ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدای پەسەندكرد و بڕیاری ناردنی یەک مووچەی دا، لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراقیش بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند كە پارەی پێویستیان لەبەردەستە بۆ دابینكردنی مووچە.
كاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ تاوتوێ و پەسەندكردنی لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە نەوت و مووچە کرد.
سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند كە ئەنجوومەنەكە ڕەشنووسی لێتێگەیشتنەكەی پەسەند كردووە و بڕیاری ناردنی مووچەیەکی دا.
ئەم كۆبوونەوە نائاساییەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوای ئەوە دێت كە دوێنی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەشنووسی لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدای پەسەند كرد و بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی بەغدا کرا.
دوای ئەم پەسەندكردنە، پێویستە حکومەتی عێراق بە تەواوەتی پابەندبێت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەك لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند كە پارەی پێویستیان لەبەردەستە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەر كاتێك حكومەتی عێراق بڕیار بدات، بە زووترین كات پارەی پێویستی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دابین دەكەن.