خەبات: عەلی بانیشاری:- تیمێكی هاوبەشی شوێنەوارناسانی كوردی-ئەمریكی لە دەشتی شەمامكی پارێزگای هەولێر شوێنەوارێكی زیاتر لە 6000 ساڵە دەدۆزنەوە. دۆزینەوەكە پاش چوار هەفتەیە لە كاركردنی تیمی شوێنەواری زانكۆی براین ماوەری ئەمریكی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر دێت لە پێگەیەكی شوێنەواری لە سنووری گوندی باقرتە لە ناحیەی شەمامك. سەرۆكی تیمە ئەمریكییە دەڵێت: پێدەچێت دانیشتووانی كۆمەڵگەكە لە ئەنجامی ڕووداوی سروشتی وەكو بومەلەرزە لەناوچووبن.
ئەو پێگەیەی شوێنەوارەكەی لێ دۆزراوەتەوە بە گردی مەتراب ناسراوە و پێشتر لە نەخشەی شوێنەواری عێراق تۆماركراوە و دواتریش لە ئەنجامی رووپێوی شوێنەواری زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی لە سنووری دەشتی هەولێر لە ساڵی 2018 جارێكی دیكە وەكو پێگەیەكی شوێنەواری لەسەر نەخشەی شوێنەواری
گردی مەتراب بە دووری نزیكەی 25 كیلۆمەتر كەوتووەتە باشووری شاری هەولێر و ڕووبەرەكەی 30 هەزار مەتر چوارگۆشەیە. بۆ وەرزی هەڵكۆڵینی 2025 تیمە شوێنەوارییەكە لە دوو چوارگۆشەی كراوە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای گردە شوێنەوارییەكە كاریان كردووە و زۆرینەی پاشماوە و كەرەستە شوێنەوارییەكان لەو دوو چوارگۆشەیە دۆزرانەتەوە كە ڕووبەری هەریەكەیان 100-150 مەتر دەبێت.
پڕۆفیسۆر ڕۆكۆ پالێرمۆ، بەڕێوەبەری پڕۆژەكە و سەرۆكی تیمی شوێنەواری زانكۆی براین ماوەری ئەمریكی بە (خەبات)ـی گوت: مێژووی گردی مەتراب بەپێی دۆزینەوە نوێیەكان دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەردەمی كالكۆلیتیكی واتە زیاتر لە 4000 هەزار ساڵ پێش زایین. گوتیشی: لە گردەكە شوێنەوارییەكە جگەلە پاشماوەی شوێنەوارییەكانی سەردەمی كالكۆلیتیك، پاشماوە و كەرەستەی سەردەمی هێلینیستیش دۆزرانەنەتەوە، ئەمەش زانیاری نوێمان لەسەر ژیانی كۆمەڵگە گوندنیشینەكانی میزۆپۆتامیا لە دوو سەردەمی مێژووی جیاواز بۆ دەخاتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشدا، دۆزینەوە نوێیەكە خۆی دەبینێتەوە لە پاشماوە و پێكهاتەی بیناسازیی كە لە چەندین ژوور و چێشتخانە و كۆگا، بەلای ئێمەوە ئەم دۆزینەوەیە سەرنجڕاكێشە و جێگەی دڵخۆشییە كە لەو وەرزەی هەڵكۆڵین ئەو ئەنجامە باشەمان لە ماوەی چوار هەفتەدا هەبووە. جگەلە پاشماوەی بیناسازیی لە گردی مەتراب ژمارەیەكی زۆر لە گۆزە و كوپ و سنارەی دەگا و تەلیشەبەرد و تەندرو و سەرەتەیشی سەردەمی كالكۆلیتیك و هێلینیستی دۆزرانەتەوە.
ڕۆكۆ پالێرمۆ پێیوایە، دانیشتووانی كۆنی گردی مەتراب بەهۆی ڕووداوی سروشتی وەكو بومەلەرزە لەناوچوون. بەگوێرەی ئەو ڕووپێوییەی زانكۆی هارڤارد ئەنجامیداوە دەشتی هەولێر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چڕترین پێگەی شوێنەواری لێیە، بەشێوەیەك لە هەر كیلۆمەترێك چوارگۆشە پێگەیەكی شوێنەواری هەیە، ئەوەش بەهۆی هەڵكەوتی جوگرافیای ناوچەكە و بوونی زەوی بەپیت و سەرچاوەی ئاوی زۆر و چەند هۆكارێكی دیكە لە ڕابردوودا.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 3000 ناوچەی شوێنەواری هەن، بەشێكی كەم لەو پێگە شوێنەواریانە پێشتر تۆماركراون و بەشێكی تریشان كە زۆرینەی پێگە شوێنەوارییەكان پێكدێنن نوێن. بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر گرێبەستی كاركردنی لەگەڵ نزیكەی 10 زانكۆی بیانی هەیە بەمەبەستی هەڵكۆڵین و ڕووپێوی شوێنەواریی لە سنووری پارێزگای هەولێر.











