د . محهمهد خدر مهولود
هەرلەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە پەیوەندییەکی زۆرلاوازلە نێوان نووسەرو ئەدیبانی دەڤەری بادینان وگۆڤارورۆژنامەکانی شاری هەولێردا هەبوو. ئەو پەیوەندییە ئەدەبییە لەبەر گەڵێ هۆکاری سیاسیی و تۆپۆگرافی دەگەڕێتەوە بە نەبوون هەژمار کراوە. لە هۆکارە سیاسییەکان نزیکی شاری مووسڵ لە شاری دهۆک و دەڤەری بادینان ولە چاو شاری هەولێردا،هەروا هەژموون و زاڵبوونی شاری مووسڵ بە پشتیوانی سیاسەتی حوکمڕانی عێراقی شۆفینی لە بەغداوە تا درێژە بە سیاسەتی تەعریبی دەڤەری بادینان بدرێ، لە کاتێکدا شاری مووسڵ بە قەڵای عروبە و سەربازی ناسراوبوو.
لە هۆکاری تۆپۆگرافیش نەبوونی پردی پێویست، لەسەر ڕووباری زێی گەورە- زێی بادینان بە مەبەستی بەستنەوەی دەڤەری بادینان و سۆران و نزیککردنەوەی هەردوو شاری هەولێرو دهۆک لەیەکتری . لەکاتێکدا پردی قەندیل وەک ناوچەیەکی سەربازی لەلایەن سوپای عێراقەوە هەژمارکرابوو.

ئەنوەر مایی و گۆڤاری هەتاوی گیوی موکریانی
نووسەرورۆژنامەنووسی ناوداری کورد، ئەنوەر مایی وەک چۆن لە چەندین و زۆربەی هەرە زۆری بوارەکانی ئەدەبی و نووسین وکاری رۆژنامەوانی دا پێشەنگ وڕەچە شکێن بووە ئاواش لە بواری دروستکردنی پەیوەندی رۆژنامەوانی لە نێوان نووسەرو ئەدیبانی دەڤەری بادینان و شاری هەولێرو چاپەمەنی وبڵاوکراوەکانی پەیوەندی دروستکردوە وبۆتە پردی ناسین وئاشناکردنی زیاتری کەلتووروئەدەب ورۆشنبیری وکۆمەڵایەتی لە نێوان دەڤەری بادینان وشاری هەولێردا، بەتایبەتی پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەنووس و نووسەرو ئەدیبی ناوداری کورد گیوی موکریانی وگۆڤاری هەتاو دا.
هەڵبەتە ئەوپەیوەندییەیەی لە نێوان ئەنوەرمایی وگیوی موکریانی دروست دەبێ وسەرئەنجام و لەکۆتایدا بۆتەواوی مێژووی ئەدەب وڕۆژنامەگەری کوردی پەیوەندییەکە دەبێتە پەیوەندییەکی ئەدەبی بەرهەمداری پێشەنگ و لە ئایندەدا نووسەران و ئەدیبان وڕۆشنبیرانی دەڤەری بادینان و شاری دهۆک روو لەبڵاوکراوەکانی شاری هەولێر بکەن بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەم و بابەتە ئەدەبییەکانیان.
ئەم پەیوەندییەی ئەنوەر مایی دەبێتە پردێک بۆ بەستەوەی هەردوو دەڤەری سۆران وبادینان وهەردوو شاری هەولێرو دهۆک، بۆ بواری پرسی نەتەوە و خەباتی سیاسی و چەکداری لە شۆرشی ئەیلوولدا، ئەنجامی ئەو پەیوەندییە رەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەرتەواوی پرسەی ئەدەبی وسیاسی دا دەبێ.
لەبارەی ئەو بەرهەم و بابەتانەی ئەنوەر مایی کە لە گۆڤاری هەتاو- هەولێر بڵاوکراونەتەوە بەم جۆرە دەیانخەینە ڕوو.
