سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە كونسوڵی گشتیی قەتەڕ كرد و ئاماژەی بە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 21/7/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە حسێن بن عەلی ئەلفەزالە، كونسوڵی گشتیی قەتەڕ لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرد، سوپاسی کونسوڵی گشتیی قەتەڕیشی کرد بۆ ئەو ماوەی کاری بۆ بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەڕ کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.
کونسوڵی گشتیی قەتەڕ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و خواستی دەوڵەتی قەتەڕیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە.
کونسوڵی گشتیی قەتەڕ، هەروەها ستایشی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد بە تایبەتی پرۆژەی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری.