دوای هێرشێکی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین ناوەند و دامەزراوەیەکی گرنگی ئێران و کوشتنی چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و شەش زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە، وەکو کاردانەوەیەک ئێران سەد درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کرد سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ماڵی چەندین سەرکردەی سوپای پاسدارانیشی بە ئامانج گرت کە بەهۆیەوە حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و جەنەراڵ غوڵام عەلی رەشید، فەرماندە قەرارگای ناوەندیی خاتەمول ئەمبیا، د.محەممەد مەهدی تهرانچی، سەرۆکی زانکۆی ئازاد و د.فەرەیدوون عەباسی، سەرۆکی پێشووتری رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی و شەش زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە کوژراون.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران نزیکەی سەد درۆنی بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵداون، بە مەزەندەی ئیسرائیل درۆنەکان پێویستییان بە چەند کاتژمێر هەیە تا دەگەنە ئیسرائیل.
– سوپای ئیسرائیل کار دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی درۆنەکان و خستنە خوارەوەیان.
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بەردەوام دەبین و بەڵێن دەدەین هەڵەی تاوانکاران کە بەرانبەر بە ئێران و گەلی وڵاتەکە ئەنجامیان داوە بێ وەڵام نابێت.









