خەبات ـ عەلی بانیشاری
جێگری سەرۆكی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، حكوومەتی عێراق ئامادەیە 52 ملیار دۆلار قەرەبووی دەوڵەتی كوێت بكاتەوە، بەڵام سەرەڕای بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكان و پەرلەمان و تەرخانكردنی بڕێك پارە لە بودجەی گشتیی عێراق، بەغدا تاوەكو ئێستا یەك هاووڵاتی زیانلێكەوتووی دەستی ڕژێمی بەعسی لە هەرێمی كوردستان قەرەبوو نەكردووەتەوە. شوان كەلاری دەڵێت: هەندێك پەرلەمانتار و سیاسیی كورد لێدوانی ناڕاست لەبارەی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەدەن و چەواشەكاری بڵاودەكەنەوە.
لە بودجە پارە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس تەرخانكراوە، بەڵام؟
شوان كەلاری، جێگری سەرۆكی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: بەگوێرەی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2010 (یاسای قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڕژێمی پێشووەوە زیانیان بەرکەوتووە) دەبێت حكوومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس لە تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بكاتەوە، بەڵام تا ئەم دەقەیە بەغدا هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە، ئەوە لە كاتێكدایە ملیارەها دینار و دۆلار قەرەبووی هاووڵاتییانی زیانلێكەوتووی باشوور و ناوەڕاستی عێراق كردووەتەوە. گوتیشی: ساڵانە لە بودجەی گشتیی عێراق بڕێك پارە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس تەرخان دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستە حكوومەتی عێراق لە هەموو پارێزگا و قەزایەكی باشوور و ناوەڕاست نووسینگەیەكی تایبەتی بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی زیانلێكەوتوو كردووەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەو نووسینگەیە بوونی نییە.
وەزیری دارایی عێراق: هیچ بڕە پارەیەكمان بەمەبەستی قەرەبوو بۆ هەرێم نەناردووە
شوان كەلاری ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی ڕابردوو نووسراوی ئاڕاستەی وەزیری دارایی عێراق كردووە و پرسیاری ئەوەی كردووە ئایا زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس لە هەرێمی كوردستان قەرەبووكراونەتەوە؟ لە وەڵامدا تەیف سامی بە نووسراوی ژمارە (26381) لە 8ـی تشرینی یەكەمی 2024 وەڵامی داوەتەوە و تێیدا هاتووە ((تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەكمان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس ڕەوانەی هەرێمی كوردستان نەكردووە)). كەلاری نیگەرانە لەوەی، هەندێك پەرلەمانتاری ئێستا و پێشووی عێراق و كەسی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لێدوانی ناڕاست دەدەن و دەڵێن (حكوومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعسی لە هەرێمی كوردستان كردووەته‌وه‌، بەڵام حكوومەتی هەرێم ئامادەنییە قەرەبووەكە بدات)، وەكو جێگری سەرۆكی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەوەی قسەی كۆتایی وەزیری دارایی عێراقە كە هیچ بڕە پارەیەك تایبەت بە قەرەبوو لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نەنێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان.
هەندێك پەرلەمانتار و سیاسی كورد چەواشەكاری دەكەن و لێدوانی ناڕاست دەدەن
شوان كەلاری لەبارەی ئەو پەرلەمانتار و سیاسییانەی بوون بە دەمڕاستی بەغدا دەڵێت: لێدوانی ئەو پەرلەمانتار و بەناو سیاسی و ڕۆشنبیرانە جگە لەوەی عەیبەیەكی گەورەیە، چەواشەكردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعسە و دەچێتە خانەی خزمەتكردن بەو عەقڵییه‌تی شۆڤێنییەی كە لە بەغدا ئامادەیی هەیە و دژی هەرێمی كوردستان ئیش دەكات، هەروەها لێدانێكی گەورەشە لە مافی ڕەوای زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو. دەشڵێت: ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی كورد بە وردی ئاگایان لەوەیە كە حكوومەتی عێراق ملیارەها دۆلار و دینار قەرەبووی زیانلێكەوتووانی دەستی بەعسی لە هەموو عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە و پرۆسەكەش بەردەوامە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق زیاتر گوتی: لەبری ئەوەی ئێمە شەڕی ئەوە بكەین بەغدا هاوشێوەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق قەرەبووی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش بكاتەوە، كەچی ئەو پەرلەمانتار و سیاسییانە بەپێچەوانەوە كار دەكەن و بوون بە داردەستی بەغدا و دژی حكوومەتی هەرێم وەستاونەتەوە، ئەوەی بەغدا شەرم دەكات بیڵێت ئەوانەی لای خۆمان دەیڵێن، ئەوەتا بەغدا خۆی دەڵێت (قەرەبووی خەڵكی كوردستانم نەكردووەتەوە، كەچی ئەوانەی خۆمان كە بەدەنگی خەڵكی كوردستان چوونەتە بەغداد دەڵێن بەغدا قەرەبووی كردوینەتەوە)!
ئەوەشی گوت: ئەم پەرلەمانتار و بەرپرسانەی كوردستان لەبری ئەوەی نوێنەری خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن لە بەغدا و شەڕی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بكەن، بوون بە دەمڕاست و نوێنەری بەغدا و شەڕ لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و خەڵكی كوردستان چەواشە دەكەن.
حكوومەتی عێراق ئامادەنییە قەرەبووی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكاتەوە
شوان كەلاری باسی لەوەكرد، پێشتر لیژنەیەكی باڵا لە هەرێمی كوردستان بۆ خەملاندنی ئەو زەرەروزیانانەی هاووڵاتییان لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس بەریانكەوتووە پێكهێنرا، لیژنەكە خوالێخۆشبوو دكتۆر سەعدی بەرزنجی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خاتوو چنار سەعد عەبدوڵڵا، وەزیری پێشووی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی تێدا بوو. ئه‌و كات نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، هەموو ڕێكارەكانی خەملاندنی زیانەكان لەلایەن لیژنەكەوە تەواو كرا و ئاڕاستەی بەغدا كرا، تەنیا ئەوەندەی مابوو پارەكە خەرج بكرێت، بەڵام حكوومەتی عێراق ئامادەنەبوو هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكان، دەبووایە حكوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی هەڵبگرتایە
بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2010 هەر هاووڵاتییەكی عێراقی (خانوو، باخ، مەڕوماڵات، ئۆتۆمبێل، زەوی) لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس داگیركرابێت یان ڕووخابێت و لەناوچووبێت قەرەبووی مادی دەیگرێتەوە. شوان كەلاری دەڵێت: بەپێی ناوەڕۆكی یاساكە هەموو جۆرە زیانێكی مادی قەرەبوو دەكرێتەوە. دەشڵێت: ئەو خەمڵاندنەی لەلایەن لیژنەی باڵاوە لە هەرێمی كوردستان كراوە سەرەتا بە زێڕ بووە و پاشان زێڕەكە كراوە بە پارە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی گوت: لە هەرێمی كوردستان ئامارێكی دروستمان لە بەردەست نییە بۆ ئەوەی بزانین چەند هەزار كەس لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس زەرەرمەندبوون.
جێگری سەرۆكی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند: تاوەكو ئێستا یەك هاووڵاتی زیانلێكەوتووی دەستی ڕژێمی بەعس لە هەرێمی كوردستان قەرەبوو نەكراوەتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆسەی ئەنفالی بە تاوانی جەنگ و جینۆساید ناساندووە، بەگوێرەی ئەو دانپێدانانە دەبوایە ڕاستەوخۆ حكوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی هەڵبگرتایە و قەرەبووی زیانلێكەوتووانی بكردایەتەوە.