ئاماری كوژراوانی ئیسرائیل و ئێران لە سەرەتای شەڕەكەوە (13/6/2025) ڕاگەیاندرا، كە 19 ئیسرائیلی و 224 ئێرانی كوژراون.
بەپێی زانیارییە فەرمییەكان، لە بۆردومان و هێرشەكانی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەی كوژراوان گەیشتە 5 كەس.
لەو هێرشانەدا، مووشەكە دوورمەودواكانی ئێران، لە چەند شوێنێكی شارەكانی ئیسرائیل و دەوروبەری كەوتنە خوارەوە و بەشێكیان باڵاخانەی دانیشتوانیان پێكا، هاوكات وێستگەی وزەی شاری حەیفاش پێكراوە.
وێڕای كوژراوان، دەیان ئیسرائیلی بریندار بوون و گەیاندرانە نەخۆشخانە.
بەو پێیە لە سەرەتای شەڕەكەوە تا ئێستە (سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 16/6/2025) ژمارەی كوژراوانی ئیسرائیل لەو هێرشە مووشەكییانەی ئێراندا گەیشتە 19 كەس.
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی ئێران دوێنێ یەكشەممە بڵاوی كردەوە، كە بە لای كەمەوە 224 كەس كوژراون و 1277 كەسی دیكەش لە سەرەتای شەڕەكەوە بریندار بوون.
كەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە: لە 11 هێرشی بەرفراواندا، ئێران لە سەرەتای شەڕەكەوە 370 مووشەكی بالیستی و 100 درۆنی ئاڕاستەی ئیسرائیل كردووە.