یونس حەمەد – ئۆسلۆ
فلادیمێر زلینیسكی ( 1978) سەرۆكی كۆماری ئۆكڕاینا، لەماوەی ڕابردودا دوای سەردانیكردن بۆ ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، سەردانی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپای كرد، ئەمەش لە چوارچێوەی كۆكردنەوەی زۆرترین یارمەتی، چ دارایی یاخوود ورەیی بۆ وڵاتەكەی . ئەگەرچی تائێستا بە درووستی هیچ لەبارەی ناوەڕۆكی سەردانەكەی بۆ واشنگتۆن نازانرێت، ئەوەی لە میدیا و ڕاگەیاندنەكان نەبێت،جگە لە گرژیەكەی نێوان ترامپ و زلینیسكی هیچی تر نازانرێت لەپشت پەردەوە چی گووتراوە و چ گووزەر بووە !، لە( ئەتەكێتی ) سەردانە فەرمییەكاندا چەندین شێواز لەپڕۆتۆكۆڵ بەرچاو دەخرێن،بەڵام لە هەمبەریشدا چەندانی تریش لە كۆبوونەوەی داخراودا ئەنجام دەدرێت .
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سەرۆكی ئۆكڕاینا كە لە زۆر شوێن و دەوڵەتدا وەك سەرۆكێكی بریندار ناوی دەبرێت، ئەمیش بە هۆكاری ئەو جەنگەی لەگەڵ ڕووسیا دووچاری بۆتەوە، سەردانی ئەوروپای كرد، لەم سەردانەیدا بۆ زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی بە گەرمیەكی ڕادەبەدەر پێشوازی لێكرا، ئەوەی بینرا پێچەوانەی واشنگتۆن بوو. پاڵپشتی سیاسی و دارایی و مۆڕاڵی بەرزی لەم وڵاتانە لێ كرا، وێستەگەكان زۆرن بوون وپایتەختەكانی ئەوروپا بە چاوێكی پاڵەوان، لەلایەكی دیكەوە بەزەیی لەپێشوازیدابوون، لەندەن، پاریس، برۆكسل و بەرلین، ئۆسلۆ بە ئاشكرا پشتگیری تەواویان بۆ كێیڤ دەربڕی و دووپاتكردەوە، نەوەك هەر پشتگیری دارایی،بەڵكو سیاسی و یارمەتیدانی بە دابینكردنی چەك بە بەرزترین شێوە،لەمەدا زیلینسكی لە ئەوروپا دڵخۆش دیاربوو، بە دابینكردنی جۆرێك لە دڵنیایی لەو وڵاتانەی كەوا هەر لە سەرەتاوە دژی ڕووسیا هەنگاویان نا . ئۆسلۆ وەك پایتەختی وڵاتێكی ئەورووپی و ئەسكەندەنافی و هاوسنوور لەگەڵ ڕووسیا، وێڕای ئەندامی ناتۆ، لە سەرەتای مانگی مارس پەرلەمانەكەی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر زیادكردنی 50 ملیار كرۆن (47.2 ملیار دۆلاری ئەمەریكی) بۆ ئۆكراینا، بەمەش كۆی گشتی هاوكارییەكان تا ساڵی 2025 دەگاتە 85 ملیار كرۆن، پاڵپشتییە زیادەكان بۆ تەقەمەنی تۆپخانە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و وەبەرهێنان لە پیشەسازی بەرگری ناوخۆیی ئۆكراینا دەچێت، ئەم كۆی یارمەتیانە بە گوێرەی گوتەی یۆناس گێر ستۆر ( 1960 ) سەرۆك وەزیرانی نەرویژ دێت . ئۆسلۆ یەكێكە لەپایتەختە هەر گرنگەكانی ئەوروپا و جیهان لە ڕووی ئابووری ستاندەرد و پتەو، هەروەها لە بواری ئاشتیدا بەردەوام ڕۆڵی كاریگەری هەیە لە بنیاتنانەوەی ژێر خانەكان، لێرەدا كێیڤ، ئۆسلۆ بە شوێنێكی پڕ بایەخ دەزانێت بۆ یارمەتیدانی سوپاكەی بەتایبەتی لە هەنگاوە سەربازییەكاندا،چونكە نەرویژ یەكێكە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری چەك و تەقەمەنی . ئەوروپا بە گشتی بۆ ئۆكڕایناكان پڕ پایەخە، ڕووكردنی سەرۆكی وڵاتەكەیان بۆ پایتەختەكانی ئەوروپا نەخشەیەكی فراوان لە درووستكردنی متمانە نێوان كێیڤ و بەرلین وپاریس و لەندەن و ئەمستەردام و هتد زیاتر دەكات، نەخاسمە لە كاتی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی و ئابووری كە دوور نیە لە هەر كات و ساتێكدا ڕوو بدەن،چونكە ئەمە جەنگە، فراوان دەبێت، یان ئاشتی بەدواوە دێت.