لە هەر نۆ ئەندامە سەرەکییەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق، شەش ئەندامیان لەگەڵ سێ ئەندامی یەدەگ لە بڕیارێکی لەناکاو دەستیان لە کار کێشایەوە.
پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، لە بەغدا “شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی عێراق، دەستیان لە کار کێشایەوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگاکە، دەربارەی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و بڕیارێکی وەلائی بدات.
دوێنێ چوارشەممە سەرچاوەیەک لە دادگای فیدراڵی ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی دادگاکە داوای لە دادوەرە ئەندامەکانی دادگای فیدراڵی کردووە ئامادەی کۆبوونەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە بن بۆ دەرکردنی بڕیارێک لەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە دەستپێکی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کردبوو، ئەوەشی ڕاگەیاند بوو، نامەیەکی لەسەر بابەتی مووچە بۆ دادگای فیدراڵ ناردووە و ئومێدەوارە دادگاکە بڕیارێکی ئەرێیی لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات.