وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و چەند هەواڵێک بە درۆ دەخاتەوە و داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات سنوورێک بۆ کارە تێکدەرانەکانی حەشدی شەعبی دابنێت.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە: “لە چەند میدیایەکی ئەلکترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شەوی ڕابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل، هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەکارین و دوورن لە ڕاستی، نە بنکەی ئیسرائیلی لە کوردستان هەن و نە ئۆپەراسیۆنی واش ئەنجام دراون.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “شەوی رابردوو درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆلەوانی لە نزیک هەولێر کەوتۆتە خوارەوە، ئەم هێرشانەش لە لایەن هەندێ گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنە بەر.”