غازی حەسەن
گوتار چییە؟
بەپێی پێناسەی فەرهەنگی (Merriam webster ) گوتار بریتییە لە فۆرمی دەربڕینێکی ڕێکوپێک و درێژکراوەی بیرکردنەوە لەبارەی بابەتێک، یان پەیوەستبوونە بە نووسین، یان قسەکردن. یەکەیەکی زمانەوانییە گەورەترە لە ڕستە، هەروەها وای پێناسە کردووە کە دەربڕینە لەبارەی خودی خۆت بەتایبەتی لەدۆخی گوتاری زارەکیدا. (https://www.merriam-webster.com/dictionary/discourse ).
(Seymour Chatman) لە کتێبە شیکارییەکەی لەبارەی گوتاری چیرۆک دەڵێت “گوتار فۆرمی دەربڕینە” ( Seymour Chatman, , 1978, 23 ). منیش پێم وایە گوتار هەندێک دوورتر لەمە وێناکردن و نەخشەوێنای بیرکردنەوەی قسەکەرە بە قسەکردن، یان نووسین و وێنە و هێما و نیشانە لەپێناو گەیاندنی بیرۆکە و مەبەستێك.
گوتاری سیاسی لەم سەردەمەدا لە کوردستان پانتاییەکی یەکجار فراوانی لەنێو ڕەفتار و بیرکردنەوە و ناسنامەی تاک و گروپ داگیرکردووە، نەک هەر تەنیا سیاسییەکان، بەڵکو کەسانی ئاسایش پێیان وایە لەسایەی ئازادی دەربڕین و بڵاوکردنەوە سیاسەت ئاسانترین شتە، بۆ ئەوەی نمایشی خواست و خودی خۆی و بیرکردنەوە و کاردانەوەکان و ژینگە دەروونییەکانی پێ دەربڕێت. لەهەمان کاتدا پێچەوانەی گوتار لای تاک، هەست بەوە دەکرێت هەندێک لایەنی سیاسی هێندەی کار لەبارەی گوتاری ئابووری و بازرگانی دەکەن، نیو هێندە بایەخ بە سیاسەت نادەن، بۆیەشە ڕەخنە دەگرن چونکە ئیتنتما لاوازبووە، یان نەماوە. بۆیە لە وەها دۆخێکدا ئەگەر شێواوی و فۆرمێکی قۆپاوی گوتار ببینرێت، شتێکی نائاسایی نییە.
(Christina Pazzanese ) لەبارەی گوتار دەڵێت “هێزی قسەکردن بەپێی زمان، قسەکەر، میدیا، کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بینەر دەگۆڕێت” . ( Christina Pazzanese, https://news.harvard.edu/gazette/story/2023/10/should-we-be-worried-about-heat-of-political-discourse/). واتا نابێت لە بیناکردن و ڕاپەڕاندنی گوتار دەوروبەری گوێگر و وەرگری گوتارەکە بەفشە بزانین، لەبەر ئەوەی قسە بۆ وەرگرێک دەکرێت، کە مەبەست گوتار تێگەیاندن و بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردنە.
گوتار بریتییە لە گوتن بە (قسە و نووسین و وێنە و نمایش و هێما و نیشانە)، گوتاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەیە و ئەرکی گەیاندنی پەیام و مەبەست و نیازە، لەپێناو دروستکردنی کردەی پەیوەندیکردن بە گوێگر و وەرگر و بەکارهێنەرانی خودی گوتارەکە.
بۆیە دەتوانم بڵێم گوتار ڕاپەڕاندنی فکرە و وێناکردنێکە بە گوتنی شتێک و مەبەستێک و نیازێك لەپێناو پەیوەندیکردن بە ئەوانی دیکە.
گوتاری سیاسی
گوتاری سیاسی بەپێی پێناسەی (کامبریج) بریتییە لە “بەکارهێنانی زمان بۆ بەدیهێنانی پەیوەندیکردن لە قسەکردندا”. (https://dictionary.cambridge.org/us/example/english/political-discourse#google_vignette ). واتە (زمان و کردەی پەیوەنیکردن و قسەکردن) سێ پێکهاتەی گرنگ و سەرەکی گوتارە.
گوتاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە کردەی پەیوەندیکردن بە خەڵک، یان وێناکردن و وەسفی دەسەڵاتە، یان ڕەخنەگرتنە لە دەسەڵات. هەروەها ڕاپەڕاندنی فۆرمی وێناکردنی بیروڕا و ئایدیۆلۆژیا و تێڕوانینی لایەنەکانە. ناتوانم بڵێم گوتاری سیاسی بنەما زانستییەکانی بیناکردن و ڕاپەڕاندنی تەواو بەکارهێناوە، بێ گرێ و پینە نییە. لەزۆر بواردا لەدەرەوەی بەدامەزراوەیی بوون دایە، هێزێك نییە بۆ پەیوەندیکردن، بەڵکو ڤایرۆسێکە بۆ تێکشکاندنی پەیوەندییەکان. هێزی گوتاری سیاسی پەیوەستە بە پێویستییەکانی بیناکردنی خودی گوتارەکە و ڕەچاوکردنی ژینگە و دەوروبەری خەڵک/ وەرگر و گوێگری گوتارەکەیە.
گوتاری کورت و درێژ وەکو فۆرم هەیە، دەکرێت بەم شێوەیە سەرنجەکانمان لەبارەیان کورت بکەینەوە:
گوتاری کورت:
– بۆ بۆنە و بابەتێکی تایبەت تەرخانکراوە.
– خاوەن گوتارەکە لە کورتکردنەوەی گوتارەکەیدا توانا و لێهاتووییەکی یەکجار گەورە دەنووێنێت، چونکە کورت و پووخت ئاخاوتن هونەرە و هەموو کەسێک دەسەڵاتی بەسەردا ناشکێت.
– گوێگرەکانی بەشێوەیەکی کاتی، لەناکاو، ئامادەی گوێگرتنەکەن.
– گوتاری کورت پەیوەندی بە بەکارهێنانی زمانەوە هەیە.
– ئەگەر گوتارەکە بەشێوەی گوتن/ قسەکردن پێشکەش بکرێت و کورت بێت، ڕاستەوخۆ لێهاتووی خاوەن گوتار لە پوختکردنەوەی قسەکانی نیشان دەدات.
گوتاری درێژ:
– نیشانەی توانای قسەکەرە وەکو نمایش و دەرخستنی توانای زۆری بۆ ئاخاوتن و درێژکردنەوە و زۆر گوتن.
– هەبوونی بابەت و کێشەی زۆر لەیەک کاتدا.
– هەبوونی چین و توێژی جیاواز، کە پێویستیان بە بابەتی تایبەت بە خۆیان هەیە.
– درێژی گوتار دەبێتە هۆکار بۆ شاردنەوەی شتە سەرەکییەکان و دەرخستن و گەورەکردنی ئەو شتانەی لاوەکین.
گوتاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان:
– بەگشتی گوتارەکان درێژن، فرە بابەتن، نێوەڕۆکدار نین، هەقایەتن، بابەتەکان یان کۆنن، یان زانراون و پێشتر قسەیان لەبارەوە کراوە.
– دووبارەکردنەی شتەکان.
– لەبەر ئەوەی توانای ڕەوانبێژیان لە گوتاردا لاوازە، پشت بە شەرح و لێکدانەوەی شتەکانی خۆیان و قسەکردن لەسەر قسەکانی خۆیان دەبەستن.
– قسەکردن فۆرمی هەقایەتی تێدایە، ئەم فۆرمەش پشت بە گێرانەوەی درێژی سۆزداریی و جووڵاندنی سۆزی خەڵک نەک عەقڵ دەبەستێت .
– زۆربەیان لەسایەی درێژکردنەوەی بابەتەکە، هەقیقەتی شتەکان دەشارنەوە.
– گرنگی بە وەگر و گوێگرەکانیان نادەن، بۆیە بەیەک ئاواز و شێواز گوتار پێشکەش دەکەن، واتە دەوروبەری وەرگر لەنێو گوتاری کوردی گرنگ و جێگەی بایەخ نییە.
– پشت بە بنەمای دروستکردنی بڕیار و ڕای گشتی و دارشتنی شێوازی کاری سیاسی و بەرنامەی فکری لەخۆ ناگرێت، بەڵکو وەکو ئاخاوتنێکی ئاسایی دوور لە سەرەتا و کۆتایی و ڕەچاوکردنی بنەما گرنگەکانی گوتار بەکاردەهێنن.
– گوتارەکان بەگشتی دەرفەتی لێکدانەوە و شڕۆڤە و بوونی پەیامی شاراوە بەوەرگرەکانی نادات.
گوتار لای سەرۆک بارزانی
یەکێک لەو ڕێباز و تەکنیکەی لەلای سەرۆک بارزانی بەرجەستەیە، کەم لێدوان و کورت ئاخاوتنە، دەرفەتی بیرکردنەوە و لێکدانەوە و شڕۆڤە دەداتە وەرگری گوتارەکانی، چونکە هەمیشە لە قسەکانی شتێک دەڵێت، کە دەکرێت ببنە بنەما بۆ ستراتیژی کاری سیاسی لە ئایندەدا، یان داواکردنە، یان فەرمان و حووکمە.