وتاری زمانەوانی ئەنوەر مایی لە گۆڤاری هەتاودا
گۆڤاری هەتاو لەگەڵ ئەوەی هەبوونی خۆی بووە بە مایەی بووژاندنەوەی زمانی کوردی بایەخێکی تەواویشی بە کێشەی زمانی کوردی داوە، بەتایبەتی لە ڕووی کێشەی زمانێکی فەرمی بۆ نووسین و خوێندن بۆیە لە ژمارە 1ی هەتاوەوە یەکبوونی زمانی کوردی خەمێکی گەورەی ئەو گۆڤارە بووە، وەکو ئەکادیمییەکی زمان خۆی وهەمووڕوناکبیرانی کوردی بە بەرپرس زانیوە وهەرلەیەکەم ژمارەیدا باسێک لەلایەن گیوی موکریانی لە ژێرسەردێری یەکێتیی زمان فەرمانێکە لەسەر شان و ملی هەمووانە لە چەند زنجیرەیەکدا بڵاوکراوەتە و کۆی ئەو وتارانەی لە نێو ئەو گۆڤارەکەدا هاتوون خۆی لە 45 وتار داوە .وادیارە نووسین نووسین لەسەر بابەتی یەکێتی زمانی کوردی لەسەر داواکاری هەتاو بووە، هەروەکو لە ژمارە 17و 18ی یدا هاتووەکە دەڵێیت:
تکایە کە هەمووخوێندەوارێکی نیشتمان پەروەرلە بابەتی یەکێتی زمانی کوردییەوە بیروباوەری خۆیمان بۆ بنووسن.
دوای ئەم داواکارییەی گۆڤاری هەتاو نووسەران پەیتا پەیتا وتاری زمانەوانی و لێکۆڵینەوە لە زمانی کوردی بۆ گۆڤارەکە دەنێرن.
ئەم وتارە و باسی ئەنوەر مایی کە لەژێر سەردێری (لە ژوور یەک کردنا زمانێ کوردی) دابوو، ناونیشانی ئەو زنجیرە وتارەیە کەوا ئەنوەر مایی لەسەر پێشنیارو راسپاردەی نووسەرو ئەدیبی کورد گیوی موکریانی بۆ گۆڤاری هەتاو- هەولێر نووسویەتی .
ئەم وتارە یەکێکە لە وتارە گرنگ وبایەخدارانەی بواری لێکۆڵینەوەی زمانەوانی.
ئەنوەر مایی نووسەری وتار بەم وتارەی (لە ژوور یەک کردنا زمانێ کوردی) دەبێتە یەکەمین نووسەر،کە پەیوەندی لە نێوان نووسەرانی هەولێر-دەڤەری سۆران ودهۆک-دەڤەری بادینان بنیاتدەنێ و دایدەمەزرێنێ.
ئەم زنجیرە وتارە لەئان و ساتێکدا نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە کەنەتەوەی کورد پێویستی زۆری بە وتارو لێکۆڵینەوەی زمانەوانی لەو شێوەیە هەبووە. چونکە لەو سەردەمەدا لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی تازەی تورکیا ساڵی 1923و پاشان دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و سووریا، دوژمن و ناحەزانی دۆزی کورد و پرسە نەتەوەییەنیشتیمانییەکەی، لە وڵاتانی دراوسێ بە نەخشە وبەرنامەی فەرمی دەوڵەتی لە هەوڵی بێ بایەخکردن وبێ بەها کردنی زمان وئەدەبی کوردی دا بوون. بەنموونە لە تورکیا، زمانی کوردییان قەدەغەکرد وکوردیان بە تورکی چیایی و درندەیی وێنادەکرد. لە عێراق وسوریای شۆفینیەتی عەرەبی زمانی کوردیان بە زمانی میللی- بازاری و زمانی هاوڵاتی پلە دووهەژماردەکرد. لە ئێران بەفەرمی زمانی کوردیان بە بەشێک لە زمانی فارسی ناساندبوو.
باڵادەستی سیاسی ودەوڵەتی نەتەوە هاوسێکانی کورد،عەرەب، فارس، تورک گەر بەهۆی بالادەستی سیاسیی و ئیداری بووبێ، بەسەر زمان و ئەدەبی کوردی دا زاڵ بووبن ئەوا لەباشوورلە کوردستانی عێراق چەندین پەتاوگرفتی ناوخۆیش هۆکارن بۆ ئەوەی خوێنەری کورد کەمتر باوەڕی بەزمان و ئەدەبی نەتەوەکەی بێیت.
بۆیە چەندین هۆکار لەوانە ئاینیی، جوگرافی، مێژووی و کۆمەلایەتی دەبن بەو بابەتانەی کە زمانی کوردی بەرامبەرزمانانی عەرەبی و فارسی وتورکی بەلاواز و میللی و زمانی بازار نیشان بدەن.
ئەم وتارە، لەدوای وتاری (یەکێتی زمانی کوردی) دێیت کە لە ژمارە 13 ساڵی یەکەمی رۆژی 10ی تشرینی دووەمی ساڵی 1945 بڵاوکراوەتەوە وناوی هەتاوی لەسەرە بەڵام وتارێکە هەموو بۆ چوونەکان بۆ ئەوە دەچن کە خودی خاوەن خاوەن ئیمتیازوبەرپرس وسەرنووسەری گۆڤار، گیوی موکریانی نووسیوویەتی:«2» وەک بەرنامەی گۆڤار خراوەتە ڕوو تا نووسەران لەبارەی ئەم بابەتەوە نووسین و لێکۆڵینەوەی خۆیان بۆ بنێرن بۆیە وتارەکەی ئەنوەر مایی بۆ پشتیوانی داواکارییەکەی گیوی موکریانی بووە.
ئەم وتارەی ئەنوەر مایی (لە ژوور یەک کردنا زمانی کوردی) بە چوار بەش لەگۆڤاری هەتاو-1954 بەم جۆرە بڵاوکراوەتەوە:
1 – لە ژوور یەک کردنا زمانی کوردی – بە قەلەمی : انوەر مایی . گۆڤاری هەتاو- هەولێر ژمارە 13، ساڵی یەکەم، 10ی تشرینی دووەم 1954 لە لاپەڕە 13.
2 – لە ژوور یەک کرنا زمانی کوردی – بە قەلەمی: انوەر مایی . گۆڤاری هەتاو- هەولێر، ژمارە 14، ساڵی یەکەم، 20ی تشرینی دووەم 1954 . لاپەرە 7.
3 – لە ژوور یەک کردنا زمانێ کوردی. – بە قەلەمی: انوەر مایی . گۆڤاری هەتاو- هەولێر. ژمارە 16، ساڵی یەکەم، 10ی کانوونی یەکەم 1954 . لاپەڕە 4.
4 – لە ژوور یەک کردنا زمانێ کوردی – بە قەلەمی: ئەنوەر مایی گۆڤاری هەتاو- هەولێر، ژمارە 22، ساڵی یەکەم، 28ی شوبات 1955. لە لاپەڕە13.؛3»
گرنگی و بایەخی ئەم وتارە بۆ مێژووی یەکێتی زمانی کوردی و ئەدەبی کوردی و بواری لێکۆڵینەوەی زمانەوانی خۆی لەسەر ئەم چەند خاڵەدا بینا کردووە :
یەکەم :بەیەکەمین وتار دادەنرێ کەوا پەیوەندی نێوان ئەدیب ونووسەرانی دەڤەری سۆران- شاری هەولێر و دەڤەری بادینان- دهۆک بنیاتدەنێ.
سەرەتای ئەم پەیوەندییەش بۆبوونی ئەو پەیوەندییە ئەدەبی ورۆشنبیرییە دەگەرێتەوە کەوا لەنێوان گیوی موکریانی و ئەنوەرمایی بنیاتنرابوو.
دووەم :ئەم وتارە بە رێککەوتنی نێوان گیوی موکریانی و ئەنوەر مایی نووسراوە. چونکە بەر لە بڵاوکردنەوەی ئەم زنجیرە وتارە،گۆڤاری هەتاو لە ژمارە 1ی ساڵی 1ی نیسانی 1954 دا لە لاپەڕە 14 وتارێکی بە ناونیشانی (یەکێتی زمان) نووسیووە . ئەمە چەند برگەیەکیەتی:
یەکێتی زمان فەرمانێکە لەسەر شانی هەموو لایەکمان
هەرکەسێ ارەزوو بکات کە زمانەکەی دەوڵەمەند بێت و ساردی لە نێوانی دا نەمینێیت و یا لاوێکی بادینی کە ئەیەوێ نووسراوی برادەرێکی سەردەشتی بەبێ گرێ و گۆڵ بخوێنێتەوە لە پێش هەموو چتێکی دا پێویستەکە بۆ یەکێتی زمانی کوردی هەوڵ بدرێیت.
دەقی ئەو وتارە لە بایەخی یەکێتی زمان دەدوێ، لە سەرکەوتنی گەلان دەدوێ بە هۆی دەوڵەمەندی ئەدەب و زمانییان وئازاد بوون و سەربەخۆ بوونیان. لەم بارەیە نموونەی چەندین گەلانی ناوچەکە وەک یۆنانییەکان و عوسمانیەکان و عەرەب و فارس دێنێتەوە.
بەڵام لە ژمارە 13 ی ساڵی یەکەمی تشرینی دووەمی 1954ی گۆڤاری هەتاو دا
لە وتاری (یەکێتی زمانی کوردی) دا هەتاو،باس لە ئامرازی (ی) کۆی زاراوەی سۆران و بابان وموکریان دەکات بە بەراورد لەگەڵ ئامرازی (یین)ی ناوچەکانی جەزیری و بۆتان و هەکاری.«5»
زیرەکی و رۆشنبیری و ئاگایی و ژیری ئەنوەر مایی لەودابووە، ئاگاداری هەموو ئەو بابەتە رۆشنبیرییە گرنگانە بووە کە مایەی بایەخ و گەنجینەی نەتەوەیین.
بۆیە لەدەستپێکی بەشی یەکەمی وتاری (لە ژوور یەک کردنا زمانی کوردی) بەم جۆرە دەستپێ دەکات :
مە خواند لە گۆڤارا ( هەتاو) دا چەند گوتارێک لە دوریەک کردنا زمانی کوردی . هن گوتارین مخا» شعور» من هەژاند، کو ئەز ڤێ گوتارێ لە دوور ڕهگو دەستوورین (قواعد ) ژمانی کوردی لەسەر ڕووی ڤی گۆڤاریبلاڤ بکەم بەلکی خاندڤان فایدەی ژببینن . دواسەرنج و تێبینی لەبارەی وتاری (لە ژوور یەک کردنا زمانی کوردی) دا لەنێوان بەشی سێیەمی وتارەکە تا بەشی چوارەمی ماوەیەکی نزیکەی ماوەی سالێکێکیان بەینە.
شیعرەکانی ئەنوەر مایی لە گۆڤاری هەتاو دا
جگە لە وتارو لێکۆڵینەوە رێزمانییەکەی (لە ژوور یەک کردنا زمانێ کوردی) کە بە چوار بەش لە گۆڤاری هەتاو بڵاوی کردەوە، ئەنوەر مایی دوو شیعری لە گۆڤارەکەدا بڵاوکردۆتەوە . لە ژمارەکانی گۆڤاری هەتاودا بەم جۆرەیە:
1 – شیعری (جانا جانا) گۆڤاری هەتاو، ژمارە 28 ی ساڵی یەکەم 1955.
2 – شیعری (زین) گۆڤاری هەتاو، ژمارە 36 ساڵی دووەم 1955.
بڵاوکردنەوەی ئەم دوو شیعرەی ئەنوەر مایی لە گۆڤارەی هەتاودا ئەوە دەسەلمێنێ وەک نووسەرێکی دیاری فرە بەرهەمی بادینان تا بۆی لوابێ پەیوەندی خۆی لەگەڵ رۆژنامەکانی شاری هەولێر بەهێزو توندو تۆڵ کردوە بەرهەمەکانی خۆی لێ بڵاوکردوونەتەوە.
ئەنوەر مایی وگۆڤاری هەتاو کۆنگرەی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە
کۆنگرەی دووەمی مامۆستایانی کورد لە رۆژانی 15-17ی ئابی 1960 بەسترا، ئەم کۆنگرەیە، بەم ناوەش «کۆنگرەی دووەمینی مامۆستا و وێژەوانانی کورد» ناوی لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا هاتووە.
وەک لە گۆڤاری هەتاو لە ژمارە 184 دا بەم جۆرە باسی دەستپێکی کردنەوەی کۆنگرە دەکات.
سوپاس بۆ خودای تاک و پێشەوای نازدار ئەمسالیش بە کوێرای چاوی دوژمنان کۆنگرەی دووەمی مامۆستاو وێژەوانانی کورد بۆ لێکۆلینەوە و بوژاندنەوەی زمانی شیرینی کوردی لە شەقلاوە دامەزراوە .
رۆژی دووشەممە 15\8\1960 کەژمێر نۆی پێش نیوەڕۆیە کۆنگرەی دووەمی مامۆستا و وێژەوانانی کورد لە ژێر چاودێری سیادەتی اسماعیل عارفی وەزیری زانیاری لەکۆمەڵگەی شاری هەولێرێ کرایەوە وێرای سڵاوی کۆماری چەندین وتار پێشکەشکران و لە کەتژمێر (١١) دا کۆتایی پێ هات و پۆل پۆل ڕوویان لە شەقڵاوە کرد .
ڕۆڵ و پێگەی ئەنوەر مایی لە گۆنگرەی شەقڵاوە دا پەیوەندی نێوان ئەنوەر مایی وگیوی موکریانی،هەر پەیوەندی بە نووسین وگۆڤاری هەتاو وچاپکردن و بڵاوکردنەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندی نێوان دوو دۆست، دوو هەڤاڵ، دووهاوبیروهاوچارەنووس بووە. کە هەردووکیان وێرای پیشە وکاری ئەفرێنەرانەی ئەدەبی ونووسین وبڵاوکردنەوە وهوشیارکردنەوەی خەڵک بۆ پرسی نیشتمانی نەتەوەیی کورد و خەبات کردن لە پێناوبە ئامانج گەیشتنی نەتەوەی کورد بە مافە نەتەوەییەکانی خاڵی هاوبەشی نێوانیان بووە.
بەگوێرەی سەرچاوە باوەرپێکراوەکان رۆژێک بەر لە بەستنی کۆنگرەی شەقڵاوە واتە رۆژی یەکشەممە 14\8\1960 ئەنوەر مایی، میوانی گیوی موکریانی بووە لە هەولێر لە گەرەکی تەیراوە و نیوەڕۆیەکەشی خواردنی شفەتە – کازم کەبابی هەولێریان بەدەستی دایە خواردووە.
رۆژی دووشەمە 15\8\1960 گیوی موکریانی و ئەنوەرمایی، پێکەوە بەشداری کۆنگرەی دووەمینی مامۆستا و وێژەوانی کوردیان لە هەولێر کردوە وپاش کردنەوەی رێورەسمی کۆنگرەکە لەلایەن ئیسماعیل عارف وەزیری زانیاری و عەلائەدین مەحموودی متەسەرفی شاری هەولێر و پێشکەشکردنی وتارەکان، لە کاتژمێر 11ی هەمان رۆژ لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرە پۆل پۆل ڕوویان لە شەقڵاوە کردووە.
ئێوارەی رۆژی دووشەمە رێکەوتی 15\8\1960 کاتژمێر 5 دووبارە لە شەقڵاوە لە قوتابخانەی شەقڵاوەی سەرەتایی کوڕاندا کۆنگرە دەست بەکارەکانی دەکات و برگە بە برگە بەرنامەی خۆی پێشکەش دەکات. ئەندامانی کۆنگرەی دووەمی ناوخۆیی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە لە شارەکانی دیالا – 8 ئەندام، کوت -3 ئەندام، بەعدا -11ئەندام، کەرکووک -15 ئەندام، موسڵ -28 ئەندام، هەولێر 33 ئەندام، سلێمانی -34 ئەندام بوون. وەک سەرنجی لیستەکەی سەرەوە دەدەین هیچ ئەندامێکی- مامۆستایەکی شاری دهۆک یا دەڤەری بادینان بەشدار نییە، یا ناویان نییە، بەڵام چەندین مامۆستایەکی دەڤەری بادینان بەشدارن لە کۆنگرەکە لەسەر لیستی شاری( موسڵ )دا ژمارەیان لە نێوان (5-10) مامۆستای دەڤەری بادینان دەبێ.
