ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق، باڵوێزیی نوێی شانشینی یەکگرتوو لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵوێز خواست لە ئەرکەکەی و هەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی لە پێناو پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو.
باڵوێزی شانشینی یەکگرتوو ، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، کە ئەندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتیی شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، هەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە .
هەروەها ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ تاوتوێ کرا.