پارتی لە حزبەوە بۆ دەوڵەت

220

د. ئەڤین فەتاح سورچی *
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی دیموکراتی نیشتیمانی و جەماوەری لە ١٩٤٦ لە سەر دەستی رابەری گەلی کورد مەلا مستافا بارزانی دامەزراوە، بە ئامانجی خەباتی نەتەوەیی و پاراستنی مافی گەلی کورد، پارتی ماوەی ٨٠ ساڵە هەموو قۆناغە سەخت و ناهەموارەکانی تێپەراندووە بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای کورد بۆیە گرنگە ئەم قۆناغانە بە ویردی دیراسە بکرێت و زۆرترین توێژینەوەی لەسەر ئەنجام بدرێت.

هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پارتییەوە تا راپەرینی بەهاری ١٩٩١، و تا ئێستاش و بە بەردەوامیی لەکرۆکی ئەم حزبەدا پاراستنی هەستی نەتەوەی کورد و خەباتی مەیدانی و چەکداری دژی رژێمە یەکلە دوایەکەکاندا و رێکخستنەوەی نەتەوەی کورد لەسەر بنەمای ئامانجە سیاسییەکان بووە، دوای شۆرشی گەورەی ١٩٩١ تاکو ڕووخانی رژێمی عێراق ٢٠٠٣، پارتی بە شێوەیەکی کاریگەر و راستەوخۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG)ەوە رۆلی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندن و بەشداریکردنی گەلەکەمان لە سیاسەت و کاری پەرلەمانیی و پارتی کارەکتەرێکی بەهێز بوو لە بەرەوپێشبردنی سیستەمی پەرلەمانی و حوکمرانی لەم ناوچەیەدا. سەرەرای ئەمەش پارتی وەک حزبێکی خۆراگر هەوڵی بێوچانی داوە لە پاراستنی ئاسایش و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و بەرەوپێشبردنی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی حکومرانیی دەوڵەتە گەورەکانی جیهان.

پاش دەست بەکاربوونی حکومەتی عێراقی نوێ لە ساڵی (٢٠٠٣)، پارتی بە هێزێکی خاوەن سەنگ و دیدگا و جیهانبینییەکی تایبەتەوە لە دەوڵەتی فیدراڵی بەشداری دەکات و دەنگ بەرزدەکا بە سەرکردایەتی مەسعود بارزانی. هەر لە خەباتی شاخ و سیاسی بۆ خەباتی حکومرانی مۆدێرن، پارتی پەیوەندی ناوخۆی و نیودەوڵەتیی فراوانتر کرد تا دەگاتە پەیوەندی جیهانیی لەگەڵ وڵاتە زلهێزو پێشکەتووەکانی وەک ئەمریکا، ئەوروپا، … تاد، کە بە هاوبەشکاریی سیاسی پێویست دادەنرێت لە دەوڵەتە دراوسێکاندا.

مێژوو و خەباتی پارتی دەرخەری ئەو واقیعەتەن کە هەنگاوەکانی ئەم حزبە زنجیربەندن و بەردەوامیی و پایەدارییان هەیە. هەنگاوەکانی ئەمرۆی پارتی هاوشێوەی دەولەتمەدارێکە بۆ دەوڵەتەکەی چ لە ئاستی پێشکەوتنی ئاسایشی و گەشەسەندنی ئابووری، تا ئاستی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان و پێگەی پارتی لە چاو وڵاتانی دراوسێ و کاریگەری ناوچەکە و جیهاندا. بۆیەش پارتی لە ناوچەکەدا جێگای ئومێدە لە کاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی و نێودەوڵەتی، لە کۆتاییدا دەبێ ئەوە دووپاتبکەینەوە کە بوونی پارتی پەیوەستە بە بوونی کورد و کوردستانەوە.

*ئەندامی پەرلەمانی کوردستان