سەبارەت بە بەشداری کردن و پێگە و ڕۆڵی ئەنوەر مایی وەک میوان لە کۆنگرە ئەو زاتە وەک نووسەرورۆشنبیرو شارەزا لە زمان لەگەڵ ژمارەیەک لە نووسەرو رۆشنبیرو شارەزای زمان میوانی کۆنگرەن. ئەمەش ناوی ئەو میوانە بەرێزانەی کۆنگرەیە کە لە شوێن و ناوەندی جیا جیای پەرەوردە و ڕۆشنبیرییەوە هاتوون:
1 – مامۆستا علاءالدین سجادی کۆلێژی ئاداب– بەغدا
2 – مامۆستا انور گاهر مایی یەکێتی ئەدیبانی عێراق – بەغدا
3 – مامۆستا ابراهیم احمد. محامی – بەغدا
4 – دکتۆر جمال شفیق بەڕێوەبەری گشتی زانیاری کورد.
5 – مامۆستا نوری شاوەیس وەزارەتی اسکان – بەغدا
6 – مامۆستا حافڤ مصطفی قاچی شرکتی رشید عارف – بەغدا
7 – مامۆستا حسین صیوائی قوتابخانەکانی فەیلی – بەغدا
8 – مامۆستا شاکر فەتاح سەرۆکی شارەوانی سلێمانی
9 – مامۆستا عەبدوڵڵا گۆران وەزارەتی اسکان- سلێمانی
10 – مامۆستا حسین عارف قوتابخانەی سانەوی کوران -سلێمانی
11 – مامۆستا محمدی مەلا کریم لە نووسەرانی رۆژنامەی ازادی
12 – مامۆستا بەهجەت محمد بابان محامی
13 – مامۆستا احمد مصطفی دلزار کتێبخانەی جمهوریەت – کۆیە
14 – مامۆستا گیوی موکریانی چاپخانەی کوردستان – هەولێر
15 – مامۆستا صالح قفطان مامۆستای موتەقاعد – سلیمانی
16 – مامۆستا محمود محمد امین شارەوانی– سلێمانی
17 – مامۆستا عثمان عونی بوێژ – کۆیێ
18 – مامۆستا محمد مولود مدققی بلدیە – هەولێر
19 – مامۆستا محمد حسن بەرزۆ کاسب – بەغدا
20 – مامۆستا عبدالمجید لطفی وەزارەتی مالیە– بەغدا
21 – مامۆستا صلاح سعدالله ئەندازیار – بەغدا
22 – مامۆستا شێخ ابو زید سندی مزگەوتی تکارە – بەغدا.
پێگە و ڕۆڵی ئەنوەر مایی لە کۆنگرەی دووەمی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە بەرزو کاریگەر بوو، چونکە بە دوو جۆرە بابەت بەشداری کۆنگرەکەی کرد:
1 – پێشکەش کردنی راسپاردە و پێشنیاری بەنرخ بۆ پێشخستنی باری رۆشنبیری وئەدەب و زمانی کوردی، بە لیژنەکانی زمان و ئەدەبی کۆنگرە.
2 – پێشکەشکردنی لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی لەسەر شێخ ئادی، شێخی مەزنی ئێزیدیان لە لە شەوی 15\16 لە کۆڕی ئەدەبیدا، شێخ ئادی وەک شاعیرێکی لێهاتووی کورد بە مامۆستایان و ئەدیبان ناساند. هەروا چەند نموونەیەکی لە هۆنراوەکانی خستە ڕوو.
3 – شیعری (دێ تو دەمەک)ی شیعری شێخ ئادی خوێندەوە.
