د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئومێد هەیە لەسەر مووچە بڕیار بدرێت و كێشەی گەورە كە نەوت بوو، چارەسەر بووە.
د. شاخەوان عەبدوڵا لە كەركووك بۆ رۆژنامەنووسان دووپاتی لەوە كردەوە، كێشەی نەوت نەماوە و هیچ مووچەیەك نافەوتێت و هەمووی دەدرێت.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كێشەی داهاتە ناوخۆییەكان هەبوو، لەم چەند رۆژەدا ئەویش چارەسەر بووە، كێشەی گەورە لە عێراق لێكدانەوەی قانوونە و دەستوور دەبێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە كرد، كە عەقڵیەتی مەركەزی لە عێراق هەیە و ئەوانە هۆكارن بۆ چوونە دواوەی رێككەوتنەكان، “پێش چوار رۆژ لەگەڵ سوودانی كۆبوومەوە، گوتوویەتی هەنگاوە خێراكانی كوردستان ئومێدبەخشن بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بن”.
لەسەر هەناردەی نەوت زیاتر قسەی كرد و گوتی، بازاڕی هەندێك كەس نەما كە بڵێن هەرێمی كوردستان نەوت رادەست ناكات، هەموو ئەوانە بە رێككەوتن چارەسەر كراوە و نەوت ئێستە لای عێراقە.