سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد. 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.

هاوکات باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران سوودانی بۆ هەولێر “لە چوارچێوەی پرەنسیپی پەیوەندی و گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دێت و حکوومەت دەیەوێت ئەم پرەنسیپە لەگەڵ سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسیدا بپارێزێت.”

لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عەوادی گوتی “سوودانی گفتوگۆ و ڕاوێژ دەکات کە بریتییە لە پێداچوونەوە بە پرسە هاوبەشەکان لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.”