بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ی 6ی 2025، سوپای ئیسرائیل، چەندین هێرشی ئاسمانیی كردە سەر تاران و بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش ڕایگەیاند پەیوەندییان بەو پرسەوە نیە و پێویستە ئێران هێرش نەكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.
بەپێی زانیارییەكان، هێرشەكانی ئیسرائیل جگە لە دامەزراوە ستراتیجییەكانی ئەتۆمی، چەند باڵەخانە و گەڕەكێكی گرنگی تارانی گرتووەتەوە كە تێیدا بەرپرسانی باڵای ئێرانی تێدا نیشتەجێن و لەو چوارچێوەیەشدا دەنگۆی كوشتنی محەمەد باقری، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئێران بڵاو بووەوە.
بێنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، پاش هێرشەكە ڕایگەیاند: ئیسرائیل هێرشی كردووەتە سەر هەستیارترین ناوەندەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم و زاناكانی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمییان بە ئامانج گرتووە. گوتیشی: دڵی بەرنامەی پیاندنی یۆرانیۆمی ئێرانمان بەئامانج گرت.
سوپای ئیسرائیل، ئەم هێرشانەی بە قۆناغی یەكەمی لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ناو بردووە و دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، هێرشەكان چەند هەفتەیەك بەردەوام دەبن.
هاوكات لە تاران فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی گەشتەكانی وەستاند و باری لەناكاویش لە هەموو ئیسرائیل تاكوو كاتێكی نادیار ڕاگەیەندراوە.
ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكانەوە ڕایگەیاندووە، ئەمریكا لەو هێرشانە بەشدار و ئاگادار نیە و پێویستە ئێران بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەكاتە ئامانج.
ئەم هێرشانە لە كاتێكدان كە وا بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو گەڕی شەشەمی دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران بەڕێوە بچن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێرانیش ڕایگەیاندووە، لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبن.