وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، هاوكاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە گەیشت و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 5/8/2025، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: “هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى حەوت، تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایى و ژمێریارییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریى سەربازى)، لە رۆژی پێنجشەممە 7/8/2025، دەست بە دابەشکردنى دەکرێت.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “لەم مانگەدا نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من) هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی دیكەش لە رێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکانیان وەردەگرن.”
وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوەش دەكاتەوە: “لێرەوە، بە هەموانی ڕادەگەیەنین، سەرچاوەی فەرمی بۆ هەموو هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگە، تەنیا ماڵپەری فەرمی و سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، بۆیە هەر هەواڵ و زانیارییەک لە هەر پێگەیەکی دیكەی میدیایی بڵاو بکرێتەوە، متمانەی پێ ناکرێت و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ بەرپرسیاریەتییەک لە زانیارییە هەڵەکان هەڵناگرێت کە لە کەناڵەکانی دیكەوە بڵاو دەکرێنەوە.”