سەرۆک بارزانی کە ڕێبەری نەتەوە و سەرچاوەی بڕیاری سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە کوردستان، لە گوتارەکانیدا پەیام و بڕیار و ڕێنوێنی بە ئاشکرا بەدی دەکرێت، هێزی ڕاپەڕاندنی شتە گەورە و جدییەکانی بەدی دەهێنێت، ئامانجدارە بە مەبەست و ئاشکرانی پێویستی هێزی نیاز و نیەتی تێدایە.
ئەو بەزمانی حووکم و فەرزکردنی دەسەڵات گوتار ڕاناپەرێنێت، بەڵام لە کردەوەدا گوتارەکانی هێز بە دەسەڵات و ڕاپەڕاندنی کاری سیاسی و پەیوەندییەکان و بیرکردنەوە لەبارەی ئایندە دەدەن. ئەو بە کردەی (داواکردن، ڕێنوێنی، هوشداری، ئاشکراکردنی هەندێک زانیاری ناڕاستەوخۆ، ئاگادارکردنەوە) دەئاخڤێت، بەڵام لەکردەوەدا ئەم شتانە بەتایبەتی کردەی داواکردن لای ئەو مانای بڕیار دەگەیەنێت.
سنووری جوگرافی گوتاری سەرۆک، لەکردەوەدا جوگرافیای هەموو نەتەوە و هەموو کوردستانە، ئەمەش وایکردووە داواکردن نیشانە و هێز بێت، بۆ هوشداریی و ئاگادارکردنەوەیەکی ستراتیژی. ئەو قسە لە ستراتیژی گشتی نەتەوە و کوردستان دەکات، لە دەرەوەی حزب دەئاخڤێت،
پەیامی گوتاری سەرۆک لە هەڤدەهەمین پێشانگای کتێب (شەڕی گەورە بەڕێوەیە)، (سەرکەوتنی کورد لە یەکگرتنە)، (قەیرانی گەورە بەڕێوەیە)، (پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەت) ئەم گوتارەی سەرۆک بارزانی، کە لە پێشانگای هەڤدەمینی کتێب لە هەولێر پێشکەش کرا بریتییە لە ( ٦٩٥) وشە. بە وتارێکی کورت دادەنرێت، سەرۆک بارزانی توانایەکی یەکجار زۆری هەیە لە (کورت و پوخت پێشەکشکردنی گوتار) ئەمە هەموو سەرکردە و سیاسییەک ناتوانن بەم شێوەیە کورت و چڕە (مەبەستێکی زۆر و بابەت گەلێکی هەمەجۆر و چەند ڕووداو و پێشهاتی گەورە بە کەمترین وشە) گوزارشت لێ بکەن. دەربڕینەکانی پڕن لە دەستەواژەی ماناداری فرە مەبەست، پەیامی پراگماتیکی و ڕاستەوخۆ و ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانەی تێدایە. گوتارەکانی کورتن چونکە نایەوێت شتی ناپێویست بخاتە نێو گوتارەکەی و هەروەها دەزانێت خەڵک لە گوتاری درێژ ماندوو دەبن، یان سەلیقەی گوێگرتن لە قسەی دوور و درێژی نییە و سەردەمی (بروسکە گوتارە).
لەنێو گوتاری سەرۆکدا لە شێوە و فۆرمە گشتییە سەرەکییەکەدا یەک پەیام هەیە، ئەویش هێز و مانەوە و گەشەکردن و شێوازی ژیان و فەلسەفەی کاری سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کوردستان پێویستی بە (یەکگوتار، یەک نەخشە ڕێگای سیاسی، یەک حکوومەت و یەک سەرچاوەی هاوبەشی بڕیار و بیرکردنەوە) هەیە، یەک پەیامیی گوتاری سەرۆک بارزانی لەوە دایە، کە ئاراستە و مەبەست و خواستی سیاسی دەبەستێتەوە بەوەی (پێکەوەژیان هەیە) و (هەموو وەکو بران)، بە یەکگرتووی سەردەکەوین، هەموو بەپێی ژمارەی کورسییەکانیان بەشداری حکوومەت و دەسەڵات بن.
شیکاری گوتاری سیاسی باس لەو تەحەددایانە دەکات، کە ڕووبەڕووی ئەکتەرە سیاسییەکان دەبنەوە لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگە، هەروەها ئەوە نیشان دەدات چۆن ستراتیژییەکانی شەرعیەتدان بە گوتاری سیاسی دەتوانن لە درێژەدان و بەردەوامی جیاواز بن و کاریگەر بن. لەبیری نەکەین کاریگەریی و هۆکارەکانی سەقامگیربوونی گوتاری دامەزراوەیی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هۆکارەکانی ئاژاوە و نائارامی لەنێو میدیا نوێکان دەست پێ دەکات. گەلێک لە ئەکتەرە سیاسییەکان لەڕێگەی پێکهاتەی دامەزراوەیی، میدیا یان دامەزراوەکان بەدوای شەرعیەت دان دەگەڕێن، ڕەنگە هەندێکی تر لە ڕێگەی لەناوبردنی شەرعیەتەوە هەوڵی لاوازکردنی هەر دژایەتییەک بدەن. ( https://edinburghuniversitypress.com/book-political-discourse-analysis.html ).
بۆیە کاتێک بمانەوێت شیکاری گوتاری سیاسی سەرۆک بارزانی بکەین، پێویستە ئەوە ڕەچاو بکەین، کە سەرچاوە و هێزی گوتارەکەی لەسەر بنەمای دامەزراوە شەرعی و سیستەمە سەقامگیرەکە بەڕێوە دەچێت. ئەو وەکو ڕێبەری نەتەوە و خودانی ستراتیژی شەرعی دەئاخڤێت، لەپێناو مانەوە و بەردەوامی و پێشکەوتن و مانەوەی نێوبانگ و ناسنامە دیموکراسی و کراوەکەی کوردستان، کە لەسەر بنەمای (جیاوازیی و تەبایی و ڕێزگرتن و فرە پێکهاتەیی) بیناکراوە.
فرە مەبەست و فرە کردە
لەتەک ئەو بنەما سەرەکییەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لە هەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر، ژمارەیەک مەبەست و کردە و ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری هەیە، کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین:
یەکەم: وەسفی ڕاستەوخۆ
لەم گوتارەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دوو بابەت و لایەن و کەس وەسف دەکات، کە وەسفێکی ئەرێنییە و پشت بە کردەی پاڵپشتی و هاندان و هەڵسەنگاندنی باش دەبەستێت. لەوانە:
(فەخری کەریم) و (ئەلمەدا) و (ئەو بەڕێزانەی ئەرکیان کێشاوە) و (پێشانگاکانی دیکە هەولێر و ئەوەی ئێستا)، کە دەڵێت: “دەستخۆشی لە کاک فەخری کەریم دەکەم) و (سوپاس و پێزانیم بۆ دەزگای ئەلمەدا) و (هەموو ئەو بەڕێزانەی کە ئەرکیان کێشاوە و ماندوو بوون) و ( پێشانگا هەر ساڵێک باشترە لە ساڵی پێشتر). ئەمە ستایش و هەڵسەنگاندن و پێزانینی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگرێتەوە. لەهەمان گاڤدا ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت کتێب دیاردەیەکی باشی سەرکەوتووە.
دووەم: تەکەنەلۆژیا و کتێب و خوێندنەوە
سەرۆک بارزانی زۆر دووربینانە و دوور لە شیکردنەوە و گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی کتێب و گومان و دابەزینی ئاستی خوێندنەوەی کتێب لەم سەردەمەدا، پێمان دەڵێت: ” هەرچەندە دونیا بەرەوپێش بچێت، تەكنەلۆژیا بەرەوپێش بچێت، ئەو فەرموودەیەی شاعیری گەورەی عەرەب (موتەنەبی) ئەو حەقیقەتە بە زیندوویی دەمێنێتەوە كە دەڵێت: وخير جليس في الزمان كتاب”. ئەم لەم گوتارەدا وەکو دامەزراوەیەکی کەلتووری، گوتارێکی متمانەدار و شیکار ئاسا، کردەی (بیرهێنانەوەی سەردەمی موتەنەبی، کردەی گومان لە دابەزینی کتێب، کردەی ترس لە تەکنەلۆژیا، کردەی هەڵسەنگاندن و کردەی دڵنیایی و بەئاگاهێنانەوە ئاماژە بە بەها و گرنگی کتێب) دەکات. مەبەستی ئەوەیە بە گوێگرەکانی بڵێت: کتێب هەمیشە وەکو هاوڕێی خوێنەر دەمێنێتەوە. هەژموونی تەکنەلۆژیا کە کاریگەریی هەیە، بەڵام هێشتا کتێب ئەوەیە، کە موتەنەبی لەسەردەمی نەزایندا وەسفی کردووە.
لەم گوتارەدەدا چەند مەبەستێکی هەیە:
یەکەم: گفتوگۆیەکی فکری لەگەڵ خوێنەر دەکات.
دووەم: سەرنجی بەشداربووانی عەرەب لە پێشانگاکە ڕادەکیشێت.
سێیەم: هێنانەوە و بیرهێنانەوەی بۆچوونێک، کە زۆر زۆر لە سەردەمی تەکنەلۆژیا دوورە، بۆ ئەوەیە خوێنەر گرنگی بە خوێندنەوە و کتێب بدەن.
چوارەم: ئاماژەکردن بە کەلتوورێکی ڕۆژهەڵاتی کۆن، بەرانبەر هەژموونی کەلتووری تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوایی سەردەمیانەی نوێ.
پێنجەم: لە گوتارەکەد ائەوەمان بۆ ساخ دەبێتە خاوەنی گوتار خودانی پاشخانێکی ڕۆشنبیریی قووڵە، پەیوەندییەکی پتەوی بە کتێب و خوێندنەوە هەیە.
سێیەم: پەیام و مەبەستی سیاسی لەوانە:
– شانازی کردن بە فەرهەنگی پێکەوەژیان.
– فەرهەنگی یەکتر قبووڵکردن.
– فەرهەنگی ئازادیی بیروڕا.
– فەرهەنگی ئازادیی دین، ئازدیی مەزهەب.
لەهەموویان کاریگەرتریش ئەوەیە، کە وەکو کردەی بڕیار و حووکم بەگوێگرەکانی دەڵێت: ” بەهیچ شێوەیەک موساوەمەی لەسەر ناکرێت، با هەموو کەس ئەمە باش بزانێت”. لەم دەربڕین و گوزارشتەدا سەرۆک بارزانی بەشێوەیەکی شارەزا لە بەکارهێنانی زمان و ئاماژەکردن بە کارەکتەری قسەکەر دەئاخڤێت:
یەکەم: دیاری نەکردووە کێ موساوەمەی لەسەر ناکات. واتە هەموو بەرپرسن و موساوەمە ناکەن.
دووەم: کە دەبێژێت با هەموو کەس باش بزانێت. ئەمە کردەی هوشداری و ئاگاداری و سنوور بۆ دانانی لەخۆگرتووە، لێرەدا بە ناڕاستەوخۆی ئەوەمان پێ دەڵێت کە (ئەو، هەروەها دامەزراوەی دەسەڵات) ئەمە قبووڵ ناکات، ئەمەش نیشانەی کاریگەریی و هێزی بەکارهێنانی زمانە لای سەرۆک بارزانی. دەزانێت چۆن وشە لەشوێنی سروشتی خۆیدا بەکار بهێنێت.
سێیەم: نیاز و مەبەستی لەم گوتارە لەبارەی ناوەخۆی هەرێم، لەسەر چەند ستراتیژێک بیانکراوە، لەواونە:
– دۆخی هەرێم بەدەر نییە لە دۆخی ناوچەکە.
– هەڵبژاردن کرا، کە زۆر کەس وایاندەزانی هەڵبژاردن ناکرێت، یان تووشی گرفتی گەورە دەبێت، موشکیلەی گەورە ڕوودەدات. هەڵبژاردن کرا. بە شاهێدی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژاردنێکی بێگەرد بوو.
– موقایەسە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەڵبژاردن زۆر زۆر باش بوو، ئەنجامەکەشی دەرکەوت.
– قەیرانی گەورە بەڕێوەیە.
چوارەم: کردەی خۆشحالیی
لە گوتارەکیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت: (پێمان خۆشە هەموو ئەوانەی کورسییان بەدەستهێناوە، هەر کەسە و بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێكەوە حکوومەتێک کابینیەک دروست بکەین).
کردە قسە بە مانای ڕاپەڕاندنی کارێک بە قسە و ئاخاوتن و بەکارهێنانی وشە دێت، گوتاریش بریتییە لە قسەکردن و ڕاپەڕاندنی ژمارەیەک ئەرک لەڕێگەی گوتن و قسەکردنەوە، واتە سەرۆک لەم گوتارەدا کردەی خۆشحالی و داواکردن و داڕشتنی نەخشەڕێگەی کاری هاوبەشی سیاسی و ماف و ئەرک دادەڕێژێت. گوتارەکەی سەرۆک وەکو گوتارێکی دامەزراوەیی لەنێو کایەی سیاسی دێت، ئەرک و ماف دیار دەکات.
