گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵیین و ئومێد هەیە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێت. دەشڵێت: “بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تەنیا بۆ مووچەی مانگی پێنج نابێ، بەڵکوو بۆ مانگەکانی دیکەش دەبێت.”

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: “سەرۆکی حکوومەت نامەی بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەین دەربارەی پرسی مووچە و هەموو ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەن، دادگا بڕیارێک بدات كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێت و گەشبینین بە ناردنی مووچە، چونکە ئەوە مافێکی یاسایی و دەستوورییه.”

ئاماژەی بەوەش دا: “بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تەنیا بۆ مووچەی مانگی پێنج نابێ، بەڵکوو بۆ مانگەکانی دیکەش دەبێت و پێشتر بڕیاری دادگای فیدراڵی جەختی کردووەتەوە لەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق بدرێ.”

پێشەوا هەورامانی ئەوەشی خستە ڕوو: ”بڕیاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەبارەی نەناردنی مووچە تەواو نایاسایی بوو، بڕیاری دادگا ئەوە بووە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک و بەهەر پاساوێک بێت مووچەی فەرمانبەران نەنێردرێت.”

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی پێشوو و ڕێکكەوتنەکانی جێبەجێ کردووە.