ئەنوەر برزو، رۆشنبیر، کتێبفرۆش و کەسایەتیی دیاری شاری سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی نەخۆشییەوە و لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، مامۆستا ئەنوەر برزو، رۆشنبیر، کتێبفرۆش کە هاوکات کادری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەنوەر برزو لە ساڵی 1939 لە گوندی باڕۆیی سەر بە قەزای بازیان لەدایکبووە و لە ساڵی 1949ـەوە لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە.
کتێبخانەکەی مامۆستا ئەنوەر ناوی پەیام بوو، خۆی دەڵێت ساڵی 1976 بیرۆکەی ئەوەم بۆهات کتێبخانەیەکی گەورە دابنێم و ناوی بنێم پەیام، سەرەتا کتێبخانەکەی لە شەقامی مەولەوی بووە و دواتر گواستییەوە بۆ شەقامی سالم و لە نزیک باخی گشتی.
کتێبخانەی پەیام بە ڕووبەر بچووکبوو بەڵام کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی پڕ لە سەرچاوەی جیاوازی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و زمانەکانی دیکەش بوو، ناوەندێکی گرنگیش بوو بۆ قوتابییان و خوێندکاران بەتایبەت ئەوانەی بۆ توێژینەوە زانستییەکانیان بەدوای سەرچاوەی گرنگ و دەگمەندا دەگەڕان.
کتێبخانەی پەیام ڕوویەکی جوانی سلێمانی بوو، نزیکەی 30 ساڵە کتێبخانەکەی لە نزیک باخی گشتییە و کەم کەس هەیە لەو شارە بە مامۆستا برزوو و کتێبخانەکەی ئاشنا نەبێت و هەر نەبێت چەند جارێک بە بەردەمیدا تێنەپەڕیبێت.
ئەنوەر برزوو، بەوە ناسرابوو کە حەزی بە هاوکاریی گەنجان بوو، کەم گەنجی خوێندەوار هەیە چووبێتە کتێبخانەکەی مامۆستا ئەنوەر و دیارییەکی مامۆستا ئەنوەری وەرنەگرتبێت، دیارییەکانیشی هەمیشە کتێب و گۆڤار ڕۆژنامەکان بوو. بۆخۆشی خولیایەکی گەورەی خوێندنەوەی هەبوو، هەر کات ڕووت لە کتێبخانە خنجیلانەکەی بکردایە سەری لەسەر کتێبێک بوو و خەریکی خوێندنەوە بوو.
![]()