پێنجەم: کردەی ئامۆژگاریی و ڕێنوێنی
لەم گوتارە کورتەدا، ژمارەیەک زۆر شتی ستراتیژی و گرنگ دەگەیەنێت، یەکێک لەوانە ستراتیژی ئۆپۆزسیۆن بوونە لە هەرێمی کورستاندا. دەڵێت: (با ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوە بێت كە ڕێگەی باشتر پیشانی كابینە بدات، پیشانی حكوومەت بدات، پیشانی پەرلەمان بدات).
ئەوەشمان بیر دەهێنێتەوە، کە ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروستمان نەبووە، بۆیە پیشنیار دەکات، یان ئامۆژگاری دەکات ئۆپۆزسیۆن دروستکەر و هاوکار و بەشدار بێت.
شەشەم: کردە و مەبەستی داواکردن
گەلێک جاران کردەی داواکردن بە فۆرمی فەرمان و بڕیاریش دێت، بێگومان کە گوتاری سەرۆک بارزانی گوتارێکی شەرعی دامەزراوەییە، لەشێوەی داواکردن، لەگەڵ لایەنەکان دەئاخڤێت و دەکرێت ئەم ئاخافتنە وەکو (بڕیارێکی سیاسی لای خۆی) و (لای پارتی) و (لای سەرۆک وەزیرانی حکوومەتیش) دابنرێت. ئەو دەڵێت: (لێرەدا جارێكی تر داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم بەشدار بن، بەڵام مەسئولیەتی هەرە گەورە دەكەوێتە سەر شانی پارتی و یەكێتی، تا ئێستا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە. دەبێ بە هەرچی زووتر، ئیشەكان تەواو بكەن و كابینەكە دروست بكرێت).
ئەمە نیشاندانی کردەی فەرمان کردنیشە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، چونکە ئاگادارمان دەکاتەوە دۆخەکە ئاڵؤزە، باش نییە چی دیکە دوا بکەون. (پارتی و یەکێتی) وەکو بەرپرسیاری یەکەم و بەپلەی یەکەم ناو دەبات، ئەوانی دیکەش لە بەرپرسیاریەتی دوور ناخاتەوە.
حەوتەم: کردەی ئاگاداری و هوشداری (قەیرانی گەورە بەڕێوەیە، تاکە مەرج یەکگرتنە)
ڕاشکاوانە لەم گوتارە کورت و پوخت و چڕەدا، وەکو ئەوەی ڕووداوەکان پێویستیان بەکردنەوەی پێشانگای کتێب هەبووبێت، تا لێرەدا و بەم بۆنەیە سەرۆک بارزانی قسە جدییەکانی خۆی و هوشداری و ئاگادارییەکانی بگەیەنێتە هەموو لایەک، یان چیتر لە ژوورەکانی گفتوگۆی حزبی و سیاسی نەمێنێتەوە، بکرێتە گفتوگۆیەی کراوەیی ئاشکرای نێو کۆمەڵگەش. ئەو ڕاشکاوانە و بە ڕاستەوخۆیی هوشداری دەدات و دەڵێت: (وەكوو دەبینین دەوروبەری ئێمە و لە دونیا هەمووی قەیرانی گەورە ڕووی داوە و ڕەنگە قەیرانی گەورەتریش بەڕێوە بێت، بۆیە تەنها مەرجی سەركەوتنی كورد، یەكگرتنی كورد و كوردستانیانە. بۆ ئەم مەبەستە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیكەین، راسپاردەی منیش بۆ هەموو لایەنەكان، بە تایبەتی بۆ پارتی و یەكێتی، پەلە بكەن لە دروستكردنی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان).
سەرۆک بارزانی ڕاشکاوانە بێ ئەوەی ئاماژە بە (مەترسی و ترس) بکات، لەڕێگەی ئەم دەربڕینە دەڵێت: (راسپاردەی منیش بۆ هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی بۆ پارتی و یەکێتی، پەلە بکەن). (هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین). دوو شت دەڵێت: ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو شتێک و توانایەکن، داواش لەلایەنەکان دەکات. ئەمەش جۆرێکە لە جددی بوونی (ئەو قەیرانە)ی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێکردووە، بێ ئەوەی پێمان بڵێت جۆری قەیرانەکە چییە، ناوەخۆییە، هەرێمایەتییە، جیهانییە. ئابوورییە، یان سیاسی، یان دیپلۆماسی و سەربازی. گۆڕانە، یان پێشگرتنە لە گۆڕان، بەڵام کەسانی هوشیار سیاسی باش لەم ئاگدارکردنەوە و هوشدارییە دەگەن.
