بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتی

194

میسال ئالوسی
کاتێک ڕژێم لە ساڵی 2003دا ڕووخا، کورد یەکگرتوویی دەوڵەتی عێراقیان هەڵبژارد، ڕایانگەیاند و بەشدارییان لە پاراستنی عێراق لە داڕمان، پارچەپارچەبوون و سەرلێشێوان کرد، هاتنە ناو ئەنجوومەنی دەسەڵات و هەموو بژاردەی سیاسی ئەوکاتیش دەزانن کەوا چۆن سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕەتی کردەوە ملکەچی باڵیۆز بریمەر بێت، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە نموونەی گوێڕایەڵی و ملکەچی بوون لەبەردەم بریمەردا. هەمووان لەبیریانە، سەرکردایەتی کورد چۆن بڕیاریدا و فەرمانی بە هەمووان کرد کە تۆڵە لە عەرەبەکانی ناو سوپا و ڕژێم نەکەنەوە، کورد ئاسایش، کەرامەت و ئازادیی ئەوانی پاراست و بەسەلامەتی ڕەوانەی نێو کەسوکار و ناوچەکانی خۆیانی کردنەوە، بەبێ ئەوەی گوێ بە ستەم، قڕکردن و پێشێلکردنی هەموو بەها و پەیمانە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان بدات، کە ڕژێمی پێشوو بەسەریدا هێنابوون.

کورد لە دوای ساڵی ٢٠٠٣دا، ڕۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی ئەندامانی عەرەبی ئەنجومەنی دەسەڵات، پارت و سەرکردەکانی لە ڕکابەری و ململانێدا بینی، کە هەندێکیان خەنجەریشیان لە پشتی یەکتری دەدا. داوەتی ژەمەکانی نیوەڕۆ و ئێوارەی ماڵی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانیم لەبیرە، کە نێوەندگیری دەکرد و بۆچوونی نێوان عەرەبی سوننە، یان نێوان لایەنە شیعە ڕکابەرەکانی لەیەکتری نزیک دەکردەوە، ئەم هەوڵە گرنگانەش لەلایەن تاڵەبانییەوە، بە دیاری دارایی باش بۆ قەوارە و سەرکردە دیارەکانی عەرەب و ئیسلامی، پاڵپشتی لێ دەکرا. ڕۆڵی خوا لێی خۆش بێت، ڕۆژ نوری شاوەیسیش دیار بوو. هەر کاتێک شتەکان ئاڵۆز بوونایە، سەرۆک مەسعود بارزانی ئامادە دەبوو، بە قورسایی پێگەی خۆی و هەوڵەکانی لەگەڵ ،خوا لێی خۆش بێت جەلال تاڵەبانی، ڕژێمی بەغدا قەیرانەکانی لەدایکبوونی و بێ ئەزموونی زۆربەی سەرکردە عەرەبەکانی سوننە و شیعەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ـی تێپەڕاند.

بەڵێ، هەمووان لەبیریانە، سیاسەتمەدارەکان چۆن بۆ هەولێر حەجیان دەکرد، بۆ ئەوەی پشتیوانی کاک مەسعود بارزانی، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بەدەست بهێنن، چەندان بەڵێنیان لەبەردەمیدا دابوو، کە پابەندی دەستوور، هاوبەشیی نیشتمانی و ڕێککەوتنە حکوومی و سیاسییەکان دەبن، بەڵام هەر کە یەکێکیان و پارتەکەی ئەو کورسییەیان وەردەگرت، هەڵدەگەڕانەوە و دەبوونە کەسێکی ڕەگەزپەرستی تائیفی تۆڵەسێن لە کورد و کوردستان. من ئەوەم بە چاوی خۆم بینیوە، کاتێک سێ بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، کە بەڵێنیان دەدا و قسەی باش و دیموکراسییان دەکرد، ڕایانسپاردم، متمانەی بارزانیان بۆ بەدەست بهێنم، یەکێکیان گەیشتە کورسی سەرۆک وەزیران، ئەگەر کورد نەبوایە وەک وەزیرێکی لەبیرکراوی لەکارکەوتوو دەمایەوە. هەروەها لە نیوەی شەودا هاتە لام، بۆ ئەوەی یارمەتی بدەم چاوی بە کاک مەسرور بکەوێت، ئەم کەسە و ئەوانی تریش وا دەزانن، من دەتوانم ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرکردایەتی کوردەوە بکەم، ئەمەش شتێکی ورد نییە، ڕاستییەکەی ئەوەیە، منیش وەک زۆرێک لە عەرەب و کوردەکان، دەتوانم لە دەرگەکانیان بدەم.

بەڵێ، هێشتا لەبیرمە، چۆن حکوومەت لە بەغدا، مووچەی بۆ قۆڵ‌بادانی سەرکردایەتی کورد و ملکەچکردنی بۆ هەوەسەکانی دەسەڵاتداری ناکام لە بەغدا بەکارهێنا، فەرمانەکانی ئێرانیش بە مەرامی باڵادەستیی بەسەر کورد و کوردستاندا چۆن بوو. هەموومان هەڵوێستە ناسکەکانی واشنتۆنمان لە هەمبەر پارتەکانی حکوومەت و میلیشیاکانیان، لە بەئامانجگرتنی شارەکانی کوردستان، بە بۆمبی چێنراو، تۆپ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەبیرە.

