لە پەراوێزی ئاهەنگی یاری كۆتایی مۆندیالی یانەکانی 2025، کە لە شاری نیوجرسی بەڕێوەچوو، لەناكاو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەرکەوت بۆ سەر پۆدیۆم، كە ئەمەش مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیەوە هێنا.
ترهمپ شانبەشانی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا دەرکەوت لە کاتی ئاهەنگی خەڵاتکردنی یاریزانانی چێڵسی، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە ئینفانتینۆ مەدالیای تایبەتی دەبەخشێتە ترەمپ، پرسیاری زۆری لێکەوتەوە، بەتایبەتی کە ئینفانتینۆ میدالیاكەی لە گیرفانی چاکەتەکەیدا دانابوو، ئەمەش وای لە هەمووان کرد ئەم دیمەنە بخەنە ژێر پرسیارەوە: ئایا مەدالیای براوە بوو یان یادگاری بوو؟ وە بۆچی لەم کاتەدا و لەبەردەم کامێراکاندا پێشکەشی ترەمپ کرا؟
ئەم ڕووداوە شەپۆلێکی کارلێکەکانی لە سۆشیال میدیادا بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش لەکاتێکدایە تا ئێستا ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن فیفا یان ڕێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە نەدراوە.