بارەگای بارزانی، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

پەیوەست بە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی ھەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە. بەڵام ھەر ئەمڕۆ بەڕێز د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە کە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حکوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.

ھەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەکی ھێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایھێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و ھەمیشە بڕوامان بەوە ھەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ ھەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکەین.

بارەگای بارزانی

١٢ی تەممووزی ٢٠٢٥