هەشتەم: گوتارێکی ڕەخنەگرانە و واقیعی
لە کۆتایی گوتارەکەیدا بەشێکی باشی بۆ وەسف و گێڕانەوەیەکی کورتی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کردووە، ئاماژە بە بنەماکانی (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) و دەستووری نوێی عێراق دەکات، ئەو ڕەخنەی ناڕاستەوخۆ دەگرێت کە دەڵێت “ئەگەر ئیلتزام بەو دەستوورە کرابا” واتە کێشەی ئێستا لە ئیلتیزام نەکردن بە دستوورەوە هاتووە. ئەمە گوتارێکی ڕەخنەگرانەی سیاسی هێمن و دوورە لە هەڕەشە، تا ڕاستەوخۆش دەڵێت (دەبێ ئەو هێزانە چ لە هەرێم و چ لە بەغدا، جورئەتی ئەوەیان هەبێت، دان بە هەڵەكاندا بنێن و دیسان لاپەڕەیەكی تازە بكەنەوە بۆ ئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت).
ئەمە ئەوەمان نیشان دەدات لەیەک کاتدا سەرۆک بارزانی، چەند کردە قسەیەک ڕادەپەڕێنێت لەوانە:
کردەی ڕەخنەگرتن لە لایەنەکان.
کردەی هوشداری ئەگەر چارەسەری کێشەکان نەکرێت
کردەی ئاگادارکردنەوە و پێشبینی گرفتی گەورەتر لە عێراق دەکات.
نۆیەم: پێشگریمانە و هوشدارییە گەورەکە
لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی لە دواین ڕستەدا، کە تایبەتە بە عێراق پێشگریمانەی شەڕێکی گەورە دەکات و دەڵێت: (لە دەوروبەرمان گرفتی زۆر گەورە هەیە، شەڕی گەورە بەڕێوەیە، شەڕی گەورە ڕووی داوە. لە هەمووی موهیمتر ئەوەیە كە دەبێ ئەوانەی كە ئێستا كاربەدەستن لە بەغدا، بە هەموو توانایەك هەوڵ بدەن عێراق تێكەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت).
ئەم وشانەی هەر یەکێکیان مانا و مەبەست و نیشانەیە بۆ پێشگریمانەی ڕووداوی گەورە، بەڕێوەبوونی شەڕی گەورە. لەتەک هیوای دوور کەوتنە لە شەڕ و بوونی ئاشتی و سەلامەتی بۆ هەموو لایەک، لەوانە فەلەستین و لوبنان، ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ و بەناوهێنان لە چوارچێوەی کردەی هیواخواستن و داواکردن و ئاگادارکردنەوە بە کاربەدەستانی عێراق، دەڵێت: ( کاربەستانی بەغدا بەهەموو توانایەک هەوڵ بدەن عێراق تێکەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت).
لە کردەوەدا دوایین قسە و ئامۆژگاری و زانیاریی و هوشدارییەکانی، کە پێشکەشی کردووە، لە بنەڕەتدا پێ دەچێت، مەبەستی هەرە سەرەکی و گرنگ و یەکەمی ئەم گوتارە بێت، کە بۆنەی کرانەوەی پێشانگای کتێب پێشکەشی کرد. چونکە هەموومان دەزانین قسەکردن لەسەر ئایندەی ناوچەکە و ئەو شەڕانەی ڕوویانداوە، یان وەکو ئەوەی سەرۆک دەبێژێت (شەڕی گەورە ڕوودەدەن) هوشدارییەکی جددییە و داوا لە عێراق دەکات خۆیان (تێکەڵی ئەم شەڕانە) نەکەن، واتە یەک شەڕ نییە، بەڵکو (شەڕەکان لە دۆخی کۆ) دان، واتە پتر لە شەڕێک و مەترسییەک و ڕووداوێک ڕوو دەدەن.
ئێمە دەزانین سەرۆک بارزانی لە زۆربەی سەردەمەکان گوتارەکانی بریتی بوون لە زانیاری پشتڕاستکراوە بوون بە پێشهاتی دروست، هەروەها پێشگریمانە بە واتای (هەبوونی زانیاریی ورد لەبارەی ئەو شتانەی گریمانە) دەکرێن و دوور نییە ڕووبدەن. ئەو دواین زانیاریی و هوشداری و پێشبینییەکان لە گوتارەکەیدا وەکو کردەیەکی حەتمی و هەقیقی و دروست و ڕاستەقینە پێشکەش دەکات. بۆیە (شەڕی گەورە) لەناوچەکە هەیە و (شەڕی گەورەش) ڕوو دەدەن و عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی، کە ئەگەری (تێەڵاوبوونی) لێ دەکرێت، وەکو کردەی ئامۆژگاریی و هوشداری و بەئاگاهێنانەوە و بەشدارنەبوون لە کارەسات و ڕووداوی ناخۆش بە بەرپرسانی بەغدا دەڵێت (با عێراق تێکەڵاوی ئەم شەڕانە نەکرێت).
