هەڵەبجە: عامر فەرحان:- لەمەراسیمێکدا لە هۆڵی بۆنەی کاکەییەکان لەپارێزگای هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیر و خوێنەران کتێبی (کاکەییەکانی هاوار مێژوو و کولتووریان) کە سەفەر کەریم هاواری نووسیویەتی بڵاوکرایەوە.
سەفەر کەریم هاواری لەلێدوانێکدا بۆ خەبات گوتی: ساڵی 2016 دەستم بەنووسینی پەرتووکی کاکەییهکانی هاوار مێژوو و کولتووریان کرد، ساڵی 2023 چاپی یەکەمم لەشاری هەولێر بڵاوکردەوە، ئێستاش لەپارێزگای هەڵەبجە چاپی دووەمم بڵاوکردەوە کە سێ سەد لاپەڕەیە.
گوتیشی: گرفتی گەورەی نووسەران چاپکردنی بەرهەمەکانە لەڕووی ماددییەوە قورسە بۆیان. بۆیە بە حەوت ساڵ توانیم چاپی یەکەمی بڵاوبکەمەوە. لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەیەوە گوتی: باسی مێژووی کاکەییەکان و چۆنییەتی بەڕێکردنی ژیانم لەڕابردوودا لە گوندەکانی هاوار و هەوارە کۆن و دەرەتوێ کردووە، هەروەها ناوی شەهیدەکان و بەشداری کاکەییەکانی هاوار لەشۆڕشەکاندا تۆمارکردووە، ئەوەندەی پێم کرابێت تیشکم خستۆتە سەر تەواوی لایەنەکانی ژیان و مێژوو و کولتووریان.
هەروەها هەوڵمداوە سەرەتایەک دروستبکەم بۆ مێژوونووسان تابتوانن بەدوای مێژووی گوندی هاواردا بگەڕێن. تەنها باسی مێژوو کولتووری کاکەییەکانی هاوارو هەوارەزکۆن و دەرەتوێم کردووە کە دانیشتووانەکەی پەیڕەوانی ئایینی یارسانن.
نووسەر گوتیشی: نووسینی کتێبێکی وەها زۆر بەگرنگ دەزانم بۆ ئاشنابوونی کەسانی غەیرە کاکەیی بە ئاین و مێژوو کولتووری ناوچەیەکی گرنکی وەک هاوار، ئەوەی کە جێگەی خۆشحاڵیی منە لە مەراسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەمدا ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برایانی موسڵمان ئامادەبوون، ئەمەش هەنگاوێکی گرنکە بۆ بتەوکردنی ئەو پێکەوە ژیانەی کە هەیە.
سەفەر کەریم هاواری ئەوەشی بە خەبات گوت: لەم کتێبەدا زۆر ورد نەبوومەتەوە لە باسکردنی ئایینی یارسان، بەڵام بەڕووکەش باسم کردووە، ئاماژەم بە مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکان کردووە، باسی ڕووخساری کاکەییەکانم کردووە بۆ نموونە هێشتنەوە یسمێڵ(شوارب) لای کاکەییەکان پیرۆزیی خۆی هەیە، هیوادارم توانیبێتم لەڕێگەی ئەم کتێبەوە خزمەتێکم بە کاکەییەکانی هاوار گەیاندبێت.