یونس حەمەد – ئۆسلۆ
بابەتێكی شاراوە نییە كە جەنگ دیاردەیەكی توندوتیژی بەكۆمەڵی ڕێكخراوە كە كاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان كۆمەڵگا یان زیاتر پەیوەندی سیاسەت لەناو كۆمەڵگایەكدا هەیە.
شەڕ بە یاسای جەنگی چەكداری بەرپا دەكرێت،ئەمەش لە چوارچێوەی یاساكانی مرۆیی و نێودەوڵەتیش دەناسرێت.چەمكی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پەیوەندییەكی نزیك بە كۆنترین مێژووی ناسراوی مرۆڤایەتییەوە هەیە، ڕەگ و ڕیشەی لە هەموو شارستانیەت و ئایین و داب و نەریتەكاندا داكوتاوە. بە درێژایی مێژوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بە یاسا و ڕێسا و قەدەغە كردن و ئاگاداركردنەوە دەورە دراوە، پێناسەی ئەوە دەكەن كەوا چ ڕێگەپێدراوە و چی قەدەغە كراوە لە چالاكییە سەربازییەكاندا . مەبەست لەم ڕێسایانە پاراستنی دیسپلین و كارا و كاریگەریی هێزە چەكدارەكانە، هەروەها سنوورداركردنی كاریگەرییەكانی توندوتیژی و لەناوبردن لەسەر خۆشگوزەرانی جەستەیی و دەروونی كەسانی چەكدار، ئەمەش وا دەكات كە دوای ململانێكان دووبارە تێكەڵبوونەوەیان لەگەڵ كۆمەڵگادا بكرێت.ئەگەر بەشێوەیەك لە شێوەكان بگەڕێینەوە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی، بەتایبەت گەڕانەوە بۆ مێژوو دەبینین جەنگ تا جەنگ جیاوازی هەیە،تاڕادەیەك هەندێكیان لەگەڵ تێكڕای یاساكانی مرۆیی و نێودەوڵەتی ناگونجێت، بەڵام دواجار هەر ئەنجام دەدرێت .زۆرجاران یاساكان دەخرێنە نێو چوارچێوەیەكی ترسناك لە ڕێكخستنی جەنگەكاندا، بەنموونە دوو جەنگی جیهانی لە سەردەمی هاوچەرخدا، ئەگەرچی جیهانی گرتووە،بەڵام هیچ ڕەچاوی دیسپلین وپرێنسیپەكانی جەنگی نەكرد لە جیهاندا، كۆمەڵكوژی و ڕشتنی خوێن، وێڕای دەرچوون لە هەموو بنەماكانی مافی مرۆڤ . گەڕانەوە بۆ مێژوو گرینگە لە هەموو كاتێكدا هەنگاوەكانی بۆ بهاوێژرێت كە بەم شێوەیە دەتوانرێت باس لە یەكەمین پەیماننامەی جەنگ بكرێت سەبارەت بە هونەری جەنگ كە لەلایەن وڵاتی چینەوە لە نێوان (سەدەی شەشەم وپێنجەمی پێش زایین ) داڕێژراوە. ئەم یاسایانە زۆرجار ئیلهامیان لە ڕووحیەتی كۆمەڵگا وەرگرتووە، لێرەدا لایەنی مرۆڤایەتی ڕاستەقینەیان بۆ مرۆڤایەتیكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازییەكان هەبووە. بەڵام هەمان ئەو ڕێسایانە تەنیا لەلایەن گەلانی سەر یەك كەلتوور و دابونەریتەكان بەرجەستە بووە . لە ئەنجامدا لەكاتی جەنگدا دژی دوژمنێك كە بە زمانێكی جیاواز قسە دەكرێت و جیاوازەكانی بەرانبەر بەهەمان شێوەیە، دەستدرێژیكردن بۆ سەر یەكتر، تیۆری دادپەروەر، یان جەنگی پیرۆز، تیشك دەخرێتە سەر ناڕوونی ئەم دیاردەیە. ئەم تیۆرییەی جەنگی دادپەروەرانە لە پێداویستییەكانی هۆكارێكی دادپەروەرانەوە پەرە دەستێنێت بۆ پێداویستییەكانی ئامانجی دادپەروەرانە . دواتر یاسادانەرانی جیهانی بێ جیاوازی ڕوحیەتەكان وەك پێوەر دایدەڕێژن بۆ ڕێسای یاسایی وەریدەگێڕن. پێش بزووتنەوەكانی سەردەمی جیهانی هاوچەرخ، كە زۆرێك لە یاساكانی گەلاندا پێش كۆدكردنیان، بێگومان كاریگەرییان لەسەر هەموو ئەم جەنگانەدا هەبووە كە پێشتر بەرپا دەبوون . یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخ ئەم پێشهاتەی چەسپاندووە و ئەگەری پەنابردن بۆ جەنگ لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەكاندا سنووردار كردووە. هەروەها جەخت لەوە دەكاتەوە كە یاسای مرۆیی ئەو ئامرازانە دیاری دەكات كە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان بەكار دەهێنرێن، هەرچی ئەو ئامانجانە بن بەتایبەت لەكاتی ڕاوەستانی جەنگەكاندا، یان كاریگەریەكانی دواتر .لە ماوەی ڕابردوودا جەنگێكی گەورەی 12 ڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئیسڕائیل -ئێران جیهانی هەژاند، ئەمە بە ئاماژەكردن بۆی دەتوانرێ بگووترێت یەكەم جەنگە لەم ئاستەدا بەرپابێت لە نێوان دوو دەوڵەت، ئەوەی جێگای سەرنج بوو، لەپرێنسیپی جەنگەكانی مێژوودا شێوازەكان جیاواز بوونە لەوەی ئەمڕۆ بینرا یان دەبینرێت . بارینی مووشەك لە ئاسماندا لەنێوان دوو دەوڵەتی دوور لە سنووری یەكتر،هاوكێشەكانی جەنگی گۆڕی بۆ تەوەرێكی دیكە، چونكە لەم بابەتەدا هێزەكانی پیادە،وێڕای هێزە دەریاوانیەكان هیچ ڕۆڵێكیان لەم جەنگەدا نەبوو، كە ئەمەش نموونەیەكی دەگمەنە، هەروەها پێشهاتێكی نوێیە لە بەرپابوونی جەنگەكاندا، وا زانراوە بەوەی لە زۆر خاڵ وحاڵەتدا جەنگ لە نێوان دوو دەوڵەتی هاوسێی یەكتر ڕوودەدات، ئەم هۆكارەش زیاتر بۆ بەرژەوەندی دەگەڕێتەوە كە دوو لایەنە یا دوو دەوڵەتەكە بیری لێ دەكەنەوە، بۆیە پیادە، یان دەریاوانی یاخوود هێزە ئاسمانیەكان دەخرێنە ئامادەباشی بۆ بەرگریكردن، یان پێچەوانەكەی هێرشبردن، ئەمانە پرێنسیپی جەنگن، كە لە سەرەتاوە بە تێروتەسەڵ ئاماژەم پێكرد، جەنگ چەند لایەنەیە، پاراستنی مرۆڤی سڤیل (منداڵ ئافرەت و كۆچی بە كۆمەڵ )، پاراستنی ژینگەی گشتی وەك دار و درەخت، یائەوەتا باڵەخانەی خزمەتگوزاری، ئەمانە لە ڕێبازی شەڕی بچووك یان جەنگی گەورەدا دەبێت پارێزراو بن، جا ئێستا سەردەم گۆڕاوە، تاوەكو سەردەمی جەنگەكانیش گۆڕانكاریان بەخۆیانەوە بینیووە، ئەگەر سەیری حاڵەتێكی دیكە بكەین پێچەوانەی جارانە،جەنگی ئێستا بەلێدوانی كەسێك یان سەرۆكێك دادەمركێ بێ ئەوەی ڕێككەوتنی ڕاوەستانی لەسەر بكرێت، وەك چۆن بە یەك لێدوانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا جەنگ ڕاوەستا، ئەمەش خاڵێكی نەرێنییە،چونكە لە حاڵەتی لەم شێوەیەدا، لەهەر كاتێكدا ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕ یان جەنگ لە ئارادایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە .