وەک پێشتر هەڕەشەی کردبوو ئیسرائیل دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەم زۆر بە خەستی تارانی کردووتە ئامانج و لە دەیان ناوەند و باڵەخانە و شوێنی سەربازی داوە و دووکەڵ لە ئاسمانی تاران لە دەیان شوێن بەرز دەبێتەوە
دەگوترێ کەم گەرەکی تاران هەیە ئاگر و دووکەڵی لێ بەرز نەبێتەوە و ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندە حکومییەکانی کردووەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی.
باڵەخانەی وەزارەتی ئیتڵاعات لە نزیک گەڕەکی خاجێ عەبدوڵا، دەوروبەری وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە گۆڕەپانی فاتمی، باڵەخانەی فەرماندەیی پۆلیسی تاران لە شەقامی پۆلیس، ناوەندی چاککردنەوەی فڕۆکە لە نزیک گەڕەکی ئێکبەتان، باڵەخانەی وەزارەتی ئیتڵاعات، باڵەخانەی وەزارەتی نەوت بەشێکن لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج.
هەر لە تاران ناوەندی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئێران لە ناوچەی 13ی رۆژهەڵاتی تاران، ناوەندی سەرەکیی هێزی دەریاوانی و پشت هوتێل سپیناس لە فولکەی کەشاوەرز کراونەتە ئامانج و ژمارەیەک تەقینەوەش لە دەوروبەری نیاوەران، گەڕەکی هاشمی، پیروزی، گۆڕەپانی نارمەک، گەڕەکی سەهروەردی، دەوروبەری گۆڕەپانی وەلیعەسر، فڕۆکەخانەی خومەینی و مێهرئاباد، بەهارستان، گەڕەکی جومهوری و نزیک گەڕەکی بوستانی ویلایەت لە باشووری تاران روویان داوە.
باس لەوە دەکرێ کە ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر لە نێو خەڵکی تاران بڵاو بووەتەوە و خەڵک لە ترسا هەوڵی راکردن لە شارەکە دەدەن.