پێویستە ئارامیی هەرێمی کوردستان بەهەند وەربگیرێت

690

عەمەر ئەرگوشی
لە کاتێکدا کە ناوچەکە لە بارودۆخێکی نائارامدایە کە مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ناوچەکە هەیە، خەڵکی کوردستان خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیانن و هەست بە دڵنیایی و دڵنەوایی دەکەن و خۆیان وەک هەرجار لە دەستێکی ئەمیندا دەبینن و باوەڕیان بەهێزە کە سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی قەڵغانی پاراستنی گەلی کوردستانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیپلوماسییەتێکی پەیڕەو کردووە کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان پارێزراوبن و لە شەڕ و ئاژاوەی نێوان لایەنە دەرەکییەکان لەوپەڕی پاراستندا بێت و گەلی کورد و کوردستان نەبنە بەشێک لە کێشەکان و شەڕی بەرژەوەندییەکان.

گەلی کوردستان سیاسەتی ئاشتیخوازانەی پارتی بەهەند وەردەگرن و بە ئەگەری ڕاستەوخۆی ئەو ئارامی و ئاوەدانییە دەزانن کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووریی عێراق وێڕای ئاڵنگارییەکان بە خۆیەوە دەبینێت، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ گەلی کوردستان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئاشتییانە و بە عەقڵییەتێکی دیموکراسییانە پارێزەری مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بووە و هەردەم پارێزەری گیانی برایەتی و ئاشتی بووە و ڕێزی گرتووە لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانی ناوخۆی کوردستان و دەڤەرەکە، ئەمەش شانازی و سیاسەتێکی حەکیمانەی پارتییە کە هەڵقوڵاوی ڕێبازی بارزانیی نەمرە بە ئاراستەی ئەوەی کە پارتی سەربەخۆ بێت لە بڕیاردان و هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداوەکان، بەم پێیەش پارتی نەبووەتە بەشێک لە هیچ ئاڵۆزی و ئاڵنگاریی لە دەڤەرەکەدا، زیاتریش لەمە هەنگاوی باشی ناوە لە سەپاندنی یاسا و سەقامگیری و بەرنامەی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی خەڵک.

جێگای شانازییە بۆ پارتی کە لەم ناوچە پر کێشە ئاڵۆزەدا توانیویەتی گەشە بکات و گەلی کوردستان لە قەراخی ڕزگاریی یەکجارەکی نزیک بکاتەوە و ئومێدی گەورە لە ناو دڵی هەموو کوردێکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەردا دروست بکات. بنیاتنانی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکوو هەرێمێکی دەستووری فیدڕاڵی و پاراستنی ئەم هەرێمە لە لایەن پارتییەوە لە هەموو هەڕەشەکان، یەکێکە لە شانازییەکانی پارتی کە هەتا مێژوو هەیە کورد شانازی پێوەی دەکات، لە کاتێکدا کە دەڤەرەکە ڕووەو نائارامییە؛ ئەمەش دەرەنجامی شەونخوونی و ئەرکی زۆری حکوومەتی هەرێم بووە کە بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان هەنگاوی ناوە و لە هەمان کاتیشدا هیچ مساومەیەکی لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانی نەکردووە.