەربەخۆیی بۆ نیشتمان، کۆڵنەدانی شۆڕشگێڕانەتان بەرز دەنرخێنین. هیواخوازین ئەم یادە مەزنە ببێتە بنەمای یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی بەمەبەستی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و پێشوەچوونی هەرێمی کوردستان. جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەین، ئومێدمان بە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرە، کە کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی ڕووناکتر هەنگاوبنێ.