کورد لەسەر بەخشینەکانی بەردەوام بوو، کاتێک پارێزگاکانی عێراقیش کەوتنە بن دەستی داعش، بە ملیۆنان عەرەب ڕوویان لە کوردستان لە شارەکانی دهۆک، سلێمانی و هەولێر کرد، کە بەشێکی زۆریان سوننە بوون، بەشێکیشیان شیعەکانی بەغدا و پارێزگاکانی باشوور، یان شیعەی دانیشتووی موسڵ، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار بوون. سەرەڕای ئەو گوشارە تەناهی، نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەی لەسەریشی بوو، کوردستان بە دڵێکی کراوەوە و لەسەر ئاستی میللی و میرییەوە، پێشوازی لە عەرەبە ئاوارە و هەڵاتووەکان کرد.

لەبیرمانە مەسعود بارزانی، چۆن وەڵامی کێشەیەکی دایەوە، کە لە نێوان گەنجانی کورد و عەرەبدا ڕوویدابوو و گوتی: (هەموویان میوانی ئێمەن)، ڕێنمایی وردیشی کردن، ئەگەر یەکێکیان هەڵەیەکیشی کرد، دەبێت بەرگەی میوانەکان بگیرێت و ڕێزیان لێ بنرێت. بەڵێ، چۆن فەرمانی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، خزمەتگوزاری تەندروستی و خزمەتگوزاری تر پێشکەش بە عەرەب بکرێت و وەکوو هاووڵاتی کورد سەیر بکرێن. چۆن هەزاران قوتابخانە بۆ وەرگرتنی منداڵە ئاوارەکان کرایەوە، زۆربەی کرێ و خەرجییەکانی ئەو قوتابخانانەش، لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، سەرەڕای ئەو بۆشاییە تەناهییە گەورەیەی لە بەغدا و پارێزگاکاندا هەبوو، ڕێنمایی بە هێزەکانی ئاسایشی کوردستان درابوو، هاوکاری عەرەبە ئاوارەکان بکەن، کارئاسانی بۆ کاروبارەکانیان بکەن و بیانپارێزن. ژمارەی عەرەبە ئاوارەبووەکانی ئەوێ ڕۆژێ، دوو ملیۆنی تێپەڕاند، یەک ملیۆنیان لەناو گەلی کوردمان و لە کوردستان نیشتەجێ بوون و پارێزراویش بوون. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی ئەرێنی مزگەوت و کڵێساکانی کوردستان لە لەئامێزگرتنی ئاوارەکاندا بکەین، ئەمەش کردارێکی نیشتمانیی ئاکاری مرۆییە، کە ئاوارەکان بە شانازی، سوپاسگوزاری و پێزانینەوە یادی دەکەنەوە. کەچی حکوومەت هەر مشتومڕ یان ناکۆکییەکی سیاسیی، بە خێرایی بۆ سزادانی بەکۆمەڵی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی کورد دەگۆڕێت.

لێرەوە، با سیاسەتمەدارانی ڕێکەوت بزانن و فێربن، ژمارەیەکی زۆر عێراقیی غەیرە کورد فەرمانبەرن لە کوردستان و لە کەرتەکانی تەندروستی، پزیشکی، پەروەردەیی و پیشەسازی، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر عەرەبی ناوچە جێناکۆکەکان، تەنانەت بەغدا و بەسڕەش، کارمەندی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەن، با ڕەگەزپەرستەکان بزانن، ناردنە دەرەوەی قوتابیان بۆ خوێندنی باڵا لە دەرەوەی کوردستان لە دوای ساڵی 2003، عەرەبی دانیشتووی کوردستانیشیان تێدایە، کە لەسەر کەیسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێردراون، خوێندنیان تەواو کردووە و ئێستا فەرمانبەرن، هەندێکیشیان لە کەرتی زانکۆدان، کەچی وەزارەتەکانی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا، بە فیتێکی تائیفی و ڕەگەزپەرستانەوە، هاووڵاتیانی عەرەب و غەیرە عەرەب لە مافەکانیان بێبەش دەکات، سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی کیناوی لەدژی سەربەخۆیی و سەرکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، بەرانبەر ملکەچی بڕیارەکانی حکوومەتی بەغدا بۆ میلیشیاکان و هەوەسەکانی خۆبەندیی بۆ ئێران دواترینیان نییە. برسیکردنی کوردستان، تاوانێکی جیاکاریی ڕەگەزپەرستانە و ئاپارتایدە، پێویستە حکومەتیش بەپەلە ئەم ستەمە هەڵگرێت، هەڵچوونی وەزیرە ڕێکەوتەکان و ڕاگەیاندنی هاندراو و بەکرێگیراویش لغاو بکات.
و: ڕەمزی میرەکانی