سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی سەركەوتنی هەردوو یانەی دهۆك و زاخۆ بە یاریی كۆتایی جامی عێراق، پەیامێكی ئاڕاستە كردن و ڕایدەگەیەنێت: “ئەم دەستكەوتە، بەڵگەیە بۆ توانا و بەهرەی گەنجانی ئێمە.”

ئەمڕۆ یەكشەممە 13/7/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاو كردەوە و ئاراستەی هەردوو یانەی دهۆك و زاخۆی بە بۆنەی گەیشتنیان بە یاریی كۆتایی جامی عێراق، دەڵێت: “بە بۆنەی گەیشتنیان بۆ یاریی كۆتایی جامی عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی لە هەردوو تیپی تۆپی پێی دهۆك و زاخۆ دەكەین.”

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش داوە: “ئەم دەستكەوتە، بەڵگەیە بۆ توانا و بەهرەی گەنجانی ئێمە، هەروەها شانازییەكی گەورەیە بۆ هەموو كوردستانییان، هیوام سەركەوتنتانە.”

لە یاریی پێشكۆتایی جامی عێراق، هەردوو یانەی دهۆك و زاخۆی دەڤەری بادینان، توانییان سەركەوتن بەسەر یانەكانی جەویە و شوڕتەدا بەدەست بهێنن و بۆ یەكەمجار لە مێژوودا، دوو یانەی كوردستانی گەیشتنە یاریی كۆتایی ئەو جامە و تا ئێستا یەكلا نەكراوەتەوە یاریی كۆتایی لە كام یاریگە بەڕێوە دەچێت.