د. سامان سۆرانی
دەوترێ دەوڵەتمەدار تەنها سیاسی، یان بەرپرسێك نییە، کە پۆستێکی وەرگرتبێت، بەڵکو کەسێکە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان دەخاتە سەرووی بەرژەوەندی کەسی و حزبییەوە و کار بۆ بونیادنانی دامەزراوەکانی وڵاتەکەی دەکات و بەردەوام بیر لە نەوەکانی ئایندە دەکات. بە واتایەکی تر دەوڵەتمەدار ئەو کەسەیە، کە لە کاتە سەختەکاندا جڵەوی بڕیاردان دەگرێتە ئەستۆ و بەهەر نرخێ بێت شان دەداتە بەر بەرپرسیارێتی تەواو.
ئەم تایبەتمەندیانە لە دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی دەبینرێ، چونکە ئەو هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەکوو سەرۆكی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، نیشتمانی لە دەوری پرۆژەیەکی کۆمکار و بونیادنەر یەكخست و ووتی، هاوڵاتیان دروشمیان ناوێت، بەڵکو کارەبا و ئاو و کار و دادپەروەرییان دەوێت، بۆیە بێ ووچان کاری بۆ بەهێزکردنی کوردستان کرد، بەدامەزراوەیی کردنی جومکەکانی حکومەت و خزمەتکردنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە و پارێزگاریکردن لە بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکان کرد بە بەرنامەی حکومەتەکەی، بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان وابەستەی ئیرادەیەکی دەرەکی بکات، مەسرور بارزانی بە لۆژیکی سیاسی سەلماندی، کەوا توانای بڕیاردانی درێژخایەنی هەیە لە بواری ئابووری، ئاسایش، پەروەردە و سیاسەتی دەرەوە. پلانی بۆ سی ساڵی داهاتوو داڕشت، نەوەك بۆ ئەوەی خولێکی تر هەڵبژێردرێتەوە.
سەرۆكی حکومەت سەروەری و ناسنامەی کوردستانی بە پیرۆز دەزانێت، مافی گەلی کوردستان فەرامۆش ناکات و ناچێتە ناو ململانێ ناوخۆییەکانەوە، تا گەلی کوردستان لاواز و پەرتەوازە نەبێت، ئەو لە نێوان شکۆمەندی نیشتمانی و واقعییەتی سیاسی و لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەمیشە هاوسەنگی ڕادەگرێ، مەسرور بارزانی بڕوای تەواوی بە هاوڵاتیانی کوردستان هەیە، کە ئامادەن لە پێناو نیشتمانیان قوربانی بدەن، بۆیە کارە لە پێشینەکانی لە خوێندن و تەکنەلۆژیا و تەندروستی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و دادپەروەری و ڕاهێزانی لاوان و پاڵپشتی ئافرەت و توێژەکانی تری کۆمەڵگە چڕکردۆتەوە، تا لە ڕێگەیانەوە مرۆڤی نیشتمانساز و متمانە بەخۆ و بەرهەمهێن درووست بێت. ئەو باوەڕی وایە، گەورەترین سامانی نەتەوە توانا مرۆییەکانە نەوەك نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی تر، دەوڵەتمەدار لە کاتی قەیران و لە قۆناغە سەختەکان دەردەکەوێت، پێش دەکەوێت و قەیرانەکانی وەکوو کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بودجە لەلایەن عێراقی فیدڕاڵەوە دەکات بە دەرفەتێ بۆ بونیادنان، تەنانەت ئەگەر هیچ کەسیش چەپڵەی بۆ لێنەدات، مەسرور بارزانی دەڵێ، ئێمە ناتوانین کەس ڕازی بکەین، کە لەگەڵمان بوەستێت ئەگەر سەرەتا خۆمان چاک نەکەین.









