زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی، كە دەكاتە 40%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كارەبای 24 كاتژمێرییان هەیە و زیات لە لە دووهەزار و 517 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکانیش کوژێنراونەتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاوی كردەوە: “ئەمڕۆ خۆشحاڵین بە ڕاگەیاندنی گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی. “

ئاماژەی بەوەش داوە: “دوابەدوای ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆ، زۆرینەی هاووڵاتییان لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستییان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری. ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە هەرێمی کوردستان. “

دوایین ئاماری هاوڵاتی و هاوبەشانی نێو پڕۆژەی ڕووناکی:

هەولێر
• هاووڵاتی: 1,458,000
• هاوبەش: 380,000

سلێمانی
• هاووڵاتی: 976,500
• هاوبەش: 257,000

دهۆک
• هاوڵاتی: 288,000
• هاوبەش: 79,000

کۆی گشتی
• هاووڵاتی: 2,722,500
• هاوبەش: 716،000

وەزارەتی كارەبا ئاشكراشی كردووە، هەروەها، زیاتر لە 2,517 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، و تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە.

کۆی گشتی ژمارەی ئەو مۆلیدانەی کوژێنراونەتەوە لە پڕۆژەی ڕووناکی:

هەولێر
• ژمارەی مۆلیدە: 1,734
• هاوتای ئۆتۆمبیل (لەڕووی دەردانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنەوە): 300,000

سلێمانی
• ژمارەی مۆلیدە: 518
• هاوتای ئۆتۆمبیل: 90,000

دهۆک
• ژمارەی مۆلیدە: 265
• هاوتای ئۆتۆمبیل: 46,000

کۆی گشتی
• ژمارەی مۆلیدە: 2،517
• هاوتای ئۆتۆمبیل: 465،000

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە هاووڵاتییان کەمترین پارەی کارەبایان دابوو لە پسوولەکانی مانگی پێنج. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخە نوێیەکان کەوا بۆ پاراستنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی کارەباوە دانراون. لەژێر نرخە نوێیەکاندا، 80%ـی هاوڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتیمانی و کارەبای مۆلیدە گازوایلەکان.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە 14ـی ئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

تاوەکو کۆتایی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێ دەگات.