ئەنوەر مایی کە بە وتارو لێکۆڵینەوە بەشداری کارای کۆنگرەی کردووە، لەگەڵ نووسەران و ئەدیبانی کورد، وتارو و لێکۆڵینەوە و شیعریان لە کۆنگرە پێشکەش کردووە. بەم جۆرەش لە گۆڤاری هەتاودا ئەم چالاکییە رۆشنبیرییە دەکات:
رۆژی سێشەمە رێکەوتی 16\8\1960، کەتژمێر 8-12ی بەیانی وایوارەش لێژنەکان کۆبوونەوە وشەویش کەژمێر8 تا 12 لە قوتابخانەی شەقڵاوە کۆبوونەوەیەکی وێژەیی پێکهێنرائەوانەی خوارەوە ووتاروهەڵبەستیان خوێندەوە :-
مامۆستایان عەلائەدین سجادی، شاکر فتاح، ئەنوەر مایی، گۆران، حسین ڕەشوانی توفیق وردی، دڵزار، کەریم شارەزا، نەریمان، عەبدولمەجید لوتفی، محمد مولود، گیوی موکریانی، کەریم زەند، بەکر شێخ جەلال، کامل بەسیر، عوسمان عەونی، ناهدە شێخ سەلام ئەبو زەید مستەفا، حسین عارف، محەمەدی مەلا کەریم.
ئەوەیان رێورەسمی ئەدەبی پێشکەشکردنی وتارو شیعر خوێندنەوەی رۆژی سێشەممەی 16\8\1960 کە لە گۆڤاری هەتاودا بە رێکوپێکی بڵاوبۆتەوە و ئاماژە بە ڕۆڵی ئەنوەر مایی دراوە وەک نووسەری کورد و نوێنەی کورد لە یەکێتی ئەدیبانی عێراقدا، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم نوێنەرایەتییە هەڵیبژاردبوو.
ئەنوەر مایی ولێکۆڵینەوە لەسەر شاعیریەتی شێخ ئادی لە کۆنگرەی شەقڵاوە گۆڤاری هەتاو، بەپێی توانای ئەوسای ڕووماڵی زۆربەی چالاکییەکانی دووەمین کۆنگرەی مامۆستایانی کوردی لە شەقڵاوە ڕووماڵ کردووە، بە جۆرێ تەواوی ناوی ئەندامانی بەشداربوو و وتارەکان وناوی لێژنەکانیشی بڵاوکردۆتەوە بە ناو و چالاکییە ئەدەبییەکانی ئەنوەر ماییەوە، کە بۆتە سەرچاوەیەکی دیکەی فەرمی بۆتەواوی چالاکییەکانی.
یەکێک لە چالاکییە گرنگ و کاریگەرانەی ئەنوەر مایی لە کۆنگرەکەدا پێشکەش کردنی کۆڕی ئەدەبی شەوی 15\16 ی ئابی 1960 بوو، رۆژی سێشەممە، لە کۆڕەکەیدا لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی لەبارەی شاعیریەتی شێخ ئادی، شێخی مەزنی ئێزیدیان پێشکەش کرد . ئەنوەر مایی شێخ ئادی وەک شاعیرێکی لێهاتووی کورد بە ئامادەبوان ناساند وچەند نموونەیەکی لە هۆنراوەکانی خستە ڕوو. پاشان شیعری (دی تۆ دەمەک) بوو، بۆ ئامادەبوان خوێندەوە.
دوای خوێندنەوەی دەقی شیعری (دی تۆ دەمەک) ئەنوەر مایی دەقە شیعرییەکەی شێخ ئادی (دی تۆ دەمەک) یەکسەر وەردەگێرێتە سەرزمانی عەرەبی وبۆ میوانانی عەرەبی بەشدار بووی کۆنگرە دەیخوێنێتەوە. جێی باسە خوێندنەوەی دەقی شیعری ( دی تۆ دەمەک ) لە لایەن ئەنوەر ماییەوە بە زمانی کوردی و عەرەبی بۆتە جێی ڕەزامەندی تەواوی ئامادەبووان و بە چەپڵە رێزان پێشوازی لێکراوە .
لە بارەی ئەم بابەتەوە جێی داخە هەندێ لە نووسەران ئەو بابەتەی شێخ ئادی و شاعیریەتی شێخ ئادی بە هەڵبەستراوی خودی ئەنوەر مایی دادەنێن . وەک ئەوەی شیعری (دی تۆ دەمەک) شیعری شێخ ئادی نییە و ئەنوەر مایی یەوە دروستکراوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەوانە و ڕەوینەوەی گومان دوودڵییەکان ئەم دوو بەڵگە زیندووە بە نموونە دێنینەوە:
1 – نووسەری ناوداری کورد مەلا خەلیلی مشەختی کە خەڵکی کۆمەڵگەی (چڕە) یە، شاعیرونووسەرو ئەدیبی ناوداری کوردە، یەکێک لە شیعرە دەستنووسەکانی لە کتێبخانەی بادی،کە هی بنەماڵەی ناودار(مەلا ئەحمەدی بادی) بووە دۆزیوەتەوە ودەستنووسەی شیعرەکەی تریشی لە لە مزگەوتی گوندێکی ناوچەی خاپورلە زاخۆ دۆزیوەتەوە.
