سهرهتا وتار بۆچی سەرۆك بارزانی ئاشتی بە بژاردەیەکی پێویست دەزانێ؟
دکتۆر سامان سۆرانی
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چەندین دەیەیە بە بەردەوامی ململانێی سیاسی و سەربازی باڵی بەسەردا کێشاوە، قەیران و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نموونەیەکی نزیک و زیندووی ئاڵۆزترین و هەستیارترین ئەو ململانێیانەیە.
پرسیار ئەوەیە، تاکەی ئەم جۆرە ململانێیانە بەردەوامییان دەبێت و کەی ناوچەکە لە بری جەنگ ئاشتی هەڵدەبژێرێ؟ ئایا ئەو دوژمنایەتییە مێژووییانە دەگۆڕدرێن بۆ دەرفەتێکی مێژوویی، تا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە؟
هەڵبەت جەنگ و قەیران و ئاڵۆزییەکانی ئەم واییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروا ڕەمەکی وبە ڕێکەوت و لەناکاو نەبووە، بەڵکوو پاڵنەری ئایدۆلۆژیای قووڵ دەیجوڵێنێتەوە، بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە گۆڕەپانێ بۆ ململانێ، وڵاتانی گەورە و بچووك بە هۆیەوە زەرەرمەند بوون و کەسانی سڤیل پێش سیاسەتمەدارەکان دوچاری گرفت و دڵەڕاوکێ و ناخۆشی بوون.
دەرئەنجام ئاسایشی هەرێمیی لە وڵاتانی وەکوو سووریا و عێراق و لوبنان کەوتە مەترسی و دەستێوەردانی نێودەوڵەتی هاتە ئاراوە و ڕێگەی گەیشتن بە چارەسەر ئاڵۆزتر بوو و هاووڵاتییانی ئەم ناوچانە زیانی مرۆیی و ئابوورییان پێ گەیشت و باجی قورسیان دا. گەلانی ناوچەکە، کە لە جەنگ و دەرهاویشتەکانی جەنگ بێزار بوون، لە ئێستادا بەدوای سەقامگیری و شکۆمەندی و گەشەسەندن دەگەڕێن. بۆیە پێویستە پارادایمی ململانێ بگۆڕدرێ بە پارادایمی دیالۆگ و ڕووبەڕووبوونەوەش بگۆڕدرێ بە دانوستان.
ئاشتی واتای خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکوو ئازایەتییە بۆ بڕیاردانی جیاواز، دیدێکی فراوانتر بۆ داهاتووی نەتەوەکان، چونکە ئابووری و تەکنەلۆژیا و خوێندن تەنیا لە ژینگەیەکی سەقامگیر و پڕ لە ئاسایشی و پەیوەندیی هاوسەنگ گەشە دەکەن. دوژمنی ڕاستەقینەی ناوچەکە تەنیا دوژمنە کلاسیکییەکان نین، بەڵکوو هەژاری و بێکاری و توندڕەوی و گەندەڵین. پێویستە کەناڵە دیپلۆماسییەکان زیندوو بکرێنەوە و دیالۆگێکی هەرێمیی گشتگیر درووست بێت و ژینگەیەک بۆ لێکتێگەیشتن بڕەخسێنرێ و گەلان ڕۆڵێکی کاراتر بگێڕن لە ڕێگەی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ گۆڕینی وتاری دژایەتیکردن.
مێژوو ئەوەی سەلماندووە، کەوا تەنانەت درێژترین ناکۆکییەکانیش دەتوانن کۆتاییان پێ بێت، کاتێ دەنگی عەقڵ بەرزتر بێت لە دەنگی چەكەکان. ئاشتی بژاردەی کەسانی لێزان و بیرمەند و دلێرانە، کە ئایندەی نەوەکان لەسەرووی بەرژەوەندیی سیاسی هەنووکەیی دادەنێن.
پێویستە ناوچەکە لە گێژەنگاوی خوێن ڕزگاری بێت و بەرەو فەزایەکی پڕ لە بووژانەوە و ژیان و شکۆمەندی هەنگاو بنێت.
سەرۆك مەسعود بارزانی باوەڕی تەواوی بە فەلسەفەی ئاشتی هەیە و لە خەباتی ڕزگاریخوازی وەکوو دکتۆرینێکی سیاسی پەیڕەوی کردووە و، بەردەوام دووپاتی کردووەتەوە، کەوا نەتەوەکان تەنیا بە چەک خەبات نەکەن، بەڵکوو بە عەقڵ و دانایی و تێگەیشتن.
سەرۆك بارزانی ئاشتی بە بەهایەکی باڵای مرۆیی و بە بناغەیەک بۆ ئایندەیەکی دادپەروەرانەتر دەبینێت بۆ کورد و بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، چونکە تێکۆشانێکی شەرەفمەندانە و ئاشتییەکی مەرجداری شکۆمەندانە هەمیشە لە جەنگێکی بێ کۆتایی باشترە. هەر بۆیە سەرۆك بارزانی ئاشتی بە بژاردەیەکی پێویست دەزانێ، تا ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، سەقامگیری و ئارامی و پەرەپێدانی ئابووری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادی بە خۆیانەوە ببینن و گەلانی ناوچەکەش بۆ هەمیشە لە ژێردەستی و ستەمکاری و نادادپەروەری ڕزگاریان بێت.