گریمانەی چەند شتێک لەم گوتارە، لە بەشی کۆتایی و لەدواین ڕستەی گوتارەکەدا هەیە لەوانە:
یەکەم: پێشگریمانەی ((شەڕێکی نوێی گەورە)).
دووەم: پێشگریمانەی ئەوە دەکات، ترسی هەیە عێراق تێکەڵی شەڕەکە بێت.
سێیەم: ئامۆژگاری بەرپرسانی عێراق دەکات، تێکەڵی شەڕەکە نەبن، کە لای ئێمە ڕوونە شەڕەکە چۆنە و کێ بەشداری دەکات و چۆن عێراق لەڕێگەی گروپی میلیشایی لە شەڕەکە نزیک خراوەتەوە.
چوارەم: بەڕای گشتی عەرەبی و جیهانی و کوردیش دەڵێت، ئێمە ئامۆژگاریمان کردن و ڕاشكاوانە و ڕاستگۆیانە پێمان گوتن (شەڕی گەورە بەڕێوەیە، لێی دوورکەونەوە).
پێنجەم: شەڕ گۆڕانکاری لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بۆ هەندێک خراپە و بۆ هەندێکیش ڕەنگە سوود بەخش بێت.
دیماهی
بەهۆی ئەوەی گوتاری سەرۆک بارزانی هەڵگری ژمارەیەک پەیام و ستراتیژ و کردەی هەقیقی و نەخشەڕێگەیە، پێویستە لە شیکردنەوەیاندا لایەنە جۆراوجۆرەکان بدۆزرێنەوە. لەهەمان گاڤدا گوتارەکە هێزی دەسەڵات و حووکمی تێدایە، پیشگریمانە و هوشداری و داواکردن و نەخشەڕێگەی لەخۆ گرتووە، پێویستی بە شیکاری زمانەوانی و سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییە. ئەو لەسەرووی شتە بچووکەکان دەئاخڤێت، نایشارێتەوە (ئێمە هەموو براین، سەرکەوتنی کورد لە یەکگرتنە). بە واتایەکی ستراتیژی کوردستان، لەسەرووی هەموو شتەکانە، سەرۆک بارزانی کە ڕێبەری نەتەوەیە، قسە لە نیشتمان و شتە گەورەکان و ئەگەری گۆڕانکاریی حەتمی و کێشە و قەیرانە جدییەکان دەکات. پێشگریمانەی شەڕی گەورە دەکات. مەترسییەکان دەخاتە ڕوو.
لە ڕوانگەی شیکردنەوەی تیۆری کردەی قسە کە تیۆرێکی پراگماتیکییە، سەرۆک بارزانی بە قسە و گوتن و بەکارهێنانی وشە، چەندین کردەی بەکردەوە ڕادەپەرێنێت و ئەو زیاتر لەهەموو کەسێک شارەزاترە لە مامەلەکردن لەگەڵ چەمکی گوتار و بەکارهێنانی زمان و شتەکان. هیچ وشەیەک بێ ئەرک و بێ مەبەست لەنێو گوتارەکەی بەکار ناهێنێت، بۆیە لە کورتین گوتاردا، زۆرترین بابەت و ڕووداو و پێشهات و ئەرک و داوا و مەبەستمانمان پێ ڕادەگەیەنێت و لێکدانەوەش بە خوێنەر دەسپێرێت.
سەرچاوەکان:
سەرۆک بارزانی: تەنیا مەرجی سەرکەوتنی کورد، یەکگرتنە، ڕۆژنامەی خەبات، نیسان ٩، ٢٠٢٥، https://xebat.net/ku/?p=186736.
https://www.merriam-webster.com/dictionary/discourse
Seymour Chatman, Story and Discourse, Cornell Unversity press Ithaca and London, 1978
Christina Pazzanese, Harvard Staff Writer ,Should we be Worried about Rising Heat of Political Discourse? Yes
Should we be worried about rising heat of political discourse? Yes.
Should we be worried about rising heat of political discourse? Yes.
https://dictionary.cambridge.org/us/example/english/political-discourse#google_vignette
https://edinburghuniversitypress.com/book-political-discourse-analysis.html