هەردوو دەستنووس کە هەردوو هەڵبەستن، هەر لەلایەن مەلا خەلیلی مشەختی لە عێن سوفنێ ساڵی 1944 فۆتۆ کۆپی کراون و پێشکەشی ئەنوەرمایی کردووە .
2 – نووسەرو ئەدیبی کورد کەریم شارەزا، کە شاعیرو ئەدیبێکی دیاری کوردە، یەکێک بووە لە بەشداربوانی کۆنگرەی دووەمی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە و لە رۆژی 16\8\1960 دا لە کۆڕی ئەدەبی ئەو رۆژەی کۆنگرە لەگەڵ ئەنوەر مایی و گیوی موکریانی بە بەرهەم بەشداری کۆڕی ئەو رۆژەی وتارو هەڵبەست خوێندنەوەی کردووە . لە هەڵسەنگاندنی کۆڕە ئەدەبییەکەی ئەنوەر مایی لەسەر لێکۆڵینەوە لە شاعیریەتی شێخ ئادی دا بەم جۆرە کۆڕە ئەدەبییەکەی ئەنوەر مایی هەڵدەسەنگێنێ:
ئەنوەر مایی لە کۆنگرەی دووەمی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە کە لە رۆژانی 15-17ی ئابی 1960 بەسترا گەلێک پێشنیاری بەنرخی بۆ پێشخستنی رۆشنبیریی کوردی پێشکەش بە لیژنەکانی زمان و ئەدەب کردوە و شەوی 15\16 ی ئابیش لە کۆڕێکی ئەدەبیدا لێکۆڵینەوەیەکی بە پێزی لەسەر شیخ ئادی شێخی گەورەی ئێزیدیان پێشکەش کرد، وەک شاعیرێکی لێهاتووی کورد بە خەڵکەکەی ناساندو چەند نموونەیەکی لە هۆنراوەکانی خستە ڕوو.
لێرەدا دەپرسین لەکاتێکدا پێگەی ئایینی شێخ ئادی ئەوەندە بەرزە لە نێو ئێزیدیان هیچ کاتێک پێویستی بەوە نەکردووە، بابەتی بۆ هەڵببەسترێ تا ناوداربێ. لە کاتێکیش دا خودی ئەنوەر مایی ئاشنای تەواوی ئەدەبیاتی ئێزیدیاتی بووە و بە ووردی کاروئیشی لە ناوهەردو کتێبی پیرۆز(جلوە ومەزحەفێ ڕەش)دا کردووە.
جێی باسە دەقی تەواوی کۆڕی ئەدەبی لێکۆڵینەوەکەی ئەنوەر مایی لە بارەی شاعیریەتی شێخ ئادی وخوێندنەوەی دەقی شیعری «دێ تودەمەک»بە دەنگی ئەنوەر مایی، کە لە شەوی 15\16ی مانگی ئابی ساڵی 1960لە لایەن مەعسووم مایی نووسەرو کوڕی ئەنوەر مایی پارێزراوە. ئەم بابەتە،لێکۆڵینەوە لە شیعرەکانی شێخ ئادی وناساندنی شێخی گەورەی ئێزیدیان لە مێژووی لێکۆڵینەوە ی ئەدەبی کوردیدا، بە گرنگ و بایەخەوە لێی دەڕوانرێ و بە یەکێک لەو لێکۆڵینەوە ئەدەبی گرنگ وپڕزانیاری بایەخدار دادەنرێ ئەدەبی کوردی و ئەدەبیاتی ئێزیدیاتیش بە ئەدەبیات و دونیای شیعری دەوڵەمەندی فرە ژانری ئەدەبی نیشان دەدات.